
ڕۆژی مامۆستا ڕۆژێکە بۆ ڕێزلێنان لەو کەسانەی کە بناغەکانی داهاتووی نەتەوەیێک بنیات ئەنێن. پەروەردە بەردی بناغەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەر وڵاتێکە و لە دوای بنەماڵە گەورەترین کاریگەری پەروەردەیی و کەسایەتی لەسەر مناڵان لە کۆمەڵگا لە لایەن قوتابخانە و مامۆستایانەوە پێکدێت.
سیستەمی پەروەردەیی بناغەی ڕۆشنبیری، بەرپرسیارێتی و گەشەپێدانی بەهادارە. ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگایەکی دینامیک، بیرمەند و ئەخلاقیمان ببێت، ئەبێت لە پەروەردەوە دەست پێبکەین. پەروەردە لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکان و ژیانی ئێستا و لێهاتوویی پیشەیی بێت.
پێویستە قوتابخانە شوێنێک بێت بۆ گەشەپێدان، پەرەپێدانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە و پەروەدەکردنی هاوڵاتی بەرپرسیار و بەهادار. پێویستە تێگەیشتنی خوێندکاران لە چەمکەکان، توانای شیکاری و کارامەیی کۆمەڵایەتی بەهادار بێت.
بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە پێویستە لەسەر بنەمای پێوەرە زانستی و ئەخلاقییەکان مامۆستا دابمەزرێنن. مامۆستا ئەبێ بە کەرامەتەوە بژی؛ بۆیە دابینکردنی بژێوی ژیان و گوزەران و پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی بۆیان پێویستییە. لە لایەکی ترەوە ئەبێت نوخبەی زانستی و ڕۆشنبیرییەکان ڕابکێشرێن بۆ سیستەمی پەروەردەیی بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی خوێندن.
ئەمڕۆ ئەبێت باوەڕمان بەوە ببێت کە خەرجکردن بۆ پەروەردە وەبەرهێنانێکە لە داهاتوودا. زیادکردنی بودجەی پەروەردە، پەرەپێدانی ژێرخانی و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆک و شێوازەکانی پەروەردە، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.
ڕۆژی مامۆستا دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە بیرمەندەکانی کۆمەڵگا و نوێکردنەوەی پابەندبوونمان بە چاکسازیی بنەڕەتی لە پەروەردەی وڵاتدا.