هێندە بێزارم من لەو سەردەمە
خۆشی تێدا نییە هەر دەرد و خەمە
19ی جۆزەردانی 1405 هاوکاتە لەگەڵ ماڵاوایی ڕۆڵەیەکی گەورەی ئەو نیشتمانە، کاک «خوسرەو شوجاعی» لە خاک و ئاو. بە مەرگی خۆی خەمێکی گەورەی خستە سەر دڵان. ئەوەی بۆ ساتێکیش چاوی پێ کەوتبێ، سیمای پیاوێکی نێوچاوان کراوە، دڵۆڤان و خوێنگەرمی دێتەوە یاد کە بە کردەوە مرۆڤێکی هەڵکەوتەیی لێی بەرهەم هاتبوو کە لە خزمەت بە خەڵک و نیشتمان خۆی نەدەبوارد.
کاک خوسرەو لە ساڵی 1328 هەتاوی لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی بە ڕەچەلەک ئاغا لە ئاوایی «قەڵا» لە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان لە دایک دەبێ، بەڵام وەک مرۆڤێکی نەجیب لە ژیانیدا پێورەیی ئاغایەتی ناکاتە ئامانج. ژیانی هێندە ئارام و لە سەرەخۆ بوو بڕوات نەدەکرد هەوراز و نشێوەکانی ژیان، ئارامی ژیانی تێکبدا. کە ڕۆژێک لە ڕۆژان شێرپەنجە (سرطان) لەویش میوان بێ و لەگەڵی بکەوێتە بەربەرەکانی و ڕەشەبای خەم لق و پۆپی خۆشی داپڕووزقێنێ.
ئاوایی «قەڵا» لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان له بوکان هەڵکەوتووە. لە داوێنیدا چۆمی بەخوڕی تەتەهوو «سیمینەڕوود» هاژەی دێ، و بۆ دوور دەڕوانێ و سەدان ئاوایی گەورە و بچووک لە ئامێزیدا دەحەسانەوە، کە ئاوەدانی ناوچەیی و ئاوایی «قەڵا»ی پێوە دیارە. چۆمی تەتەهوو «سیمینەڕوود» لە دەوروبەری بێکۆڵ، تەندراوە، گیا و دەوەن و جەنگەڵ تێک هاڵاون و باس لە مێژوویەکی دوور و درێژ دەکەن، ئاستی بەڕێچوون لەو ناوچەیە باشە، ئاو و دارستان و مێشەڵان ژینگەیەکی هەراو و لەباری بۆ کشتوکاڵ پێکهێناوە.
ئاوایی «قەڵا» زێدی کاک خوسرەو لە دوور زەمانەوە بێشکەی پیاوانی گەورە و خوێندەوار و میراتگری سامانێکی گەورەی زانست و وێژە بووە و خوێندەواری چاوکراوەی زۆری تێدا هەڵکەوتووە، تەنانەت مامۆستا هەژار لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا لە کتێبی چێشتی مجێور ئاماژە لە هاوڕێیی نزێکی «مەلا ئەمجەد»ی قەڵا دەکا کە شاعیر و خەت خۆش و نیشتمانپەروەر بووه کە یاری وەفاداری مامۆستا هەژار بووە.
ڕێچکەی عیلم و زات لە ئاوایی «قەڵا» بوو بە پردێک، کە لە دواییدا کاک خوسرەو و هاوڕێکانی وەک زیندەنێو «تەها پارسا» کە خاڵۆزای کاک خوسرەو بوو و زۆر کەسانی دیکە بەو ڕێبازەدا بڕۆن و ئاسۆی ژیانیان بە عیلم و زانیاری ڕووناک بکەن بۆ ئاودانی نیشتمان.
کاک خوسرەو لە شاری «مەهاباد» دیپڵۆم وەردەگرێ و لە زانکۆی «امیر کبیر»ی تاران بەشی «پلی تکنیک» لە ئەندازیاری واتە «مهندسی صنایع» درێژە بە خوێندن دەدا؛ دوای تەواو بوونی زانکۆ بۆ ماوەی ۱۰ ساڵ واتە لە ساڵی 1362 هەتا ساڵی ۱۳۷۲ی هەتاوی لە شاری «قەزوێن» لە کارخانەی جام و «شیشە قزوین» وەک ئەندازیارێکی سەردەرچوو بەڕێوەبەری ئەرکانی ئەو کارخانەیە دەبێ.
کاک خوسرەو بەرەی ئەو ڕووناکبیرانە بوو کە بە کار و کردەوە، بێ خۆڕانان دەیانەویست کوردستان لە باری رامیاری و ئابووری لە سەر پێی خۆی بێ، و سەروەت و سامانی خۆی لە کوردستان خستە گەڕ. قەت ژیان لە تاراوگە و پێتەخت نشین بوون بۆ ساتێکیش ئەوی ختۆکە نەدا و بیری لێی نەکردەوە و چاوی بە شەوارە نەخست؛ هەر بۆیە بۆ ئاوەدانی لە کوردستان هەوڵی داوە. هەر لەو سەروبەندەدا وەک کارگێڕ بۆ پێکهێنانی بەردی بناغەی «کارخانجات کاشی کسری» ئەو کارخانەیە وەگەڕ دەخا، بەڵام «سنە» وەک ناوەندێکی گەورە، کاک خوسرەو هەست دەکا دەبێ ئاوەدانتر بێ. خەڵکی بە کار ژینگەیەکی لەبارتریان وەدەست کەوێ. بۆیە ورە و سەرمایەی خۆی بۆ پێکهێنان و وەکارخستنی «کارخانەی لیندوش غرب» واتە بڕندی «بەفرین» کە شیرمەنی پێویستی ناوچەی کوردستان و بەشێکی بۆ دەرەوەی کوردستانی باشوور بەرهەم بهێنێ. ئەزموونێکی گەورە و زۆر سەرکەوتووانە کە سەدان کرێکار لەو کارخانەیەدا کار دەکەن، حاسڵی ڕەنج و کاریانه له ماوهی ۲۰ ساڵ ژانیان له شاری سنه. کاک خوسرەو پێی وابوو دەستی ماندوو دەبێ لەسەر زگی تێر بێ.
