rojanpress.ir | زلزلە، زامەکان و مرۆڤی خاوەن ئاوەزا/ عادڵ مرادپور

زلزلە، زامەکان و مرۆڤی خاوەن ئاوەزا/ عادڵ مرادپور

تێبینی: ئەم دەقە، دەقی سەرەتایی ئەم وتارەیە و لە چاپی کتێبی «ژیانی ڕۆشنبیرانە»دا بە شێوەیەکی تەواوکراو و پێداچوونەوەی نوێ بڵاودەکرێتەوە.
هەندێک ڕووداو هەن کە بە ژمارە و ڕێژە ناپێورێن. مێژوو دەتوانێت تۆمار بکات بوومەلەرزەکە لە چ کاتژمێرێکدا ڕوویدا، ڕێژەی لەرزینەکە چەند بوو، ناوەندی بوومەلەرزەکە کوێ بوو و چەند چرکەی خایاند؛ بەڵام ناتوانێت ئەو ترسە بنووسێت کە لە چاوی منداڵێکدا دەدرەوشێتەوە، ئەو بێدەنگییەی دوای لەرزین لە دڵی باوکێک نیشتەجێ دەبێت، یان ئەو هەناسە قورسەی دایکێک کە بە یەک دەست منداڵەکەی دەگرێت و بە دەستی دیکە هەوڵی پاراستنی ژیانی دەدات.

ئەم بەیانییەی دووشەممە، ٢٩ی پووشپەڕی ١۴۰۵ی هەتاوی، بە سەنتەری و نزیکی شاری کۆزەرانی سەر بە پارێزگای کرماشان زەوی دووجار لەرزی؛ بەڵام ئەوەی تەنیا لەنێو ماڵەکاندا نەلەرزی، دڵنیاییەکانی ئێمە بوون. ئەو دڵنیاییەی پێمان وابوو ماڵەکانمان پەناگەن، دیوارەکانمان پارێزەرن و سبەینێ وەک دوێنێ بە ئارامی دێت، لە چەند چرکەیەکدا تاقیکرایەوە. لە ساتێکدا، هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ بە دەستەکانی خۆی دروستی کردبوون، لەبەردەم هێزێکی سرووشتی بێدەنگدا سنوورداری و ناسکی خۆیان نیشاندا.

لەو ساتەدا، خەڵک نەهاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی یەکتر بناسن؛ چونکە پێشتر یەکتریان ئەناسی. هاتنە دەرەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر بمێنن. لە کاتی ترسدا، بوونی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، پێش هەر پەناگەیەکی تر، خۆی پەناگەیە. هەندێک جار تەنیا ئەوەی هەست بکەیت کەسێک لە تەنیشتتە، بۆ ئەوە بەسە کە ترس هەموو دەسەڵاتی خۆی لەدەست بدات. شەقامەکان، کە هەمیشە شوێنی هاتووچۆ بوون، ئەو ڕۆژە بوونە شوێنی هاوبەشبوونی ترس، هیوادان و هاوسۆزی. لەو ساتەدا، جیاوازیی نێوان دەوڵەمەند و هەژار، فەرمانڕەوا و فەرمانبەر، زانا و نەخوێندەوار، کەمڕەنگ دەبێتەوە؛ چونکە سرووشت هەمووان بە یەک زمان بانگ دەکات، ئێوە پێش هەر شتێک، مرۆڤن.

شاید گەورەترین وانەی بوومەلەرزە ئەوە نەبێت کە زەوی دەلەرزێت؛ بەڵکوو ئەوە بێت کە دڵنیاییەکانی ئێمە دەلەرزێنێت. لەو ساتانەدا مرۆڤ تێدەگات کە ژیان، هەرچەند بەهێز دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا لەسەر بناغەیەکی ناسک وەستاوە. هەروەها دەزانێت کە بناغەی ژیان تەنیا بە بەرد و سیمان دروست نابێت؛ بە متمانە، هاوسۆزی، میهرەبانی و هیوادانیش دەوەستێت. بەڵام ئەگەر بوومەلەرزە بە چەند چرکەیەک هێمن دەبێتەوە، زلزلەیەکی تر هەیە کە ساڵانەیە کۆمەڵگا لە ژێر کاریگەریی دایە؛ زلزلەی شەڕ، زلزلەی گرانی، زلزلەی هەژاری، زلزلەی نادادپەروەری، زلزلەی بێ‌هیوایی و زلزلەی ئەو خامۆشییەی کە هێواش هێواش ویژدانی کۆمەڵگا دەخوات.

کارەساتە سرووشتییەکان هەندێک جار دیوارەکان دەڕووخێنن، بەڵام کارەساتە مرۆییەکان زۆرجار دڵەکان دەڕووخێنن. ئەوەڵدانەیان، خانووەکان وێران ئەکات؛ دوومدانەیان، متمانە. ئەوەڵینیان، برینی لەش دروست ئەکات؛ دوومیندانە، برینی ڕۆح. ئەوەڵی، دوای چەند ڕۆژ یان چەند مانگ هێمن دەبێتەوە؛ بەڵام دووەمی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت ببێتە زامێکی درێژخایەن لە ژیانی تاک و کۆمەڵگا. لێرەوەیە کە بوومەلەرزە تەنیا ڕووداوێکی سرووشتی نامێنێت؛ دەبێتە دەستپێکی پرسیارێکی گەورەتر؛ پرسیارێک کە تەنیا زانستی زەوی‌ناسی وڵامی بۆ نییە، بەڵکوو فەلسەفە، ئەخلاق و مرۆڤایەتی دەبێت وڵامی بدات.

