rojanpress.ir | یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند

یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند

هەندێک جار، مێژوو بە قسەی براوەکان ناناسرێت؛ بەڵکو بەو بەڵگانە دەناسرێت کە دوژمنان و نەیاران لەسەر ترس و نیگەرانی خۆیان نووسیویانە. زۆرجار ئەو شتەی بۆ خەڵکی و هاووڵاتیان ئاسایی دیارە، لە چاوی دەسەڵاتەکان و نەیاراندا دەبێتە مەترسییەکی گەورە. لەبەر ئەوە، خوێندنەوەی بەڵگە فەرمییەکان، زۆرجار ڕێگایەکی گرنگە بۆ ناسینی هێز و کاریگەریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا.
یەکێک لەو بەڵگانە، نامەیەکی فەرمییە لە ئەمینولسولتان (میرزا عەلی ئەسکەرخانی ئەتابەکی ئەعزەم)، سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی قاجار، کە لە ئەرشیڤی دامەزراوەی توێژینەوەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران (مؤسسه مطالعات تاریخ معاصر ایران) پارێزراوە و بۆ یەکەم جار لە کاناڵی ژینی ڕۆشنبیرانە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی عێلی جاف و هەمەوند  لێکۆڵینەوەیەکی لە سەر دەکەین ئەم نامەیە، کە پەیوەندی بە بارودۆخی ناوچەی جاف و هەمەوەندەوە هەیە، بەڵگەیەکی دەستەیەکەمە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی دەوڵەتی قاجار لە بەرامبەر یەکگرتوویی هۆزە کوردییەکان.
لە بەشێکی گرنگی نامەکەدا هاتووە:
«در باب همدستی جاف و احمدوند که مرقوم رفته بود... به جاسوسهای معتبر در میان آنها داشته باشند که هر وقت بخواهند حرکتی بکنند فورا اطلاع بدهند...»
وەرگێڕانی مانای ئەم دەقە بە کوردی بریتییە لە:
«سەبارەت بە یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند... پێویستە سیخوڕانی جێی متمانە لە ناویاندا هەبن، تاکو هەر کات ویستیان هەنگاوێک بنێن، دەستبەجێ ئاگادارمان بکەن...»
گرنگی ئەم بەڵگەیە تەنیا لە ناوەڕۆکی نامەکەدا نییە، بەڵکو لەو شتەدایە کە بە ناڕاستەوخۆ ئاشکرای دەکات. ئەمینولسولتان باس لە شەڕ یان هێرشێکی سەربازی ناکات؛ بەڵکو سەرنجی دەخاتە سەر هاودەنگی و یەکگرتوویی نێوان جاف و هەمەوەند و چارەسەریش لە هێرشی سەربازی نابینێتەوە، بەڵکو لە سیخوڕناردن، چاودێریکردن و زانینی ناوخۆیی دەبینێتەوە. ئەمە خۆی بەڵگەیەکی ڕوونە کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی قاجارەوە، مەترسی ڕاستەقینە نە شمشێر و چەک، بەڵکو متمانە و یەکگرتوویی نێوان هۆزەکان بووە.
ئەم نامەیە، لە هەمان کاتدا، قورسایی و مانای هەڵوێستی مستەفاخانی باوەجانی دەردەخات. چونکە ئەو یەکگرتووییەی دەوڵەت لێی دەترسا، بە ڕێککەوت دروست نەبووبوو؛ بەڵکو بەرهەمی ژیرمەندی، نیشتمانپەروەری و بڕیارە مێژووسازەکانی حاکمێک بوو کە لە ساتی تاقیکردنەوەدا، پاراستنی شەرەف و برایەتیی کوردی بەسەر بەرژەوەندییە کاتییە سیاسییەکاندا هەڵبژارد.
بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەو یەکگرتووییە دروست بوو و بۆچی دەوڵەتەکانی ئەو سەردەمە تا ئەو ئاستە لێی نیگەران بوون، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی ئەو قۆناغە؛ واتە پەنابردنی هەمەوەندەکان بۆ دەسەڵاتی جاف و هەڵوێستی مێژووسازی مستەفاخانی باوەجانی لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە.
ئەگەر نامەی ئەمینولسولتان بە وردی بخوێندرێتەوە، پرسیارێکی گرنگ دەورووژێنێت:
بۆچی دەوڵەتی قاجار لە یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند تا ئەو ئاستە نیگەران بوو کە داوای سیخوڕناردن لە ناویاندا بکات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە چەند ساڵ پێش نووسینی ئەو نامەیەدا بدۆزرێتەوە؛ لەو ساتە مێژووییەی کە سەدان بنەماڵە و خێزانی هەمەوەند، دوای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شەڕ، زەخت و ئاوارەیی، پەنا بۆ دەسەڵاتی جاف و حاکمی جاف مستەفاخانی باوەجانی دەبەن.
لەو قۆناغە هەستیارەدا، مستەفاخان لە بەرامبەر بڕیارێکی ئاسان نەوەستا. لە یەک لایەوە، فشار و داواکارییەکانی دەوڵەتی ناوەندی و عوسمانی هەبوون بۆ ڕادەستکردنەوەی پەنابەران؛ لە لایەکی دیکەش، بەرپرسیاریی مێژوویی و ئەخلاقی لە بەرامبەر هاونەتەوەکانی خۆی. ئەو دەیتوانی لە پێناوی دەسکەوتی پۆست و دەسەڵات، ئەوان ڕادەست بکات؛ بەڵام ئەو ڕێگایەی هەڵنەبژارد. بە پێچەوانەوە، بە وەڵامێک کە تا ئێستا لە مێژووی جاف و هەمەوەنددا وەک دەربڕینی شەرف و نیشتمانپەروەری دەمێنێتەوە، ڕایگەیاند:
«ئەوان مێوان نین؛ ئێرە ماڵی خۆیانە و ئێمەش ناتوانین سەرشۆڕی بۆ خۆمان لە مێژوو تۆمار بکەین.»
ئەم وتەیە، هەم وەڵامێکی سیاسی و هەم دەستوری بیرکردنەوەی حاکمێک بوو کە سنووری عێل و هۆز و عەشرەت و تایفەی تێپەڕاندبوو. لە دیدی مستەفاخانەوە، هەمەوەندەکان مێوان نەبوون؛ چونکە مێوان کاتێک دەڕوات، بەڵام هاونیشتمان و هاوچارەنووس هەمیشە بەشێکن لە یەک پیکەری کۆمەڵگا. بەم هۆیە، پاراستنیان هەم ئەرکێکی ئەخلاقی و هەم بەرپرسیارییەکی نیشتمانی بوو.
لەم هەڵوێستەدا، لێهاتوویی سیاسی مستەفاخان بە ئاشکرایی دەردەکەوێت. ئەو دەیزانی کە هێزی هەر دەسەڵاتێک جیا لە ژمارەی سپا و چەکەکانی، بە ڕادەی متمانەی خەڵک و هاوپەیمانەکانی پەیوەندی هەیە. بۆیە بە پاراستنی پەنابەران، لە ڕاستیدا بناغەی متمانە و یەکگرتوویی نێوان جاف و هەمەوەندی پتەوتر کرد.
ئەمە هەر ئەو یەکگرتووییە بوو کە دواتر لە نامەی ئەمینولسولتاندا وەک مەترسییەکی گەورە بۆ دەوڵەتی قاجار باس لێوە دەکرێت. واتە، بەڵگە نوێی مێژووییەکە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ترسی دەوڵەت، لە ئەنجامی ئەو بڕیارە مێژووسازەی مستەفاخان سەرچاوەی گرتبوو.
