هەمدیسان هەزبێڵە دەستەملی مێزەران سرتەیەک دەکاتە گوێچکەی گۆشخانیە کۆن و ئاوبارە و بەلەکە جاڕ و هەمرووەتاڵە و ڕوو له قلۆر و پلووسکەچایی و دەرەوشکە هەناسەیەک هەڵدەکێشن، هەناسەیەک پڕ له بیرەوەریجا کێ هەیه قرمەی هانەپلوورە و حەوزەکۆنە و چەمەی مەر نەبیسێ و دڵی بۆ مانەوە لێ نەدا و هەستی بۆ نووسین نەخرۆشێ؟
با لە سەر بەردەنوێژەکانی کانی فەقیەل و هەوار و شەتەئاسیاو تاوێ وەحەسێمەوە و جارێکی تر بەیادی میرخاسەکانی نسڵ وگۆشخانی دیدەی قەڵەمەکەم تەڕکەم، وەی
ژین چ شیرینتر دێتە پێش چاو کە برینان دەبینی و تاریکەبازاڕ وخەڕاتە
چ شیرینن ئەو ڕازانەی کە لە سەرنوێ و هەلیل ئاوا و مارەوڵێ و دێکۆن و نسڵ وگۆشخانیدا نووستوونە و پەیتا پەیتا دەردەکەوێ
هەنگوێنی ئەم ڕازانە لە قرۆڵی پیرەدارەکانی ملەوەز و بان تایلان و دار ئەسحەو و شەت هەنجیر دیارن و هانەمزێ.
ئەوەی تینوویەتی بە ئاوی چاوکە و شەیان و ساوڵێ و گۆلبەن و لانیاتر و دۆڵەبیسمیلایی و هانە هۆسین و کەرگێڵانە و ئاغەگەورە و کانی ئازیزه و هانەنەزەر شکاندبێ ئەزانێ کە گۆشخانیش بە چەشنی زۆربەی ئاواییەکانی تری وڵات لە کۆنەوە تا بە ئەمڕۆ بێشکەیەک بووە بۆ پەروەردەی ژنان وپیاوانێ چاک هەربۆیه ئەمجارەش ڕوومان کردووە لە لاسامان و باخی بەگزادە و بانی بلچان و هەڕگەڕەشە و جارێکی تر دەمووچاوی دڵ دەشوین بە ئاوی کانیاوەکانی ئەڵڵابەگ و ولەڕنە و هانەولان وگوێزە گەوره و یادێک دەکەین لە زانایەکی تری ئەم ئاواییە خنجیلانە و ئەویش کەسێک نیە بێژگە لە بنەماڵەی ڕەحمانیەکان کە خۆشناوی ئەو تایفەیە هێشتا بە بەرۆکی وڵاتەوە نیشانەیه و ئەمە مەدح و پێداهەڵدان نیە و حەقێقەتێکە لە ناوچەکە و گەر سەیری ئاوینەی مێژوو بکەین سێبەری باڵای بەرزی مامۆستایان خوالێخۆشبووان مەڵاڕەحمانی گەورە ، مەلامۆحەممەدی ڕەحمانی و مەلائەحمەدی ڕەحمانی بە شانازیەوە ماوەتەوە و ئەو میراتەش گەیشتووەتە لای نەوەکەیان :مامۆستا مەلاڕەحمان ڕەحمانی کە بۆ ناسینی زیاتری ئەم بەڕێزە و باوەگەورەیان سەرەنجتان بۆ ئەم نووسینە ڕادەکێشم:
وێنەیەک لە مەلائەحمەد ڕەحمانی باوکی مەلاڕەحمان گۆشخانی
سەرەتا یادێک دەکەین لە خوالێخۆشبوو مامۆستا مەللا مۆحەممەد ڕەحمانی ناسراو بە مەللامۆحەممەدگۆشخانی:
مامۆستا مەللامۆحەممەد ڕەحمانی ناسراو بە مەلامۆحەممەدی گۆشخانی کوڕی مامۆستا عەبدولڕەحمانی گەورەیه بەداخەوە لە ساڵی لەدایکبوون و شێوەی ژیانی زانیاری زۆر دەس ناکەوێ بەڵام خاوەنی دەسنووسگەلێ تایبەتە.[ڕەنگە بۆدەڤەری ساڵەکانی 1250ک.ە بەدوا بگەڕێتەوە]
مەلا موحەممەد لە بنەڕەتدا خەڵکی ئاوایی ئەوێهەنگن سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی بەشی سنە بەڵام لە ئاوایی گۆشخانی ژیانی بەسەربردووە و لە خزمەت گەورەپیاوگەلێ وەکوو مەلاحەیدەری ئەوێهەنگی، مامۆستا عەبدولسەمەدی ئەوێهەنگی، مامۆستا سەیید عەنایەت هوویه و مەلا ئەسعەدی ڕیازی باخی هزری پاراو کردووە و لەگەڵ شێخانی تەریقەتی نەقشبەندی ئامشۆی بووە و لە بەرگی مەلایەتیدا ژیاوە و تەمەنی بۆ ڕێنموونی خەڵک و لە پێناو گەشەی ئاییندا داناوە و ژیانێکی سانا و دەروێشانەی لە سووچێکدا بەسەر بردووە و" علوم الثناع العشرە"یا 12عێلمی ڕووحانی بە دڵ خوێندووە و قورئانی پیرۆز و تەفسیر و وەرگێڕانی بەڕێکووپێکی فێری شاگردەکانی کردووە .
