لە سەرقەبران ڕێ بە ڕێدار نەبوو. خەڵکانێکی زۆر لە دوور و نزیک هاتبوون. دەرزیت هەڵاویشتبا نەدەکەوتە عەرزی. چەند بەرپرسێک لە ڕیزی پێشەوە وەستابوون. تەرمی حاجیان بە دەف و تەلیلە هێنا.
مەلا پاش تەڵقیندان و دۆعاکردن، ڕووی کردە حەشامات و وتی: خەڵکینە! نە مانگی چاردە پێویستی بە ئاماژەیە و نە حاجی پێویستی بە باس و تاریفاتی من. هەموومان دەزانین ئەم پیاوە گەورەترین مزگەوتی شاری دروست کرد. دەستی لە کاری خێرا بوو، زۆر بە کاروباری پیرەژن و پیرەپیاوی بێکەس و لێقەوماو ڕادەگەیشت. من لەو هەموو ساڵە وا ناسیومە، درۆم لێ نەبیست. ئەوە ئێستا دەواری ماتەمی بۆ ئێمە هەڵدا و خۆی ڕووی کردە هەواری دوایی. لە خودا دەپاڕێینەوە ئەم قەبرەی بۆ بکاتە باخێک لە باخەکانی بەهەشت...
حاجی لەبەر دەرکە ڕاوەستابوو. دەرکە لە زێڕی سوور بوو. دیوارەکان هێند بەرز بوون، حاجی کە سەری هەڵێنا، کڵاوە سپییەکەی لە سەری کەوتە خوار.
نوورێکی شین هەموو لایەکی ڕووناک کردەوە.
فریشتەیەک کە دەفتەرێکی زلی بەدەستەوە بوو، هاتە پێشەوە و وتی: مامە گیان ناوتان چییە؟ حاجی تۆزێ قوڕگی ساف کرد و بە شانازییەوە وتی من! بنیاتنەری مزگەوتم، لە ماوەی ژیانمدا گەلێک خزمەتم بە خەڵک کردووە. فریشتە سەیری نێو دەفتەرەکەی کرد و وتی: مامە گیان ناوتان لەم دەفتەرەدا نییە. حاجی وتی: زۆر بە وردی چاو لە بەشی ساڵحان و پیاوچاکان بکە، دڵنیابە ناوی منی تێدا دەبینی.
فریشتە گەلێک لێی ڕوانی، بەڵام وڵامی دایەوە: لە هیچ بەشێکیدا ناوتان نییە. حاجی بە تووڕەیی وتی ئاخر شتی وا چۆن دەبێ؟ بڕۆ سەیری ئەو مزگەوتە گەورەی ناوشار بکە وا من درووستم کردووە. یان ئەو هەموو خێرەم کردووە. ژنان ئاوی دەستنوێژی منیان دەبرد بۆ هەویرشێلان. فریشتە به ئارامی وتی: کەوابێ پێویستە لەگەڵ هەڤاڵان سەیری دەفتەری کردەوەکانتان بکەین. دەفتەریان هێنا. حاجی باسی یەکە بە یەکەی کردەوەکانی خۆی کرد. وتیان بەڵێ هەمووی ئەوانە نووسراون. بەڵام لە پەنای هەر کردەوەیێکتان نووسراوە: "تەنیا بۆ یانیها و باریقەڵڵای خەڵکی". لە فڵانە شوێن ئەوەندە خێرت کردووە بەڵام لە پێش چاوی هەواڵنێران و ڕۆژنامەوانان. مزگەوتت لە ناوەڕاستی شار دروست کرد، کە لە سەر درگاکەی ناوی خۆتی پێوە بێت...
ڕیا وەکوو کەرە تواوە بە سەر هەموو کردەوەکانتا.
حاجی وتی: بەو دەفتەرانەدا بڕوانن ئاخۆ من لە دنیا جگە لە قسەی ڕاست، قسەی دیکەم بە زماندا هاتووە؟ وتیان: نووسراوە یان ڕاستییەکانت بە ناتەواوی گێڕاوەتەوە یان کاتی وەدەنگهاتن، بێدەنگ بوویت. زۆر جار بێدەنگی هەر درۆ کردنە، تێکەڵ بە بێشەرەفی. تۆ بەو شێوە ڕاستییەکانت شاردۆتەوە.
هەڵبەت نووسراوە، کە ماڵی چەند پێرەمێرد و پێرەژنیشت بە هەرزان کڕیوە. لێرەدا ئاو لە جۆماڵ دەردێنن. کردەوەی ڕیایی ڕەنگە لە دنیا بریقەدار بێت بەڵام لێرە وەکوو پێستەی بەر گەماڵ ناشیرینە.
حاجی وتی: لە ڕێگا وام دانابوو ئەمڕۆ لە بەهەشت لەنێو حۆرییەکان لە سەر حاجی دەبێتە پەلکەکێشان. کەچی حاجی بوو بە حاجی لەقلەقی کرماشان، نە لە خورمای مەندەلی خوارد و نە لە ترێی کەنوولە. هەموو کردوەیەکم بوو بە ئاردی ناو دڕکەجاڕ. فریشتە وتی: بەهەشت واتە جێگای ڕاستی. کردەوە و مەبەست دەبێ هاوتەریب بن. تۆ تەنیا کاتێ باش بووی کە خەڵک سەیری دەکرد و وڵامەکەشت هەر لە دنیا بە تاریف و چەپڵەلێدان وەرگرت. بەپێی ڕۆژ، پارەی کەمیشت کۆ نەکردۆتەوە.
ئیمان ئاڵا نییە کە بیشەکێنیتەوە. نوورێکە لە دەروونەوە هەڵدەگیرسێ.
دەرکەی بەهەشت وردەوردە داخرا. هەموو لایەک تاریک بوو. حاجی بە هەناسەسەردی و لەپەکوتێ بەرەو خوار کەوتە ڕێ. دەنگێک دەیگوت: لەو خوارە هاوڕێت زۆرە.
مارک تواین ١٩٠٩
خوێنەری خاوەنبیر!
ئەوەی کە دنیای دەروونمان لەگەڵ دنیای دەرەوەمان جیاواز و هێندی جار دژ بە یەکن، هۆکاری زۆرە. بۆ وێنە لە بیرەوەری مێژوویی ئێمەدا هەیە کە مرۆڤە یەکڕەنگ و ڕاستوێژەکان باجێکی قورسیان لە پێناو ڕاستی و یەکڕەنگیدا داوە. بە پێچەوانە مرۆڤە ڕیاکار و دووڕەنگەکان پاداش و قازانجی زۆریان دەست کەوتووە.
سیاسەت و ئایین ڕەوڵێکی بەرچاویان هەیە لە کۆمەڵگادا. زۆر کەسان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و پێگەی خۆیان، بە درۆ لەگەڵیان دەکەون.
ئەمانە و زۆرێک هۆکاری دیکە دەبنە گەرمی بازاری ڕیا و دووڕەنگی و دیارە زۆر ئاکامی خراپی بەدواوەیە.