لە قات و قڕی لە وشکە ساڵی
ڕایان ئەبووارد هەژار بە تاڵی
پیرەمێردێکی جوتیاری هەژار
دۆعای ئەوە بوو نەبێ شەرمەزار
کوڕ و کچی بوو کابرای جوتیار
ئەویان ئەی ناڵاند، ئەمیان لێو بەبار
جوتیار هەموو ڕۆژ ئەچوو بۆ بازاڕ
دەستی بە تاڵ بوو، چاری بوو ناچار
دەستی درێژ بوو لای هەموو کەسێ
بەڵام مخابن، کوا فریاد ڕەسێ؟
شەو ئەهاتەوە بۆ ماڵ خەجاڵەت
کوتێ نانی بوو، هەر وەک سواڵەت
چاوی بە فرمێسک دڵی پڕ لە خوێن
بە غەیری خەفەت هیچ نەبوو هەوێن
تاکوو ڕۆژێ چوو بۆلای ئاشەوان
وتی ئەتبینم شاد و کامەران!
یاخوا هەمیشە دڵخۆش و شاد بی
لە دەرد و مەینەت ڕەببی ئازاد بی
تۆزێ گەنمم بەرێ لە ڕێی خوا
با بی کەم بە نان مناڵم بیخوا
ئاشەوان وتی داوێنت بێنە
وەڵلا گەنمەکەی یەکجار خاوێنە
بۆی کردە داوێن زۆر بە خاوێنی
گرێی لەسەر یەک دا لە داوێنی
وتی با نەڕژێ گەنمەکەت توخوا
بۆ مەحکەم کاری گرێی تری دا
کابرای جوتیار زۆری دۆعا کرد
سەر ڕیگە کەوت و گەنمەکەشی برد
لە ڕیگایا هەر دۆعای ئەمە بوو
گرێ لە کاری خەڵکی وەکە زوو
گرێ لە کاری فەقیر و هەژار
گرێ لە ئیشی کابرای کرێکار
ئەوەندە جوتیار گرێ گرێی کرد
خواش گرێکەی لە داوێن شل کرد
گەنمەکەی ڕژا کابرای جوتیار
کردی بە داد و بێداد و هاوار
وتی خوایە ئەمە بۆ وات کرد؟
هەر نەتکرد، نەتکرد ئاوا کارت کرد؟
چەندەها ساڵە خوایی ئەکەی
فەرقی ئەم گرێ لەو گڕێ ناخەی؟
ئە من چەند کەرم داوات لێ ئەکەم
پووشووی سەر دەستم کارت پێ نەکەم
گرێی داوێنت بۆ چی کردەوە؟
خوام نەدیوە هەرگیز بەم شێوە
وتم گرێی خەڵک وەکە بە پەلە
گرێت کردەوە ئەویش بە هەڵە؟
زۆر خەفەتبار بوو کاکی جوتیار
فرمێسکی لە چاو هەر ئەهاتە خوار
سەری دانەواند گەنم کۆ وەکا
تورەکەی زێڕی دی، نێو خۆڵەکە
سوژدەی برد بۆ ڕەب هەر ئەوکاتە زوو
ئەو کارەت خوا پڕ لە حیکمەت بوو
گەنمت لێ ڕشتم، زێڕت لە جێی دا
ئە تۆی دلۆڤان، پەروەردگارا
خوا وڵامی دا، جوتیاری هەژار
تۆ خۆت مەبینە لە بان یاکوو خوار
تۆ من ببینە، پێم وتی سەد جار
ئەمن مفتاحم، بۆ چاری ناچار
ف. هەتاو خرمانان ١٤٠٤