بەم شێوەیە، پاراستنی هەمەوەندەکان تەنیا بەسەرهاتێکی مرۆیی نەما، بەڵکوو بوو بە بنەمای هاوپەیمانییەک کە هێندە بەهێز بوو، تا دەوڵەتە ناوەندییەکان ناچار بوون لە جیاتی گفتوگۆ و ئاشتی، بیر لە سیخوڕناردن، چاودێریکردن و شکاندنی متمانەی ناوخۆیی بکەن. لێرەوەیە کە مێژوو  ڕوون و خۆئاگامان دەکاتەوە: زۆرجار، ئەوەی دوژمن لێی دەترسێت، هێزی چەک نییە؛ بەڵکوو هێزی یەکگرتوویی و متمانەی نێوان خەڵکە.
ئەگەر هەڵوێستی مستەفاخانی باوەجانی بناغەی یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند بوو، ئەوا نامەی ئەمینولسولتان ئاشکرای دەکات کە سیاسەتی دەوڵەتی قاجار، لە بەرامبەر ئەو یەکگرتووییەدا، سیاسەتی چاودێری، سیخوڕناردن و دابەشکردن بوو. ئەم بەڵگەیە بە ڕوونی نیشان دەدات کە دەوڵەتە ناوەندییەکان باش دەیانزانی هێزی ڕاستەقینەی جاف، جیا لە ژمارەی سپا و چەکەکانی زۆرتر لە متمانە، برایەتی و هاوپەیمانی نێوان هۆزەکاندا بوو.
لە مێژووی سیاسی جیهاندا، زۆرجار دەوڵەتەکان کاتێک ناتوانن بە هێزی سەربازی سەرکەون، ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی دەبن. لە جیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، هەوڵ دەدەن گومان، ناکۆکی و دووبەرەکی بخەنە ناو ئەو کۆمەڵگانەی کە یەکگرتووییان هێزیانە. نامەی ئەمینولسولتان، وەک بەڵگەیەکی فەرمی، بە باشترین شێوە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت. داواکردنی سیخوڕانی جێی متمانە لە ناو جاف و هەمەوەند، هەم بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بوو؛ هەم دەستپێکی سیاسەتێک بوو کە ئامانجی شکاندنی متمانە و لاوازکردنی یەکڕیزی بوو.
لە پاش ئەو ڕووداوانە، مێژوو ئەوەش نیشان دەدات کە شەهیدبوونی مستەفاخانی باوەجانی لە ساڵی ١٩٠٩ زایینی، لەدەستچوونی دەسەڵاتدار و حاکمێک نەبوو؛ بەڵکوو سەرەتای لاوازبوونی یەکگرتوویی دەسەڵاتی جاف بوو. دابەشبوونی دەسەڵات، زیادبوونی ململانێ ناوخۆیی و دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان، ئەو هەلومەرجەیان ڕەخساند کە دەسەڵات و یەکڕیزییەکی چەندین دەیەیی، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پارچەپارچەبوون بچێت. ئەوەی دوژمن بە سیخوڕ و پیلان دەستی پێکرد، لە کۆتاییدا بە دابەشبوونی ناوخۆ بەشێکی گرنگی ئامانجەکانی پێک هێنا.
بەڵام ئەم بەسەرهاتە، تەنیا لاپەڕەیەکی مێژوویی نییە؛ میراتێکە بۆ ئەمڕۆ. ئەگەر سەدەیەک لەمەوبەر، یەکگرتوویی جاف و هەمەوەند هێندە بەهێز بوو کە سەرۆک وەزیرانی قاجار لە تاران باسی سیخوڕناردنی بۆ دەکرد، ئەوا ئەمڕۆش دەبێت بزانین کە هەر یەکگرتووییەک، پێش هەر شتێک، ئامانجی نەیاران دەبێت. مێژوو بە فێرکردنەوەی خۆی دەڵێت: زۆرجار هێرشەکان لەسەر خاک دەست پێ ناکەن؛ لەسەر متمانە دەست پێدەکەن.
