بـهفـرانـبـار، مانگی یەکەمی زستان؛ مانگی چلە، دەستپێک و سەرەتای وەرزی زستان، مانگی بارینی بەفر، دەهەمین مانگی ساڵ لە ڕۆژژمێری کوردیدایه.
بەفرانبار لە 21 یان 22ی کانوونی یەکەم(دیسەمبەر) دەست پێ دەکا و لە 19یان 20ی کانوونی دووەم(ژانیڤێری) کۆتایی دێت.
یەکەم شەوی ئەم مانگە واتە (شەوی 30ی سەرماوەز لەسەر 1ی بەفرانبار) کە درێژترین شەوی ساڵە لە کوردەواریدا بە شەوچلە، شەوی چلە یان یەڵدا ناسراوە.
لەم مانگەدا لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سارد و کوێستانییەکاندا بەفر دەبارێ و هەرد سپیپۆش دەبێت بۆیە ناویان ناوە بەفرانبار.
بەگوێرەی پێوانە فەلەکییەکان، ڕۆژگەڕانەوەی زستانە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ڕوو دەدات، واتە شەوی دەسپێکی مانگی بەفرانبار درێژترین شەو و ڕۆژی یەکی بەفرانبار کورتترین ڕۆژی ساڵ هەژمار دەکرێن. لەم کاتەدا لە نیوگۆی باکووری زەوی زستان دەست پێ دەکات و بەپێچەوانەوە لە نیوگۆی باشووری زەوی دەسپێکی وەرزی هاوینە.
هەروەها جەژنی کریسمەسی مەسێحییەکان و سەری ساڵی زایینی کەوتووەتە ئەم مانگەوە.
ناوی ئەم مانگە لە زمانی کوردیدا بە شێوەی خوارەوەیە:
هەورامی: ئارگا.
کورمانجی: چلە، بەرفانبار، کانوونی دووەم....
کەڵهوڕی: وەفران.
سۆرانی: بەفرانبار.
لەکی: نۆرووژ.
لوڕی: ماچلە.
زازاکی: چلە، چلەی وەرتی، چەلییە، چەلەیو پل، زەمپەریە، زقناوتە....
ڕۆژژمێری کوردیی گەرمێنیی سوڵتانی: بەفراوەر.
مامۆستا هەژار سەبارەت بەم مانگە له شیعرێکدا دەڵێ:
وا بەفرانباری ڕووگرژ و تاڵە!
کوردە گیان وەختی خزانە ماڵە!
هاوین پەیدا کە، ئەمڕۆ بیپۆشە!
پیاو بەئێروو بێ، زستانیش خۆشە!
تێبینی: ڕۆژژمێری گەرمێنیی سوڵتانی تایبەتە بە باوەڕدارانی یارسان لە کوردستان، کە ئەم ڕۆژژمێرە بە هەوڵی "سەید خەلیل عالینژاد" دروست کراوە و ساڵی 1ی ڕۆژژمێرەکە ئەو ساڵەیە کە سوڵتان سەهاک (سوڵتان ئیسحاق) لەدایک بووە.