مەللا مۆحەممەدگۆشخانی بەوێنەی خوالێخوشبوو باوکیان:مەلاعەبدۆڵڕەحمانی گەورە خاوەن دەستخەتێکی تایبەت بووە و وەک بەدەسنووسەکانیاندا دیاره لەو پەڕی بێ ئێمکاناتیەوە توانیویانە بەرهەمێکی تەژی لە هۆنەر بخولقێنن.
چەند وێنەیەکی تر لە مەلاڕەحمان گۆشخانی
تەنیا ئەرکی نووسینەوەی بابەتەکانیان لە ئەستۆ بووە و بەڕوانین بە دەسنووسەکانیان بۆمان دەردەکەوێ کە زۆربەی دەسنووسەکان،نووسینەوەی کتێبگەلێکن کە لە حۆجرە و مزگەوتەکان تەدریس ئەکران وەکوو کتێبی"نصاب الصبیان ابونصر فراهانی، علم فرایض و تذهیب و..."
بەپێ وتووێژێ کە لە ساڵای پێشوو لە گەڵ مەلاڕەحمان نەوەی مەلامۆحەممەد گۆشخانی بوومان ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە لەو کاتەدا پێنووسێکی وەها له بەردەستدا نەبووە و نووسینەکانیان بە کەرەستەیەک بەناوی"نیش" بووە لەگەڵ و مەرکەب ودەوات.
وهەروەها چوون لەو کاتەدا کارەبابوونی نەبووە لە ئاواییدا، خەڵک لە چرامووشینە کەڵکیان وەرگرتووە و ئەمانیش بە ژیری خۆیانەوە لەتێ حەڵەبییان بە سەر شوێنی دووکەڵی چراکەوە داناوە به جۆرێ کە حەڵەبیەکە دووکەڵەکەی بەخۆیەوە گرتووە تا بووەتەگرێ گرێ و دوواتر لە گەڵ ئاودا تێکەڵاویان کردووە و دوواتر خستوویانەتە نێو دەوات و وەک جەوهەر کەڵکیان لێ وەرگرتووە و خەت وهۆنەری زۆر جوانیان خولقاندووە.
مەلامۆحەممەد خاوەن کۆڕێک بووە بەناوی مەلا ئەحمەدگۆشخانی کە ئەویش ڕێبازی باب وباپیری گرتووەتە پێش.
بەداخەوە لە ساڵی دەقێقی کۆچی دووایی ئەم زانایه شتێکمان دەس نەکەوت بەڵام مەزاری لە گۆڕستانی کۆنی ئاوایی گۆشخانیە.
ئیستاش دەڕۆینە سەر باسێک لە سەر ژیانی مامۆستا مەلاعەبدولڕەحمان ڕەحمانی یانێ
مەلاعەبدولڕەحمان کوڕی مەلائەحمەد کوڕی مەلامۆحەممەد کۆڕی مەلاعەبدۆڵڕەحمانی گەورە]
وێنەی لاویەتی مەلاڕەحمان گۆشخانی
وەک لە نووسینێکدا کە بەڕێز مامۆستا مەلامۆحەممەد عەلیزادە بۆی ناردووم و تێیدا وەها ئاماژەی پێکراوە کە ئەفەرمن:
"دوای ماوەییەکی زۆر داواکاری لە برای بەڕێز وخۆشەویس مامۆستا کاک عەبدۆلڕەحمان ڕەحمانی دانیشتووی گوندی گۆشخانی سەربە شاری سەوڵاوا بۆ نووسینی کۆرتەیەک له ژیانی خۆی داواکاریەکەی لێ وەرگرتم و بەم شێوەیە بۆی نووسیم و ئەوانیش فەرموویانە:
من ڕەحمان ڕەحمانی کوڕی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلائەحمەد کوڕی مامۆستا مەللا مۆحەممەد کوڕی مامۆستا عەبدۆلڕەحمانی گەورە کە لەدایکبووی گوندی ئەوێهەنگی ناوچەی ژاوەرۆوە.
