خەریکی چای خواردنەوە بوو. وتم: ئەو سەواد و قەڵەمەی تۆش بە کاری هیچ نایێت. لێمان بووە بە خنجەرەکەی ڕۆژی تەنگانە. بۆچی نامەیێکم بۆ نانووسی؟ وتی: چیت بۆ بنووسم؟ وتم: نامەی داماوی و ڕۆژڕەشیم. وتی: بۆ کێی بنووسم؟ وتم بۆ پیاوێکی دەوڵەمەند. خۆ وەکوو ئەو چڵکن دەوڵەمەندانەی خۆمان نییە کە ئەگەر کەسێک نانێکیان بخوات، هەتا مانگێک نەخۆشن. ئەم نانێک و گایەک لەلای بێفەرقە. وتی: جا بنووسم چی؟ وتم: بنووسە دایکم زۆر نەخۆشە، ئەوەی هەمبووە داومە لەڕێی دکتۆردا. ناکرێ بە تەنیاش بەجێی بهێڵم. بۆیە کارەکەشم فەوتا. تەواو بارمان لار بووە. مشک له ماڵمان کلکی چەور نابێت. وتی: هەر بە ڕاست دایکت ئەوەندە حاڵی خراپە؟ وتم: نەوەڵا، گورگی هار نایگرێ. لە پاش باوکم تەغارێ مێردی کردووە. وتی: دەی خۆ کابرای دەوڵەمەند، خوا سەری لێ نەشیواندووە، بۆ نامەیەکی پڕ لە درۆ، بێت و خەڵاتت بکات. وتم: وادەزانی هەروا بە گۆترە ئەو دەوڵەمەندەم هەڵبژاردووە؟ ئاگادارم کە ئەو پیاوە، دایکی بە هەتیوی گەورەی کردووە. ئێستا خاوەنی زۆرێک موڵک وماڵە لەم شارە. بەڵام ئەوا دە ڕۆژە دایکی مردووە. زۆر بۆی پەرۆشە. ئەگەر باسی دایک بەو شێوە کە من دەمەوێ، لە لا بکرێ، تەواو نەرم دەبێت. دەچم لە خزمەتیدا وێنەی کابرای لۆتی کە عەنتەرەکەی تۆپی، کز دەکەم و خۆم خەمبار و گرفتار نیشان دەدەم و بەشی خۆم هەڵدەکڕێنم.
دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: هەتیو لە خۆت ناماقووڵتریش لەم شارە شک دەبەی؟ خۆ سێبەڕۆت نەکردووە. بۆچی بە دوای کارو کاسبیێک ناکەوی و واز لە قۆڵبڕی ناهێنیت؟ وتم: دەی دەردەکە هەر ئەوەیە. دەمەوێ خۆم لە کار بدزمەوە. حەزم لە کار کردن نییە.
چوو کاغەز و قەڵەمێکی هێنا. چەند پرسیارێکی پێویستی کرد و پاشان تا درەنگانێ نامەیەکی بۆم نووسی. بەڵام خۆ هەر نامە نەبوو، پەخشانێکی نەخشان، ڕەوان و لەبەردڵان، وەها لە سەر وشەی دایک داکۆکی کردبوو، ئاوی لە چاوی خۆشم دەتەزاند. وتم: لە خۆڕا ناڵێن گەنج لە کەلاوەیە! من قەڵەمی وەهام هەبا، شام بە شوانی نەدەگرت.
دیار بوو ئەو تاریفەی منی پێ خۆش بوو. چوونکا وتی: ڕەشنووسێک لەو نامە بۆ خۆم هەڵدەگرم بۆ یادگار. من کە نووسەرم، هەتا ئێستا نەمدەزانی سواڵی بە قەڵەمیش هەیە.
چەند ڕۆژ، ڕێش و ڕدێنم نەتاشی، دەستێک جلی کۆنەم لەبەر کرد. وەها شێوەی مرۆڤی داماوم بە خۆم گرتبوو، گاورم بۆ موسڵمان دەبوو.
لەبەر ماڵی کابرای دەوڵەمەند وێستابووم. وتم کارم بە ئاغایە. سەرکز و ملکز چوومە ژوورەوە. لە لای سەرووی هۆدەکەی وێنەی پیرەژنێک بە دیوارەوە هەڵواسرابوو. نامەکەم دایە خزمەتیان و بۆ خۆم لە خواری هۆدەکە وەکوو نۆکەری قەدیم سەرم داخست و چاوەڕێی فەرمان مام. پاش خوێندنەوەی نامەکە کەوتە دەریای خەیاڵات و بیرکردنەوە. پاش زۆرێک ڕامان، هەستا و سەد دولاری پێدام و وتی هەستە بڕۆ بۆ خۆت هەوڵی کار و پیشەیەک بدە. ئەم کارانە نابێتە نان و ئاو بۆ تۆ. وتم گەورەم! من سواڵکەر نیم، دایکم نەخۆشە، وەکوو خوێڕی و نەکارا سەیرم مەکە. وتی: دەڵێن ورچ لە ئەشکەوتی خۆی شەڕ ناکات. منیش ناکرێ لە ماڵی خۆم شەڕ لەگەڵ میوان بکەم.
چوو لەسەر تاقەکە کاغەزێکی هێنا و نایە بەردەستم. وتی من دوێنی جارێک تاڵان کرام، بەسمە. ئەتۆش پاش خوێندنەوەی ئەو کاغەزە، بە حەیای خۆتەوە تەشریف بەرە.
کە سەیری نامەکەم کرد چاوم پەرییە تەوقی سەرم. دەک داوەشێی ڕەفیق. ڕەبی لە قەبریشدا نەحەسێیتەوە.
دەستەبرای خاوەن قەڵەمم، بێ گۆڕینی تەنانەت یەک وشەش، دوێنێ نامەکەی هێنابوو. ئەوەی من ویستم بیکەم، دوێنێ کردبووی.
کە هاتمە دەرەوە یەک شتم بۆ دەرکەوت. لەم شارەدا لە من ناماقووڵتریش هەیە، خۆیان دەرناخەن.
ئالبێرتۆ موراڤیا/ هالە ناظمی
خوێنەری خاوەنبیر!
لە کۆمەڵگا کەسانێک هەن کە بە درۆ و دەلەسە، کاسبی بە هەست و باوەڕی خەڵک دەکەن. جا هەتا زاناتر، داوەکەشی پانتر. بۆیە متمانە لە نێو خەڵک هەڵگیراوە.
بێکاری وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵگا، جیاوازە لەوەی کە کابرا هەر حەز بە کار و تێکۆشان نەکات. کار و تێکۆشان لە کەلتووری کورد نیشانەی نەفسبەرزی بوو. ژن و پیاوی کوردەواری زۆر بە غیرەت بوون. بەداخەوە ئێستا ئەو کەلتوورە کزە. کەسانێک بۆ پارەی بێڕەنج هەموو شتێک دەفرۆشن، خۆیان، قەڵەمیان، هونەریان و تەنانەت نیشتمانیش.
عیسا ئەحمەدی ١٤٠٤/٠٦/٠٥