rojanpress.ir | له قەڵاچوالانه‌وه تا سلێمانی

له قەڵاچوالانه‌وه تا سلێمانی

سلێمانی شارێکی خۆش و زیندووە کە لە ناو کێوە کانی دەورو بەریا گەمارۆ دراوە و ئەم کێوانە بوونەتە هۆی دیمەنێکی ڕازاوە و جوان بۆ ئەم شارە.
ئەم شارە 853 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و لە باکووری ڕۆژئاوا لە گەڵ کێوی ئەزمەر کە (١٧٠٢) مەتر بەرزە و هەر وەها کێوی گۆییژە کە (١٥٢٤) مەتر بەرزە سنووری بەستراوەتەوە.
کێوی برانان(١٣٧٣)مەترە کە لە باشووری ئەم شارەدایە ، ڕۆژهەڵاتی ئەم شارە دەشتی بەرینی سلێمانییە کە درێژایی 45 کیلۆمەترو پانتاییشی 15 کیلۆمەترە و زنجیرە کێوەکانی گڵەزەردە لە داوێنی ئەم شارەدایە و داوێنی ئەم شارەی نەخشاندووە.
ناوچەکانی ئەم شارە بریتین لە بازیان، سەرچنار، قەرەداغ و تانجەڕۆ و چەمەکانی قڵیاسان، تانجەڕۆ و سەرچنار بە سەر ئەم شارەدا تێپەڕ ئەبن.
گەڕەکە سەرەکیەکانی ئەم شارە بریتین لە کانی ئاسکان، گۆیژه، مەڵکەندی، سەرشقام، چوارباغ و دەرگەزێن.
قەڵای سلێمانی لە ساڵی 1786 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان، فەرمانڕەوای شارەزورەوە دامەزراو دوایی  شارەکەی بە ناوی باوکیەوە سولەیمان پاشا، سلێمانی ناو نا و کۆمەڵێک هۆزی کوردی بابانی گواستەوە بۆ ئەو قەڵا نوێیە، ئەم قەڵایە لەگەڵ هەموو گوندەکانی دەوروبەری بە پێی پەیمانی ساڵی 1159 کۆچی لە نێوان نادر شای ئەفشار و حکومەتی عوسمانی درا بە ئێران.
پێش دامەزراندنی شاری سلێمانی شاری سەرەکی ناوچەی قەڵا چوالان بووە کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە قەڵای چوالان بەهۆی نزیکی لە سنووری ئێران و ململانێی سەربازی بەردەوامی نێوان عوسمانییەکان و ئێران، شوێنێکی نائارام بوو، هەر ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگواستنی بابانەکان.
شاری سلێمانی بە پایتەختی پارێزگای بابان دادەنرێت .
لە مێژینەوە تەواوی وڵاتانی کورد نشین بەشێک لە ئێران بوون. بەڵام لە شەڕی چاڵدوران کە لە نێوان شاسمائیلی سەفەوی و سوڵتان سەلیمی عوسمانی لە ساڵی ١٥١٤ زایینی ڕوودڕا و بووە هۆی پاشەکشە و شکستی لەشکری ئێران، نیوەی زۆرتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئێران وەکوو بەشێکی زۆر لە ئێراقی ئیمڕۆ و وڵاتانی کورد نشینی تورکییە وسوورییە لە ئێران جیا بوونەوە و بوون بە بەشی عوسمانییەکان و بە دوایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و لە ناو چوونی دەوڵەتی عوسمانی لە ناو نەقشەی ئیمڕۆدا بە هاوکاری وڵاتانی فەڕەنسە و ئینگلیز ئەم بەشە لە کوردستان
لە نێوان سێ وڵاتی تورکییا و ئێراق و سوورییا دابەش کرا.
لە بەرواری چواردەی ڕێبەندانی ١٢٢٤ هەتاوی موحەمەد شای قاجاربە پێداگری ئینگلیز و ڕووسیا لە حاکمییەتی ئێران بە سەرسلێمانی چاو پۆشی کرد وئەم وڵاتەی بە دەوڵەتی عوسمانی دا و دوای شەڕی یەکەم جێهانی ئەم ناوچەیە کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و فەڕانسەوە.