لەبەر ئەوە، میراتی دەسەڵاتداری مستەفاخانی باوەجانی حاکمی جاف هەر لە ئازایەتی و لێهاتوویی سەربازییدا نییە. گەورەترین میراتی ئەو، پاراستنی شەرەفی پەنابەر، بەرزڕاگرتنی برایەتی و تێگەیشتن لەو ڕاستییە بوو کە بەرژەوەندیی نیشتمان، لەسەر هەموو بەرژەوەندییە تاک و هۆزییەکاندا پێشەوەیە. ئەو کاتێک هەمەوەندەکانی بە مێوان نە، بەڵکوو بە خاوەن ماڵ ناساند، لە ڕاستیدا بنەمای ڕەوت و ڕوانگەیەکی نیشتمانپەروەرانەی دانا کە سنووری عێل و عەشرەتی تێپەڕاندبوو.
ئەم وتارە بانگەوازێکە بۆ خوێندنەوەی مێژوو، نەک هەر بۆ ناسینی ڕابردوو، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و پاراستنی داهاتوو. گەلی کورد، و بە تایبەتی خەڵکی عێلی جاف، میراتێکی گەورەیان لە دەستدایە؛ میراتی برایەتی، متمانە و یەکگرتوویی. ئەو میراتە بە خوێن و قوربانیدان پارێزراوە و نابێت بە دەنگۆ، گومان، بەرژەوەندیی کاتی یان هاندانەکانی دەرەوە لاواز بکرێت.
کاتێک بەڵگەیەکی فەرمی وەک نامەی ئەمینولسولتان ئاشکرا دەکات کە نەیاران هەر لەو سەردەمەدا یەکگرتوویی جاف و هەمەوەندیان بە مەترسی دەزانی، ئەوە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی بزانین هێزی ڕاستەقینەی ئەو گەلە لە کوێدا بووە. ئەمڕۆش هەمان یاسای مێژوو بەردەوامە:
هەر نەتەوەیەک بتوانێت متمانە و یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت، دەتوانێت مێژووی خۆشی بپارێزێت؛ بەڵام کاتێک یەکڕیزی لەدەست بدات، دوژمن پێویستی بە شەڕی گەورە نامێنێت.
لەبەر ئەوە، مێژووی جاف و دەسەڵاتداری مستەفاخانی باوەجانی، مێژووی کەسێک یان هۆزێک نییە؛ بەڵکوو مێژووی هزرێکە. هزری ئەوەی کە یەکگرتوویی، بەهێزترین قەڵای نەتەوەیە؛ و پاراستنی، باشترین ڕێزگرتنە لە میراتی باپیران.
-------------------------------
سپاس و پێزانینی کاک د. محەمەد یەعقووبی هێژا دەکەم بۆ یارمەتیدانی لە خوێندنەوەی دەقی نامەی ئەمینولسولتان.
سەرچاوەکان
* کۆمەڵەی شیعری فەقێ قادری هەمەوەند، کۆکردنەوە و ڕاستکردنەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و فاتح عەبدولکەریم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق. بەغدا-١٩٨٠
* ئەرشیڤی دامەزراوەی توێژینەوەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران (مؤسسه مطالعات تاریخ معاصر ایران) نامەی امین السلطان.
* د.محەمەدعەلی سولتانی، جوغرافیای مێژوویی و مێژووی گرینچۆی کرماشان(جغرافیای تاریخی و تاریخ مفصل کرمانشاهان)
* مامۆستا ناسر هاشمی، مێژووی سەلاسی باوەجانی
* سەید محەمەدی هاشمی خانەشووری، کۆرتەیەک له ژیاننامەی مۆستەفاخانی باوەجانی نازناو بە (مسعودالسلطنە)

11 مرداد 1405, 14:58
بازگشت