بوێری (ریسک) لەپێناو نەتەوە و دۆزینەوەی ڕێکارەکان تەنیا و تەنیا بە وەڕێکەوتن، جووڵە و دژایەتی لەگەڵ نابەرژەوەندیی نەتەوەیی، جڵەوکردنی خەیاڵ پڵاو لەپێناو هۆشیاری بەرهەم هێنان و وەڕێکەوتن مسۆگەر دەبێ. ئەوە ئامانجی کاک خوسرەو شوجاعی بوو. وتەیەکی نووسەری بەناوبانگی ڕووس «داستایوسکی» هەیە دەڵێ: مرۆڤەکان لە هەموو کات و ساتێکدا دەتوانن کەسایەتی و شەرافەتی خۆیان بپارێزن. هەر لەبەر ئەوە کاک خوسرەو عەیبەی پێ عەیب بوو، و هەتا دواساتەکان وەک مرۆڤێکی گەورە پارێزگاری لە شەرافەتی خۆی و نیشتمان کرد، هونەر و جوانی لاپەڕەکانی ژیانی ئەوی دەڕازاندەوە. خوێندنەوەی کتێب، شێعر و وەرگێڕان بە کوردی، خەتی خۆش ماندوویی لەشیان دەحەساندەوە و ڕۆحییان ئاوپڕژێن دەکرد.
پێی وابوو هونەر و ئەندیشە وەکوو کۆلکەزێڕینە بەری ئاسمانی تەمگرتوو و ڕووناک دەکاتەوە. ئەگەر هونەر نەبوایە، تازەبووکی بەهاریش هەر دەبوو بە زستان. ڕۆژیش دەبوو بە شەوی تاریکەسەلات.
ئەگەر موعجیزەی هونەر نەبوایە تەواوی وەرزەکانی ساڵ هەر دەبوونە پاییز. ئەگەر بەخشەندەیی هونەر و جوانی نەبوایە، کۆمەڵگا لیپاولیپ دەبوو لە بوغز و ڕق و تۆڵە، لەگەڵ دیاردەکانی دنیای مودێڕن وەک ژینگەپاراستن، یاری (وەرزش)، شاخەوانی، خوێندنەوەی کتێب و نووسین، فیلم و دونیای فیلم لە پێوەندیدا بوو. بەڵام داخی گرانم لە دواڕۆژەکانی جۆزەردانی 1405ی هەتاوی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە (سرطان) دەستەویەخە دەبێ و بڕستی لێی دەبڕێ. بەو جۆرە لە دوای تەمەنێک تاسە و حەز و کار بۆ نیشتمان لە 19 جۆزەردانی (خرداد) 1405 هەتاوی مەرگ جەستەی زیندووی لە باوەش دەگرێت و لە دونیای پڕ لە ژان ماڵاوایی دەکا و زێد و ئاواتەکانی بە هەزار خۆزگە و بریا بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێدێڵێ و لە بسته خاکێکی ئەو کوردستانە بە جەماوەری بێوێنەی ئاپۆڕای خەڵکی ئەسپاردەی خاک و نیشتمان دەکرێتەوە. هەرچەند کەسایەتی کاک خوسرەو بە هیچ زمانێک ناگوترێ و نانووسرێ، بەڵام وەک ئەمەگناسی و پێزانین کە بە شنەی کوێستان مەست دەبوو و بە ئاوی ڕیندووە بەفرەکان نە بە تاسەی نەدەشکا، وەک شاخەوانێک بۆ 25 ساڵ لەوەبەر دەگەڕێتەوە، لە بەهارێکی زۆر ڕەنگین کە ئەودەم کە خەڵک ئازایەتی و برایەتییان بە نان نەدەگۆڕییەوە و زارکی ئاسمان تامی بەفر و بارانی لەبیر نەچووبۆوە، هاوڕێ لە تەک کاک «موحسین شوجاعی» و کۆچکردوو کاک «خوسرەو شوجاعی» و بەشێک لە فەرمانبەرانی یانەی (بهزیستی دیواندەرە) چووینە شاخی «چل چەمە»ی ناوچەی دیواندەرە بۆ ئەوەڵین جار و دوایین جار قەت کەسایەتی تۆم لەیاد ناچێ وەک شاخەوان بەیادی کاک خوسرەو دەچمە سەر شاخی بەرزی چل چەمە. کڵاوەکەم دادەگرم و بۆ گەورەییتان سڵاو دەنێرم. هەرچەن نەخۆشی مەودای نەدا جارێکی دیکە ئەو کوێستانە مەزنە ببینێ. ئەو نووسراوەیە هەموو شتێکی لەسەر کەسایەتی ئەندازیار کاک «خوسرەو شوجاعی» پێ نییە، بەڵام وەک ئەمەگناسی سیمای مرۆڤێکی مێهرەبان وەک ڕەمزێک لە دڵمدا ئۆقرەی گرت. تەنیا وتووبێژێک بوو لەگەڵ خاک و ئاو.
همە عمر برندارم سر از این خمار مستی
کە هنوز من نبودم کە تو در دلم نشستی
تو مثل آفتابی کە حضور غیبت افتد
دگران روند و آیند و تو همچنان کە هستی
یادت پیرۆز و ڕێگات پڕ ڕیبوار.