rojanpress.ir | جەللادەکەی نوگرە سەلمانی ده‌سگیر کرا

جەللادەکەی نوگرە سەلمانی ده‌سگیر کرا

«عجاج ئەحمەد حەردان» یەکێک لە تاوانبارانی ئەنجامدانی ئەنفالی خەڵکی گەرمیان (جەللادەکەی نوگرە سەلمانی) دەستگیرکرا.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: «عجاج ئەحمەد حەردان» یەکێک لە تاوانبارە دیارەکان کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق سەدام وەک ئەفسەر کاری کردووە ناسرابوو بە 'جەللادەکەی بەندیخانەی نوگرە سەلمان'، لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر کرا.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، دوای لێکۆڵینەوە وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خەیاندووە، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی لە پارێزگای موسەننا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی باشووری سەڵاحەددین، توانیان یەكێک لە دیارترین تاوانبارە هەڵاتووەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر بکەن.
تاوانبارەکە چەندین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام داوە هەروەها بەشدار بووە لە زیندەبەچاڵكردن و لە سێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد تاوانەکانی جەللادەکەی نوگرە سەلمان بریتیبوون لە؛ ئەشکەنجدان کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییان ئەنفال کردن هەروەها دەستدرێژی سێکسیشی کردووەتە سەر ئافرەتە دەستگیرکاوەکانی بەندیخانەکە دەزگاکە ئەوەشی ڕوون کردەوە.
بنەماڵەی تاوانبارەکە بە درێژایی ماوەی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو کە ناوبراو مردووە! بەڵام هەوڵە هەواڵگرییەکان بەردەوام بوون تاوەکوو شوێنی تاوانبار دەستنیشان کرا کە خۆی لە شوێنێک لە پارێزگای سەڵاحەددین حەشار دابوو.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی هاووڵاتییانی بێتاوانی عێراقی سوورە.

لەلایەکی ترەوە نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق داوا لە زیندانیان و کەسوکاری زیندانیان و بێسەروشوێنبوەکانی سەردەمی رژێمی پێشوی بەعسی کرد پەیوەندییان پێوە بکەن تاوەکو سکاڵا لەسەر عەجاج تۆمار بکەن.
ههٰ له‌مباره‌وه شانماز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
هەمیشە پشتیوانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال بووم ، وەک بەڵێنم پێدان هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین هەرچەند بخایەنێت، لێپرسینەوە لەوانەش بکرێت کە دەستی چەپەڵیان بەخوێنی ژنان و منداڵانی بێتاوانمان سوورە.
دواجار توانیمان شوێنی عجاج ئەحمەد حەردان دیاری بکەین کە یەکێک بوو لەو جەلادە دڕندانەی زیندانی نوگرە سەلمان لەقوڵایی بیابانی سەماوە لە پارێزگای موسەنا، دەستگیربکەین. ئەو زیندانەی هەزاران ژن و منداڵ و پیر تێیدا ئەشکەنجە دران و برسی کران و بە بێدەنگی خرانە ژێر خاکەوە.
عەجاج بە مامەڵەی دڕندانە و دژ بە مرۆڤایەتی و ئەو ترس و تۆقاندنە ناسراو بوو کە لەگەڵ شەهیدانی ئەنفالکراو بەکاری دەهێنا. وا لەدوای 37 ساڵ چیتر ئەم تاوانبارە ئازاد نییە و دەستبەسەرە.
داوا لەهەموو زیندانیەکانی ڕابردوو، خێزانی قوربانیانی ئەنفال، کەسوکاری بێ سەروشوێنبوان ئەکەم سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن و گەواهی بدەن تا دادپەروەری فەراهەم بێت و ئەم تاوانبارە خوێنمژە  لەسەر تاوانەکانی دەرهەق بەگەلەکەمان، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.
بەوپەڕی توانامەوە بەرگری لەم دۆسییە مرۆیی و مێژوویی و نیشتمانییە دەکەم. هەرگیز کۆڵنادەم لە یادکردنەوەی شەهیدانمان. بەردەوام دەبم لە تێکۆشان لەپێناو راستی و دادپەروەری
10 مرداد 1404, 19:40
بازگشت