له چیرۆکی پێشینیاندا هاتووە:
له وڵاتێکی دوورە دەست، شارێک هەبوو کە هەموو خەڵکەکەی دز بوون.
شەوانە دوای نانوچای هەر کەسێک لە ماڵی خۆی دەهاتە دەرەوە و دەچووە دزی ماڵی یەکێکیتر. نیوەشەو بە کۆلێکەوە دەهاتەوە. دیارە ماڵی خۆیشی دزیی لێی کرابوو. بە ڕۆژیش هەرکەسەو دەچووەوە سەر کار و باری خۆی. ئەوەش تەنیا ناوی کار بوو دەنا هەر دزی و کڵاونان لە سەری یەکتر بوو. بەڵام کەس سکاڵای لەویتر نەبوو. کاتێ گول دەستەبرای پیسە، سکاڵای چی؟
جا کەس نازانێ چۆن و لە کوێ، پیاوێکی ڕۆشنبیر ڕێی کەوتە ئەو شارە و لە ماڵێک نیشتەجێ بوو. کابرای ڕۆشنبیر هەموو شەوێ پاش نان و چا، دیوانی شاعیرانی بە دەستەوە دەگرت و شێعری دەخوێندەوە:
"کوێر و نابینایە ئێستاکە لە داخی ڕۆژی ڕووت
بۆیە ڕەشپۆش و فەقیر و مات و بەستەزمانە شەو"
خەڵکی شار ماوەیێک هێچیان نەگوت. بەڵام ئاخری ڕۆژێک چەند پیاوماقووڵیان ناردە لای. وتیان کاکە گیان ئێمە هیچ کێشەیێکمان لەگەڵ هەبوونی تۆ لەم شارەدا نییە، بەڵام مرۆڤ دەبێ خۆی ویژدانی هەبێ، ئێرە کۆمەڵگایە، خۆ نابێ تەنیا بیر لە خۆت بکەیتەوە. کابرا تا نیوەشەو کێشکی ماڵی تۆ دەدا کە بچییە دەرێ. باوێشک گەزێک دەمی پێ دادەچەقێنێ! قڕەی قوڕواق دەبڕێتەوە، بەڵام تۆ هەر لە ژووری و ناچیتە دەرێ! جا ئەو هەژارە بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە. کەچی لەولاش ماڵی خۆی تاڵان کراوە. دەی تۆ خۆت وێژدانت ڕازییە ئەو بێچارە نانی بەیانی نەبێت؟ تکایە گێرەکەمان لێ مەشێوێنە، بۆ خۆتیش خراپە. دەبێ تۆش وەکوو ئەو خەڵکە بۆ خۆت هەوڵێک بدەی؟ لە هاوماڵ بەجێمان سووکی دێنێ.
کابرای ڕۆشنبیر زانی ئەم هەویرە ئاوی زۆر دەبات. قسەکردنیش بۆ ئەمانە با فێنکەوکردنە و ئاو هەسەوکردن! بۆیە هیچی نەگوت. ئەویش شەوانە پاش نانخواردن دەچووە دەرەوە، بەڵام نەک بۆ دزی. دەچووە سەر پردی قەراخی شار. هەتا شەوگار شەق دەبوو، هەر گۆرانی دەگوت:
"بۆ لای کێ بچم دەس وە زامەوە
کێ دەرمانم کا شەو بە لامەوە"
نەزم و بەزمی شار تەواو تێکچوو. جاران بە پێی ڕەسمی کۆن هەر کەس دزیی خۆی دەکرد، هاوکات دزیشی لێ دەکرا. بەڵام ئێستا، ئەو ماڵەی کە دەبا ڕووناکبیرەکە دزیی لێ بکات، دزیی لێ نەدەکرا. لەولایشەوە ئەو کەسە دزیی خۆی کردبووو. واتە بەو جۆرە چینێکی دەوڵەمەند پێک دەهات.
پاش ماوەیێک بەزمێکی دیکەیش ڕووی دا. ئەوەی کە دەچووە ماڵی ڕووناکبیرەکە شتێکی وای تێدا نەمابوو. لەو لاوە خۆیشی تاڵان کرابوو. چینی هەژار پێکهات و کار لە کار ترازا.
چینی دەوڵەمەند کە تاقەتی دزییان نەمابوو، زانییان ڕێگای باشتریش بۆ دزی هەیە. فەقیرەکانیان بەکرێ دەگرت هەتا دزییان بۆ بکەن. لەو لاشەوە تەواو برسی و پەڕپووتەکانیان دەکردە دارەدەست کە بەر بە باقی برسییەکان بگرن کە ڕوو نەکەنە ماڵە دەوڵەمەندان.
دزە دەوڵەمەندەکان هەتا دەهات دەوڵەمەندتر دەبوون و برسییەکانیش برسیتر.
دەوڵەمەندان کە بەشە دزییان دەگەیشت و پێویست نەبوو بە سەر پەرژینان بپەڕێنەوە، شەوان دەچوونە سەر پردەکە و خۆیان بە ڕووناکبیر پیشان دەدا. باسی شیعر و مووسیقایان دەکرد. باسی ئایین و مێژوویان دەکرد. باسی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان دەکرد. بەڵام جیاوزاییان لەگەڵ کابرای ڕووناکبیر ئەوە بوو کە ئەمان هەر دز بوون. دزی مل ئەستوور، بێحەیاتر لە مریشکی ئاشەوان. جاران بە گەوڕی گاوان ڕازی بوون، ئێستا بە تاڵانکردنی شارێک تێر ناخۆن...
دۆخی شار تەواو شێوا بوو.
ڕۆژێک تەرمی ڕووناکبیری لەبرسان مردوو لە قەراخی پردەکە دۆزرایەوە. بەبێ کفن، بەبێ دەنگ ناشتیان.
ئیتر لەو شارەدا لەوە بەدوا کەس باسی دزیی نەدەکرد. لە باتی دزی دەوڵەمەند و دزی برسی وشەی دارا و نەدار ئاسانتر دەهاتە سەر زار.
ئیتالۆ کالڤینۆ / محسن ابراهیم
خوێنەری خاوەنبیر!
دزی کردن تەنیا ئەوە نییە بە دیواری خەڵکیدا سەربکەوی. ئێمە مانای وشەکانمان دزی. مانای ئیش و کارمان دزی. بڕواکانمان دزی. متمانەمان دزی...
ئەو کاتەی کە دکتۆرێک لە خەستەخانە نەخۆشێکی دەرمان نەکرد و وتی ئێوارە وەرە نووسینگەی خۆم، کاتێ بەرپرسێک بەڵێنی دا و جێبەجێی نەکرد، کاتێ بازەرگانی ئێمە لە چین ئەوەی خراپ بوو دای بە مارکی چاک درووستیان کرد....
دەبا دزیی کردن تەنیا ئیشی دزان بێت.
عیسا ئەحمەدی١٤٠٤/٠٨/٠٦