لە سەفەرێک بۆ شاری دیاربەکر وا هەستم کرد کە بە ڕاستی یەکێ لە شارە خۆشەکانی کوردستانی باکوور دیاربەکر(ئامێد)ە، کە گەورەترین شاری کوردنشینی تورکیایە.
ئەم شارە، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیایە، کە بە کوردی(ئامێد) و بە عەرەبی (دیاربەکر)ی ناوەو لە پەنای چەمی گەورەی دجلەوەیە.
دیاربەکر واتە دەشتێکی دەژ، کە بە هۆی هاتنی عەڕەبەکانی قەبیلەی(بەکر ابن وائل) لە سەدەی حەوتی زایینی بۆ ئەم سەرزەویە ناوی دیاربەکریان بۆی دۆزیوەتەوە.
دیوارێکی درووست کراو بە بەردی ڕەش(بازاڵت) بە درێژایی شەش کیلۆمەتر ئەم شارەی لە ئامێز گرتووە کە هەبوونی ئەم بەردە ڕەشانە بیانوویەک بووە کە لە سەردەمی عوسمانیەکان ناوی(قەرەئامێد) لەم شارە بنێن.
نزیک بە یەک ملوێن کەس، نیشتەجێی ئەم شارەن و خەڵکی ئەم شارە بە زمان و زاراوەی کوردی کرمانجی قسە ئەکەن و پانتایی ئەم شارە ١٢١ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
لە ساڵی ٦١٢ بەرلەزایین، لە شەڕی نێوان ئاشووریەکان و مادەکان، ئاشوورەکان شکستیان خوارد و ئەم وڵاتە کەوتە دەست مادەکان.
هەخامەنشیەکان لە ساڵی ٥٤٦ پێش زایین، ئەم شارەیان گرت و لە ساڵی ٣٣١ پێش زایین ئەسکەندەری مەقدوونی دەروازەی ئامێدی کردۆتەوە.
قەڵای ئەم شارە یەکەم جار لە ساڵی ٢٩٧ زایینی لە لایەن ڕۆمیەکانەوە دورووست بووە و ماوەی پازدە سەدەی پێ چووە هەتا حەساری ئەم قەڵایە پەرەی سەندووە و بە بەردی گڕکانی ئاقاری ئەو شارە درووست کراوەتەوە.
قەڵایەکی بە ناو بانگ و زۆر لە مێژینەیە کە لە سەردەمی شەڕی(چاڵدۆران) عوسمانیەکان لە گەڵ لەشکری ئێران(شاه سمائیل) بە چەشنی سەربازخانە بۆ لەشکری عوسمانی بە کار هێنراوە، هەر وەها ئەم قەڵایە هەشتاودوو بورج و شەست و سێ کەتیبەی هەیە کە لە سەردەمی ڕۆمیەکان و عوسمانیەکانا دوروست بووە. کاتێ ئەچیتە سەر ئەم قەڵایە بە جوانی چەمی تیکریس ئەبینی و حەساری ئەم قەڵایە لە پانتایی و درێژایی لە دوای دیواری چینە.
لە ساڵی ٦٦ بەرلەزایین کاتێ ئیمپڕاتووری ڕووم ئەم وڵاتەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی ناوی ئەم شارە بە ئامیدا گۆردرا کە ئەم ناوە ڕیشەی ئاشووری و سووری هەیە.
لە ساڵی ٣٥٩ زایینی، شاپووری دووهەم کە شای ئێران بووە پاش ٧٣ ڕۆژ گەماڕۆی ئەم شارە، شاری گرت و زۆربەی زۆری سەربازە ڕۆمیەکان و خەڵکی شارەکە کووژران کە مێژوو نووسێکی خەڵکی ڕۆم بە ناوی (آمیانووس مارسلینوس) کە شاهیدی ئەم ڕووداوە بووە و لە کاتی شەڕەکەدا لەو شارە ڕای کردووە ئەمەی نوسیوە.
لە سەدەی حەوتەم هەتا سەدەی یازدەهەم ئەم شارە لە ژێر دەسەڵاتی مەروانیەکان بووە، کە دوای شەڕی ملازگرد، شار ئەکەوێتە دەست لقێک لە تورکەمانەکان بە ناوی( ماردین).
