rojanpress.ir | چی له بوچا روی داوه؟

چی له بوچا روی داوه؟

رۆژان پرێس: بڵاوبونەی وێنەی چەندین تەرم لە شاری بوچا-ی نزیك کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دوای پاشەکشەی روسیا لەو شارەدا جیهانی توشی شۆك کرد و کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. حکومەتی ئۆکرانیا روسیا بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید لەو شارە تۆمەتبار دەکات و سەرۆکی ئۆکرانیاش پێی وایە سوپای روسیا خەڵکی سڤیل دەکوژێت و سزایان دەدات.
کۆمپانیای ماکساز تەکنەلۆجیزی ئەمەریکی چەند وێنەیەکی شاری بوچای بڵاوکردەوە و تیایدا لە دەوروبەری کەنیسەیەكی ئەو شارە چالێکی گەورە بە قوڵی نزیکەی (45) پێ دروست بوە و گۆڕێکی بە کۆمەڵ لەو ناوچەیەدا هەیە. واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، روسیا ۶۰ تەرمی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکە جێ هێشتوە و دوای پاشەکشەی، ئەو ناوچەی مینرێژ کردوە.
فرانس‌پرێس لە زاری سەرۆکی شارەوانی ئەو ناوچەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستداوە، لە سێدارە دراون و بە گوللـە لە پشتی سەریان دراوە و ژمارەیان ۳۰۰ کەسە و ژن و منداڵیشی تێدایە. ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند: بڵاوکردنەوەی وێنەی کوژراوی هاوڵاتییانی سڤیل لە شاری بوچای ئۆکرانیا بە فەرمانی ئەمەریکا بوە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانەیە کە دەیانەوێت سەرزەنشتی مۆسکۆ بکەن.
هاوکات، وەزارەتی بەرگری روسیا رەتیکردەوە هیچ کەسێکی سڤیلی لەو شارەدا جێهێشتبێت و ئاماژەی بەوەشداوە، سوپای روسیا ۴۵۲ تۆن پێداویستی خۆراکی لەو ناوچەیەدا دابەشکردوە.
لە بەرامبەردا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ئەوە راستییەکە کە هەمو رۆژێك روسیا لەسەر وەحشیگەری خۆی لە ئۆکرانیادا بەردەوامە.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوە لەو روداوە دەکەن و داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکرێت.
بایدن سه‌رۆک کۆماری ئەمەریکایش داوای کردووە کە پۆتین بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی خەڵکی سڤیلی ئۆکرانیا ئەبێ دادگایی بکرێت.
16 فروردین 1401, 09:18
بازگشت