مامۆستا وەک خۆی ئاماژەی پێداوە لە ساڵی 1325ی کۆچی هەتاوی[5ی پووشپەڕ 1325 ناو دایکی مەنیژە ئەمانی کچی دەروێش غوڵام] له گوندی گۆشخانی سەر بە شاری سەوڵاوا له بنەماڵەیەکی ئایینی و زانستی دا چاوی بە دنیاهەڵێناوە.
هەر لە دەورانی مناڵیدا کاتێ وام لێهات بتوانم فێری خوێندن بم، له ژێر چاوەدێڕی باوکما کتێبە سەرەتاییەکانم خوێند.دواتر بۆ درێژەدان بەخوێندن بەرەو مەدرەسەی گوندی سەوڵاوای کۆن بەڕێ کەوتمکە ئەوکاتە وانەبێژی ئەو گوندە مامۆستای خوالێخۆشبوو مەللاعەبدۆلمەجید سەوڵاوایی بووە و ئەو ماوەیە کەڵکی زۆرم وەرگرت لە ئەخلاق وڕەوەشتی جوانی خوالێخۆشبوو حاج کاکەشێخ سەوڵاوایی، ئەمجارە بۆ پەرەپێدان بە زانستە ئیسلامیەکان بەرەو گوندی چۆڕی سادات ڕێم گرتە بەر و بەلای فەقییە باڵاخوێنەکانەوە کە"مستعد"یان پێ ئەوت دەستم بە خوێندنی کتێبە سەرەتاییەکانی سەرف ونحۆ کد و لwwەوێشەوە ڕووم کردە گوندەکانی تر وەکوو ئاڵمانە، گوێزەکوێرە، بالک کە زانای پایەبەرز مامۆستا مەلاباقری تێدابوو و لە بالک دا درێژەم بە کتێبه سەرەتاییەکانی فقە و سەرف ونحۆم دا لە خزمەتی مامۆستا باڵاخوێنەکانا و دوواتر بەرەو گوندی نژمار ڕێم گرتەبەر و لە خزمەت مامۆستا شێخ جەلالی دەمەیۆیی چەند دەرسێ لە کتێبی"سیوطی"یم خوێند و لەوێشەوە لە سەر داواکاری خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا مەحموودی سیاناو، نژمارم بەجێ هێشت و لە سیاناودا گرسامەوە و لەخزمەت مامۆستادا گوێگری دەرسی کتێبێ بووم کە به مەلاموحەممەد یووسفی ئەوتەوە و خویشم لە حۆجرەی مامۆستادا دەستم بە خوێندنی پێشەکی "عقائدنسفی"کرد و جارجارێ دەرسی "فقە"یشم ئەخوێندەوە و بەهۆی دەنگ خۆشیەو من گۆرانی "باوانمم"ئەوت و مامۆستایش "جەزبە"ی لێ ئەهات و بەلایەوە خۆش بوو و بۆ درێژەدان بە خوێندن بەرەو بەردەڕەشە بەڕێ کەوتم بۆ خزمەت بە مامۆستا مەلاموحەمەد مل چەور و لە خزمەتیا چەن کتێبێکم بە ناو عبداللە یزدی[منطق، استعارە، بیان)مامۆستا لە وانە وتنەوەدا دەستێکی باڵای بوو و هەر لە ناوچەی مەریواندا دەرسەکانم کۆتایی پێ هانی.
شایانی باسه من لە گوندەکانی "نوێ"ی باشووری کوردستان و ئەوێهەنگ و پایگەلان و نێ مەریواندا دەرسم خوێندووە و لە کۆتاییدا له گوندی نێ له خزمەتی زانای ناودار مامۆستا سەییدعەلی خالدی بڕوانامەی مەلایەتیم وەرگرت و دواتر لە دایرەی ڕێگاوبان دامەزرام و هەر لە وکاتانەدا لە زانکۆی ئازاد بەڵگەنامەی کارناسیم وەرگرت و ئێستەش خانەنشینم و نیشتەجێی گوندی گۆشخانیم".
سەرچاوەکان: وتووێژی ساڵانی پێشووم لە گەڵ مامۆستا مەلاڕەحمان ڕەحمانی کوڕەزای خوالێخۆشبوو مەلامۆحەممەدی گۆشخانی[مەلا عەبدولڕەحمان کوڕی مەلائەحمەد کوڕی مەلاموحەممەد کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی گەورە]
و هەروەها دەسنووسەکانی مەلا عەبدۆلڕەحمان و مەللا مۆحەممەد گۆشخانی وهەروەها لاپەڕەیەکی نێردراو سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی مەلا ڕەحمان ڕەحمانی لە لایەن مەلامۆحەممەدعەلیزادەی نسڵ و هەروەها سپاسێکی تایبەت بۆ خاتوون شەوبۆ کچی مەلا ڕەحمانی گۆشخانی.
نووسین و توێژینەوە: ساسان مونفەرید[بێوەر]