عوسمانیەکان لە سەدەی ١٥ و ١٦ لەم وڵاتە دەسەڵاتیان بووە، بەڵام لە سەردەمی سەفەوییەکاندا ئەم قەڵایە بەر تۆپبارانی لەشکری عوسمانی ئەکەوێت و ئەڕووخێ و لە دوای ماوەیەک لە نوێ درووستی ئەکەنەوە.
لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینی گرتووخانەی دیاربەکر ناوێکی باشی نابێت چوونکا پاشاکانی عوسمانی زیندانیە سیاسیەکانیان لە باڵکان بۆ تێپەڕ کردنی سزای دژوار بۆ ئەو زیندانە ئەنارد تا زیاتر سزایان بەن. شوێنەکانی تری ئەم شارە کە بۆ گەشتیاران گرینگە، پردی مەلابادی، کەلاوەکانی ئوک تەپە(شوێنێکی قەدیمییە وەک تەختی جەمشید)، موزەی باستانی، ماڵی ئاتاتورک.
سەدەی بیستەم زایینی سەردەمی توندووتیژی و نائارامی بۆ دیاربەکر بوو چوونکە لە شەڕی یەکەمی جیهانی زۆربەی ئاشوورییەکان و ئەرمەنیەکان لە دیاربەکر دەرکران و لە دوای گەمارۆ کردنی لەشکری عوسمانی، سەربازە فەرەنسەییەکان هووروژمیان هێنا کە شار بەدەستەوە بگرن و هەر ئەمە بوو بە هۆی شەڕێکی قورس لەم شارەدا.
لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی ناوی ئەم شارە لە پێڕستی میراسی جیهانی یونیسکۆ تۆمار کرا.
لە ناو شاری دیاربەکر زۆر کانی ئەبینی، هەر ئەوەش بۆتە هۆی دیمەنی زۆر جوانی شارەکە؛ ئەم شارە خاوەنی پێنج دەروازەیە بە ناوەکانی:(باب الماء، باب الجبل، باب الروم، باب التل، باب السر)
هەروەها خاوەن کەش و هەوای نە زۆر سارد و نە زۆر گەرمە، بەڵام بە زستانا کوێستانی پڕ لە بەفر و لە هاوینا بای گەرم و وشکی هەیە، بەڵام کاتێ چاوت بە دۆل و چەم و شیو و دارستانی چڕ و سەوزەڵانیە ئارام بەخشەکەی ئەکەوێت، ئەمجار هەست ئەکەی کە ئەم خاڵە بۆتە هۆی ئەوە کە دیاربەکر ببێتە شوێنێکی زۆر خۆش بۆ گەشتیاران.
دیاربەکر لە باکوورەوە بە شارەکانی الازیغ و بینگوول، لە باکووری ڕۆژهەڵات بە شاری مووش، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە شاری باتمان، لە باشوورەوە بە شاری ماردین و لە باشووری ڕۆژ ئاوا بە شارەکانی شانلی و ئورفا و لە ڕۆژ ئاواوە بە شارەکانی ئادیامان و مەلەتییە نزیکە.
ئەم شارە خاوەن چەندین چیای بەرزو جوانە کە بریتین لە: قرچەداغ، پیرعجمان، مهراب، آدم، لیس، سوپلیس، کووز، قردیلک، بربهیو، اندوک.
شەقامەکان و بازاڕەکانی ئەم شارە زۆر جوانو قەرەباڵغن، لەم شارە مزگەوت و قوتابخانەی لە مێژینەی زۆری تیایە، کە مزگەوتی شێخ موختار و مزگەوتی جامێع لە هەموویان کۆنترن.
زۆربەی خەڵکی ئەم شارە خەریکی درووست کردنی ئاڵتوونن و لەم ئیشەدا کارامەن.
چێشتەکانی ئەم شارە بریتیە لە: ئەسکەندەرکەباب، کفتە، دۆڵمە، گەزلەمە، سیمیت( جۆرێک نان)
جۆرێک فاسۆلیای تایبەت بە خۆیان، ئەزۆگین چۆرباسی( جۆرێک شۆرباو)، بورێک وپیزا.
شیرنی باقلاوە یەکێ لە شیرنییە بە ناو بانگەکانی ئەم شارەیە و دۆندورما جۆرێک بەستەنییە کە بە چەقۆ ئەیبڕن و بە کەوچک ئەخورێ.
هیوادارم ئێوەیش بتوانن ئەم شارە جوان و مێژوییە لە نزیکەوە ببینن.
(ف. هەتاو) فرووزان فەزڵی گوڵان ٢٧٢٤