لە سەردەمی ئەم هەموو لەرزینانەدا، کێ دەتوانێت هێمنی بپارێزێت؟ کێ دەتوانێت لە ناو زامەکانی سەردەمدا هێشتا چرای هزر، میهرەبانی و بەرپرسیارێتی هەڵگرێت؟

شاید وڵامی ئەم پرسیارە لە چەمکێکدا کۆببێتەوە کە لە زمانی کوردی سۆرانی زاراوەی جافیدا واتایەکی قووڵ و مرۆڤانە هەڵدەگرێت؛ «مرۆڤی خاوەن ئاوەزا.» ئەگەر بوومەلەرزە بە ئێمە ئەوە فێر ئەکات کە زەوی هەمیشە ئارام نییە، زامەکانی سەردەمیش فێرمان ئەکەن کە ژیانی مرۆڤ هەرگیز بە تەواوی لە لەرزین بەدەر نییە. جیاوازیی نێوان ئەم دووانە تەنیا لەوەدایە کە یەکێکیان زەوی دەجوڵێنێت و ئەوی دیکەیان ویژدان.

لە سەردەمی ئێمەدا، زلزلە هەر ئەوە نییە کە شاخ و دۆڵ و شار و گوند بلەرزێنێت. بەڵکوو هەندێک جار بوومەلەرزەی شەڕ، جیهانی مرۆڤ دەلەرزێنێت، هەندێک جار زلزلەی گرانی سفرەی خەڵک، هەندێک جار نادادپەروەری متمانە، هەندێک جار درۆ ڕاستی و هەندێک جاریش بێدەنگی، ویژدانی کۆمەڵگا دەلەرزێنێت. زۆرجار ئەو زلزلانەی بە چاو نابینرێن، لەو زلزلانە ترسناکترن کە بە چاو دەبینرێن؛ چونکە ئەوان خانووەکان ناڕووخێنن، بەڵکوو بناغەی مانەوەی مرۆڤایەتی لاواز دەکەن.
لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی لەبەردەم ئێمەدا دادەنرێت، لە ناو ئەم هەموو لەرزین و زامانەدا، ئەرکی مرۆڤ چییە؟ ئایا تەنیا چاوەڕوانی ئارامبوونی زەوی بکات، یان هەوڵ بدات ئارامی بۆ دڵ و هزر و کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە؟
لە زاراوەی جافیدا وشەیەک هەیە کە بە ڕای من، قووڵتر لە پێناسەیەکی زمانەوانییە؛ ئەویش «ئاوەزا»یە. کاتێک دەگوترێت «مرۆڤی خاوەن ئاوەزا»، مەبەست تەنیا مرۆڤێکی زیرەک یان خوێندەوار نییە. مەبەست مرۆڤێکە کە هێزی تێگەیشتن و دەرککردنی ڕووداوەکان، ویژدانی هەستکردن بە ئازاری خەڵک، و ئازایەتی وەستان لە بەرامبەر درۆ و نادادپەروەری هەیە. ئاوەزا، هاوکات عەقڵە، تێگەیشتنە، دەرک و شعوورە و بەرپرسیارێتییە. بۆیە مرۆڤی خاوەن ئاوەزا، پێش هەر شتێک، مرۆڤێکی بەرپرسیارە. ئەو تەنیا بینەری ڕووداوەکان نییە؛ بەڵکوو هەوڵدەدات لە مانایان تێبگات و لەو مانایەدا ئەرکی خۆی بدۆزێتەوە. لە کاتی شەڕدا بانگەواز بۆ ئاشتی ئەکات؛ لە کاتی گرانی و هەژاریدا دەنگی دادپەروەری دەبێت؛ لە کاتی ترسدا هیوایە، و لە کاتی بێدەنگیدا قسە ئەکات.
ئەمەش بەو مانایە نییە کە مرۆڤی خاوەن ئاوەزا ترسی نابێت. نا، ئەویش وەک هەموو مرۆڤێکی تر لە بوومەلەرزەدا دڵی دەلەرزێت، لە شەڕدا خەمبار دەبێت و لە ئازاری خەڵکدا ئازار دەکێشێت. بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە ناهێڵێت ترس، هزرەکەی بکاتە دیل، و خەم، ویژدانی بخنکێنێت. ئەو دەزانێت مرۆڤایەتی لە کاتی ئاسودەییدا ناپێورێت؛ بەڵکوو لە کاتی کارەساتدا دەردەکەوێت. لەبەر ئەوە، مرۆڤی خاوەن ئاوەزا، لە هەموو سەردەمێکدا، پێش ئەوەی داوای گۆڕینی جیهان بکات، هەوڵدەدات چرای هزر و میهرەبانی لە ناخی خۆیدا پارێزێت. چونکە دەزانێت ئەگەر ئەو چرا بکوژێتەوە، تاریکی تەنیا لە دەرەوە نابێت؛ لە ناو مرۆڤیش نیشتەجێ دەبێت.