زۆر کەس پێیان وایە شاری سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستانە لە بەر ئەوەی کە لە سەردەمی بابانەکاندا چەندین شاعیر کۆچیان کرد بۆ ئەم شارە و ئەدەبی ئەمڕۆش کە لەلایەن سێ شاعیر نالی بابان و سالم بابان و ماموستا کوردی بناخەی داندرابوو بۆتە هۆی درووست بوونی کتێبخانەی شێعری بابان کە گەنجینەیەکی شێعری جۆراوجۆری تێدا کۆکراوەتەوە کە تا ئێستاش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر شاعیرانی هاوچەرخی کوردستانیش هەیە.
 کۆنترین چاپخانەی کوردستان دەکەوێتە شاری سلێمانی و یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە شاری سلێمانی چاپ کراوە هه روه ها چه ندین ڕۆژنامه و میدیای بینراو به زمانی کوردی و عه ره بی له شاری سلێمانی چالاکن.
سلێمانی دوای هەولێر گرینگترین شاری عێراقە و زۆربەی خەڵکی ئەم شارە بە کوردی قسە ئەکەن و ووزەی کورد بوون و کورد پەروەری لە نێو خەڵکی ئەم شارە زۆربەهێزە.
کەش و هەوای ئەم ناوچەیە مدیترانەیی و زستانەکانی سارد و پڕ بارانە و هاوینانیشی گەرم و وشکە، چەمی جوانی تانجەڕۆ لە باشووری ئەم شارە تێپەڕ ئەبێت و هێمایەکی جوان بە دیمەنی ئەم ناوچەیە ئەبەخشێ.
زۆربەی خەڵک بە زاراوەی سۆرانی و کەمتریش بە کرمانجی قسە ئەکەن، ئەڵبەت عەڕەبیشی زۆر تیایە وزمانی عەڕەبیش لەوێدا بە ئاشکرا ئەبیندڕێ.
هەر وەها لە مێژینەوە ئەم شارە جێگە و شوێنی شێعر و نووسین و ئێستران  بووە وشاعیران ونووسەران ومێژوونووسان وسیاسەت زانان وپسفۆڕان وگۆڕانی بێژی فراوانی تیا بووە و ئێستاکەش هەر بەردەوامە.
شاعیرانێ وەک نالی، مەحوی، حاجی تۆفیق( پیرە مێرد)، فایەق بێکەس و نووسەری بە توانا وەک بەختیارعەلی و سیاسەت زانێ وەکوو شێخ مەحموودی بەرزنجی و مام جەلالی تیادا هەڵ کەوتوە.
زانستگای شاری سلێمانی یەكێ لە گەورەترین و گرینگ ترین زانستگاکان لە عێراقە، کە لە ساڵی ١٩٦٨ بە دەستووری سەدام حوسێن درووست کرا.
زمانی وانەی ئەم زانستگایە، کوردی، عەڕەبی، ئینگلیزییە
بۆ چوون بۆ سلێمانی لە ئێرانەوە  بە سەیارە ئەتوانین لەم سنورانەوە تێپەڕ بین:
 حاجی ئۆمەران لە پیرانشار، سیرانبەن لە بانە، باشماخی مەریوان، شوشمی لە پاوە ، شێخ ساڵە لە سەلاسی باباجانی ، بازاڕی تیلەکۆ لە سەرپۆلی زەهاو ، پەرویزخان لە قەسری شیرین.
جێگە گەشتیارییەکانی سلێمانی بریتییە لە:
بازاڕی شاز و بە ناو بانگی سلێمانی، بازاڕی عوسمان پاشا، بازاڕی نەقیب، بازاڕی شێخ مەحموود، بازاڕی غەفوور ئاغا، خانی عەجەم، خانی حاجی سەعید ئاغا، خانی عەبدوڵڵە درێژ، خانی سووتاو( سیگار).
پارکی سەر چنار، چاوی لەند، فەمیلی مۆڵ، مەجیدی مۆڵ
جل و بەرگی ئەم ناوچە بە دڵخوازی خۆیانە و زۆربەی خەڵکی ئەم شارە جلی کوردی لە بەر ئەکەن.
چێشتی تایبەتیان، کەبابە و چێشتی ناو خۆیان دۆڵمەی گەڵامێو و دۆڵمەی سڵق و كەلەمە
خواردنی  چایی ڕەش لە ناو خەڵکی ئەم شارە زۆر ئاساییە وزۆریان پێ خۆشە. هیوا دارم بتوانن سەردانی ئەم شارە کورد نشینە بکەن و لە سرووشتی جوانی کوردستان بەهرە بەرن.
28 شهریور 1404, 22:28
بازگشت