خوالێخۆشبوو مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌ن جه‌وهه‌ری ساڵی 1322ی هه‌تاوی له دێی جامه‌رد سه‌ر به سایه‌نقه‌ڵا مه‌لا ده‌بێ. قاسم‌ئاغه‌ی جامه‌رد رۆژێك به مامۆستا ده‌ڵێ: قوربان خه‌یاڵم هه‌یه ئاشێك دروست كه‌م كه له‌و نێوه‌دا تاق بێ؛ لوتف بفه‌رموو نامه‌یه‌ك له زمانی منه‌وه بنووسه بۆ "وه‌ستا ئه‌حمه‌دی ئه‌ڵڵامورادی" كه یه‌كجار وه‌ستایه‌كی قابیل و سه‌رده‌رچووه، با بێ ئه‌و ئاشه‌مان بۆ دروستكا، ئه‌گه‌ر نامه‌كه‌ی به شێعر بۆ بنووسی زۆری پێخۆش ده‌بێ و زوو به ده‌نگمانه‌وه دێ. مامۆستاش له به رواری 1322/3/18 نامه‌یه‌ك به هه‌ڵبه‌ست ده‌نووسێ بۆ "وه‌ستا ئه‌حمه‌د" كه بێ بۆ جامه‌رد. وه ستا ئه‌حمه‌دیش دێ بۆ جامه‌رد و ئاشه‌كه دروست ئه‌كا.
ئه‌و جۆره به ساڵاچووان باسی ده‌که‌ن ئه‌و ئاشه ئاشێكی تا بڵێی خێرا و به نێوبانگ بوو. ئاشێڕ لێی وه‌ڕه‌ز نه‌ده‌بوو ئه‌و ئاشه به رۆژهه‌ڵاتی جامه‌رده‌وه له مووچه‌یه‌ك به نێوی دوواوان (دووئاوان) دروست كرابوو؛ جا بۆیه نێوبانگی به ئاشی دواوان رۆییبوو. له دوو قۆڵه‌وه (دیوی به‌ر رۆژ و دیوی نسار) ئاوێكی زۆری بۆ ده‌چوو. ئێستاش ئاسه‌واری ماوه.
كاتێ وه‌ستا ئه‌حمه‌د كۆچی دوایی ده‌كا نامه‌كه‌ی جه‌وهه‌ریی ده‌كه‌وێته لای وه‌ستا شوكره‌ی كوڕی وه‌ستا ئه‌حمه‌د كه ئێستا ماوه و دانیشتوی بۆكانه. نوسه‌ری کتیبی مه‌لا حه‌سه‌نی جه‌وهه‌ری خوالێخوشبوو عومه‌ر خوسره‌وی له به شێ له کتیبه‌که‌یدا ده‌نوسی چوومه لای و داوام لێ‌كرد. ئه‌ویش به پێخۆشبوونه‌وه شێعره‌كانی بۆ نووسیمه‌وه و پێیدام كه منیش ئه‌وه پێشكه‌ش به خوێنه‌رانی به ڕێزی ده‌كه‌م:
ئوستادی دانا میرزای خۆش ئه‌خلاق
به عیلم و سه‌نعه‌ت مه‌شهووری ئافاق
وه‌ستا ئه‌حمه‌دی ئه‌ڵڵا مرادی
نێوت رۆیشتوه وادی به‌وادی
ئه‌تۆ شه‌خسێكی ره‌ند و جه‌وانمه‌رد
زه‌حمه‌ت قه‌بووڵ كه تا كوو جه‌وانمه‌رد
ته‌مامه ئاشێك له نوێ بیناكه‌م
به شێعری كوردی با بۆت ته‌واو كه‌م
دوو جۆگه‌ی ببێ به‌ر رۆژ و نسار
نه مه‌ند و نه خوڕ ته‌راز و هه‌موار
سه‌ره‌نیای ته‌راز مه‌ند و به میزان
به راسته‌و گۆنیا وه‌ك حه‌وزی بۆكان
دۆڵی دارێ بێ ساف و بێگرێ
هێنده له بار بێ ده‌ستی لێ نه‌درێ
زه‌مبوره‌ی گه‌وره ساف و موده‌ووه‌ر
كیسه‌ڵ بێزه‌حمه‌ت پێیدا بێته ده‌ر
ئاشێك بێ سه‌خره رێی پێ نه‌بردبێ
بینای وا عالی هیچ كه‌س نه‌یكردبێ
به‌رده ئاشه‌كه‌ی حه‌و بست و گێر بێ
گرمه و زرمه‌كه‌ی وه‌ك نه‌ڕڕه شێر بێ
گه‌نم بكا به ئارد رۆژێ سێ ته‌غار
گرمه گرمی بێ وه‌ك هه‌وری به‌هار
چه‌قه‌نه‌ی وا بێ له هاتنی داندا
نه‌زیری نه‌بێ له رووی دنیادا
ئاله‌م تاریفه هیچی كه‌م نه‌بێ
خه‌لاتت ده‌كه م ئه‌گه‌ر ئاوا بێ
ته‌وه‌ره و بسته و په‌ڕه و تۆپه‌كه‌ی
ژێر دوزه‌قه و ئاو، مووروه سه‌نگه‌كه‌ی
هه‌مووی رێك و پێك، راست و مونه‌ززه‌م
هیچ نه‌قسی نه‌بێ نه زَور و نه كه‌م
***