شاید لێرەوە دەستپێکی ڕاستەقینەی بەرپرسیارێتی ڕۆشنبیرانەش بێت؛ ئەوەی کە قەڵەم، تەنیا ئامرازێکی نووسین نەبێت، بەڵکوو ببێتە شێوازێک بۆ پاراستنی ویژدان و بەدیهێنانی هیوای مرۆڤ لە ناو سەردەمێکی پڕ لە لەرزین. ئەگەر مرۆڤی خاوەن ئاوەزا ئەرکێکی هەبێت، ئەو ئەرکە تەنیا لێکدانەوەی ڕووداوەکان نییە؛ بەڵکوو دۆزینەوەی مانایە. ڕووداوەکان درووستە ڕووداون، بەڵام ئەوەی مێژوو دروست ئەکات، شێوازی وەڵامدانەوەی ئێمەیە. هەر بۆیە، هەندێک جار نووسین لە خۆیەوە گرنگتر لە ڕووداوەکە دەبێت؛ چونکە ڕووداو تێدەپەڕێت، بەڵام وشە دەتوانێت لە بیرەوەریی کۆمەڵگادا بمێنێتەوە و ببێتە چرایەک بۆ داهاتوو.
نووسین، ئەگەر لە ویژدانەوە سەرچاوە بگرێت، تەنیا چالاکییەکی ئەدەبی نییە؛ جۆرێکە لە بەرپرسیارێتیی مرۆیی. قەڵەم، لە دەستی مرۆڤی خاوەن ئاوەزادا، ئامرازێک نییە بۆ دروستکردنی وشەی جوان، بەڵکوو هۆکارێکە بۆ پاراستنی ڕاستی، بۆ بەدەنگهێنانی بێدەنگان، و بۆ ئەوەی هیوای مرۆڤ، لە ژێر بارە قورسەکانی ژیاندا، نەشکێت. هیچ وتارێک ناتوانێت ماڵێکی ڕووخاو دووبارە بنیاد بنێت، منداڵێکی گیانلەدەستداو بگەڕێنێتەوە، یان شەڕێک بوەستێنێت. بەڵام وتار دەتوانێت شتێکی تر بکات؛ دەتوانێت نەهێڵێت دڵەکان وێران بن، ویژدانەکان بمرن و مرۆڤ، لە ژێر بارودۆخی کارەساتدا، مرۆڤبوونی خۆی لەبیر بکات.
لەبەر ئەوە، نووسین لەم سەردەمەدا، گێڕانەوەی ڕووداوەکان نییە؛ جۆرێکە لە دەرمانکردنی بیرەکان. جۆرێکە لە ساڕێژکردنی برینەکان. نەک بەو مانایەی هەموو ئازارێک لەناو دەبات، بەڵکوو بەو مانایەی ناهێڵێت ئازار، تاکە زمانی مرۆڤ بێت. وشەی باش ناتوانێت لەرزینی زەوی بوەستێنێت، بەڵام دەتوانێت دڵێکی لەرزۆک ئارام بکات؛ ناتوانێت شەڕ کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام دەتوانێت هزرێک بەرەو ئاشتی ڕێنوێنی بکات.
شاید بۆیە کاتێک زەوی دەلەرزێت، مرۆڤ زیاتر لە هەمیشە پێویستی بە قەڵەم هەیە؛ نەک بۆ تۆمارکردنی کارەسات، بەڵکوو بۆ پاراستنی مانای ژیان. ئەو کاتە نووسین دەبێتە پلەیەک لەنێوان ترس و هیوادا، لەنێوان ڕووخانی دیوار و پاراستنی ویژداندا، و لەنێوان زام و ساڕێژبووندا.
لەوانەیە ئێمە هەرگیز نەمانتوانێت لەرزینی زەوی بوەستێنین؛ هەروەها هەرگیز نەتوانین هەموو شەڕ، هەموو نادادپەروەری و هەموو زامەکانی سەردەم لەناو ببەین. بەڵام دەتوانین نەهێڵین لە ناو ئەم هەموو لەرزینانەدا، ویژدانمان بڕووخێت، هیوامان بکوژێتەوە و ئاوەزامان بێدەنگ بێت.
ئەگەر مرۆڤی خاوەن ئاوەزا بتوانێت لە ناو ئەم هەموو زامانەدا، هێشتا چرای هزر، میهرەبانی، دادپەروەری و بەرپرسیارێتی هەڵگرێت، ئەوا سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە زەوی هەرگیز نەلەرزێت؛ سەرکەوتنی ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ، لەگەڵ هەموو لەرزینەکانی ژیان، هێشتا مرۆڤ بمێنێتەوە. ئەمەش، لە بۆچوونی من، دەستپێکی ڕاستەقینەی ژیانی ڕۆشنبیرانەیە.
31 تیر 1405, 11:22
بازگشت