بەربڵاوی جوغرافیا، شێوەزار و فەرهەنگی کوردەواری و نەبوونی وشەدانی کۆنی کوردی (بەڵگە و دەستنووس) وای کردووە، پاڵپشتی سەرەکی ئێمە بۆ ڕەسەنایەتی و ڕیشە و پێناسی گیا و وشەکان ئەمانە بێ:
ــ گۆرانی و بەیت و حەیران
ــ پەند و قسەی نەستەق
ــ چیرۆک و ڕاز و گێڕانەوە
ــ ئاخاوتنی دێنشینیی نەخوێندەوار
ــ شوێنەناوی جوغرافیایی (ناوی گوند، چیا، کانی و ...)
جا با سەرێ لە دێڕە گۆرانی (زڵفی گیابهند و خاوە) بدەین کە گۆرانیبێژان بۆنخۆشی کەزیەی یاریان شوبهاندووە بە گیابەند (افسنتین لە فارسی) و گیاخاو.لەو ڕۆژانە بۆ باسی داری سۆبلەتی (بلچەسوور، گێوژی سوور) دەگەڕام. لە پەڕەی fb (گوندی گەرەوان) ـ بناری چیای کارۆخ لە ڕەواندز، وێنە و باسی دوو گیای بۆنخۆشی گیابەند و بۆغاوی بینی. پێشتریش ئەوەم زانیبوو لووتکەیەک لە زنجیرە چیای حەساڕۆست لە باڵەکایەتی ناوی بۆغاوە. شاخی بۆغاوە شوێنێکی بەردەڵانی و شاخاوییە. وەک پرسیبووم و زانیاریم کۆ کردبۆوە، گیای بۆغاو (عروس سنگ زاگروسی: Dionysia zagrica) بە زەرد و ماهـ و هەڵەمووتەکانییەوە دەڕوێ.
لە فەرهەنگی گیوی موکریانی بەم جۆرە باسی بۆغاو (بۆخاوە، بووغاو، بۆغاڤ، برک) کراوە:
گیایەکی بۆنخۆشی کێوییە بۆ بۆنخۆش و پارازتنی لە مۆرانە بە جلکان وەردەکرێ. وەکوو بێژانی وایە لە نێو شاخاندا پنجە و بستێک بڵند دەبێ و بۆنی خۆشە.
پێشتر من پێناسەی گیاخاو و بۆغاوم وەک دوو گیای جیا نووسیبوو، بەڵام ئێستە پێی گەیشتم هەر دوو یەک ڕووەکن و ناوەکە بە خاو، غاو، غاڤ، بۆخاو، بۆغاو، بۆغاڤ و بووغاڤ گۆڕاوە.
مامۆستا هێمن لە هۆنراوەی بەهاری کوردستان (تاریک و ڕوون) هێناویەتی:
لە هەوشین و گەدە و لەند
لە کوێستانی دە سامڕەند
هەڵز و بیزا و گیابەند
تێک چڕژا بۆتە زەمەند
مەندۆک و خاو و کەما
لە نەرمان و ئەستەما
خاڵی دیکە ناوی ئەو ڕوەکەیە لە ناوچەی شنروێ هەورامان - هەڵەبجە. لەو ڕۆژانە هاوڕێیەک - کاک ڕزگاری ئەمین - وێنەی ئەو گیایە لە شاخی بەڕەزای گوندی دێلێژەی قەرەداغ دانابوو. پەیجۆری بووم و لەو ڕێگەیەوە چوومە گوندی ڕێشاو لە بناری شنروێ. ڕێشاو مەڵبەندی پیر ئامۆش (خامۆش) یەکێ لە پیرانی خاوەن کەلامی یارسانە. هەروەها زوو ئەو ناوچەیە بازنەیەکی دەسەڵات و مڵکداری بووە بە ناوی (قەڵای سیمان). سەیری شەرەفنامە بکەی ناوچەی سیمان دیارە کاتی خۆی ئاوەدانیەک بووە. ئیستە تەنیا وەک قەڵا و شاخ ناوی ماوە.
لە تەمووی شاخەکانی ڕێشاو، وەکوو: کۆتەڵ، گۆزییل، کۆییڵ و سیمان ئەو گوڵە هەیە و بە (ولکەمەر) دەناسرێ. ولکەمەر وشەیەکی کۆنە. (ول) لە ناوچەی هەورامان و ئەردەڵان واتای گوڵ ئەدات، وەکوو: شاری دێولان، ئاوایی ول و ولانە و ... کەواتە وشەکە دەبێتە (گوڵی چیا: ول کەمەر). ئەمە جیایە لەتەک گیای وەرکەمەر. بۆنی ولکەمەر نەرم و خۆشە و بۆنی وەرکەمەر تیژ و توونە.
ولکەمەر گوڵێکی هەتا بڵێی سێحراوی و ڕازاوەرە. بۆنخۆش و جوان و ناسک کە لە دڵی شاخ و بەردی ڕەقەوە شین دەبێ.
لە شاخی شنروێ هەوار و لەوەڕگای ڕێشاوییەکان هەیە. لەوێ لە داوێنی بەفری میری شنروێ یاڵی ولکەمەران هەیە کە تەموویەکی سەخت و هەڵەتە.
ئەم گوڵە لە تەمووی شاخی پەڕاوی پشتی تاقەوسانی کرماشان هەم هەیە و لەوێ بە (گوڵ کاویان) دەناسرێ.