rojanpress.ir | پووشپەڕ

پووشپەڕ

یەکەمین مانگی وەرزی هاوین، دەستپێیکی وەرزی هاوین، چوارەمین مانگی ساڵ لە ڕۆژژمێری کوردیدا.
ئەم مانگە لە 21 یان 22ی حوزەیران( ژوەن )وە دەست پێ دەکات و لە 21 یان 22ی تەمووز(ژولای)دا کۆتایی دێت.
یەکەم ڕۆژی ئەم مانگە واتە 1ی پووشپەڕ درێژترین ڕۆژی ساڵە و
یەکەم شەویشی بەپێچەوانەی شەوی چلە(یەڵدا)وە، کورتترین شەوی ساڵە.  دوای ئەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ماوەی ڕۆژ کورتتر دەبێتەوە و شەوەکان درێژتر دەبنەوە.
هۆکاری ناونانی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە بۆ زەردبوون و پەڕینی ڕەنگی گژوگیا لە سەوزەوە بۆ زەرد کە لەم مانگەدا ڕەنگی گژوگیا تەواو زەرد دەبێت.
"پووشپەڕ" وشەیەکی لێکدراوە و لە دوو بەشی "پووش + پەڕ" پێک هاتووە.  پووش واتە: گژووگیای وشکبوو، گژوگیای زەردبوو، پووش‌ و پەڵاش.
"پەڕ" لە "پەڕیو"ەوە هاتووە واتە: ڕەنگ‌پەڕیو، زەردبوو،.....)
لەم مانگەدا گژوگیا ڕەنگیان دەپەڕێ و ڕەنگی زەرد باڵ بەسەر کەژ و کێو و هەرد و دەشت و دەردا دەکێشێت.
هەروەها لەم مانگەدا میوە و بەروبوومی دار و درەخت پێ دەگات بۆیە بە شێوەزاری لوڕی، بەم مانگە دەبێژن: "مێڤەڕەس".
لە مانگی پووشپەڕدا هەوا گەرم دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا پلەی گەرما دەگاتە سەرووی 40 پلەی سیلیسی.
ناوی ئەم مانگە لە شێوەزارەکانی زمانی کوردیدا بریتییە له:
کرمانجی: تیرمەھ
هەورامی: کۆپڕ
کەلهوڕی: شەرت‌شوان
کوردکی: مەنگا پالی، تەمووزە، تیرمەنگ
لەکی: ئاگرانی
لوڕی: مێڤەڕەس
سۆرانی: پووشپەڕ

مامۆستای پایەبەرز و شاعێری مەزنی کوردستان، مام هەژار بەم شێوەیە پووشەپەڕی هۆنیوەتەوە:
یا خوا هەرکەسێ کوردی خۆش نەوێ
وەک پووشی پووشپەڕ بە ڕوودا کەوێ
بە داسی مەردی پاڵەی کوردستان
بیدەن لە تایە بۆ ساردی زستان
9 تیر 1404, 19:38
بازگشت