ڕوون و ئاشکرایە، چاند یا فەرهنگی هەر نەتەوەیەک بە تێپەڕینی زەمەن گۆڕانی بەسەردا دێت و کولتوور شتێکی نەگۆڕ و جێگیر نییە.
بەڵام هەندێ دابونەریت هەن کە لە دێرزەمانەوە تایبەت بە نەتەوەیەکن و نەتەوەکانی تر نەیانبووە.
بۆ نموونە کاتێ باسی هەڵپەڕکێی کوردی دەکرێت ، هەموو جیهان دەزانێت کە هی کوردە و هیچ نەتەوەیەکی تر لە دەوروبەرمانا هەڵپەڕکێ و سەمایان وەکوو کورد نییە، واتە ئەرد تاوەکوو ئاسمان لە دەنس و سەمای گەلانی تر جیاوازە.
یان جلوبەرگ کە بەشێکە لە چاند و کولتوور، لە نەتەوەیەکەوە و بۆ نەتەوەیەکی تر جیاوازە و هەر نەتەوەیەک جلوبەرگی تایبەت بە خۆی هەیە.
یەکێک لەو بۆنانەی کە لەلای خەڵکی کورد گرینگە جەژنی نەورۆزە، هەرچەند نەورۆز بۆ کورد بۆنەیەکی فەرهەنگی نییە. نەورۆز جەژنێکی دێرین و مێژووییه و مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستە و سەرکەوتنی کورد بەسەر دوژمنەکانیدا، نەورۆز هەردەم بۆ کورد هێمای خەبات و بەرخۆدان بووە و ئەم ڕاستییە لە شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە و دەیان و سەدان شیعری حەماسی و شۆڕشگێڕانەیان بۆ نەورۆز هۆنیوەتەوە.
کە نموونەی هەرە دیاریان شیعرەکەی پیرەمێردی مەزنە!
یەکێ لەو جیاوازییانەی کە نەورۆزی کوردەواری له نەورۆزی نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە هەڵکردنی ئاگر لە دوایین ئێوارەی ساڵی کۆنەدایە، کەچی نەتەوەکانی تر لە ڕۆژی چوارشەمە سووریدا ئاگر دەکەنەوە.
نەریتێک کە لەم ساڵانەی دواییدا و لە کاتی هاتنی نەورۆزدا،
هەندێ کەس بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگیی پێ دەدەن و وەکوو یەکێک لە نەریت و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز چاوی لێ دەکەن "حەوت سین"ە.
بە بۆچوونی ئەو کەسانە، حەوت سین لە بنەڕەتدا حەوت شین بووە و دواتر فارسەکان کردوویانە بە حەوت سین. [شین بە واتای شین و شینایی].
تەنیا بەڵگەیشیان بۆ ئەم بۆچوونە کتێبێکی ئەبووڕێحانی بیروونیە بە ناوی (الاثار الباقییه). تەنانەت لەو کتێبەشدا هیچ ئاماژەیەک بە کوردی بوونی ئەم نەریتە نەکراوە.
لێرەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی بۆچوونی ئەو بەڕێزانە تەنیا چەند پرسیارێک دەورووژێنم: ئەگەر بۆ ئەو پرسیارانە وەڵامیان هەبوو، ئەوە منیش دەچمە سەر دینی ئەوان و دەڵێم: حەوت شین هی ئێمەیە!
1- سەرچاوەیەکی مێژووییمان پێ بناسێنن کە لەلایەن کوردەوە یان ئەویدی کوردەوە نووسرابێت و ئاماژەی بەوە کردبێت کە حەوت سین یان حەوت شین هی کوردە؟
2- شاعیرێکی کورد ناو ببەن کە لە هۆنراوەکانیدا باسی حەوت سینی کردبێ و بە هی کوردی زانیبێت؟
3- کاتێ باسی نەورۆز دەکرێت ناکرێت باسی پیرەمێردی شاعێر و ئەو هەموو هەوڵەی لەپێناو زیندووڕاگرتنێ نەورۆزدا داویەتی، نەکرێت. ئەگەر حەوت سین نەریتێکی کوردییە بۆچی پیرەمێرد بەڕێوەی نەبردووە و باسی لێوە نەکردووە؟
4- لە کەسانی بەساڵاچوو پرسیار بکەن ئایا لە حەفتا هەشتا ساڵی پێش ئێستەدا، سفرەی حەوت سینمان هەبووە؟ یان لە باب و باپیرانیان بیستوووە کە "حەوت سین" هی کوردە؟
5_یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کوردی و تەنانەت جیهانیش" مەم و زین"ی ئەحمەدی خانییە کە تێیدا باسی نەورۆز و ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز کراوە. تەنانەت مەم و زین لە نەورۆزا یەکتریان ناسیوە و ئاشقی یەک بوون. ئەگەر حەوت سین لە کوردەواریدا باو بووە ،بۆچی حەزرەتی خانی ئاماژەی بە حەوت سین نەکردووە؟
6- فۆلکلۆر بەتایبەت گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان بەشێکی گرینگی فەرهەنگی کوردییە و زۆربەی دابونەریتە کولتوری و کۆمەڵایەتییەکان تێیدا ڕەنگیان داوەتەوە، ئایا یەک گۆرانیی یان چیرۆکی فۆلکلۆری هەیە کە باسی حەوت سینی تێدا بێت؟....
هەتا ئەم ساتە هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت حەوت سین یان حەوت شین نەریتێکی کوردییە. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم "حەوت سین" هەنووکە لەلایەن توێژەرانەوە مشتومڕی لەسەرە و هەندێکیان پێیان وایە کە لە بنەڕەتدا نەریتێکی هێندییەکانە و دواتر فارسەکان لەوانیان وەرگرتووە و ناوەکەیان گۆڕیوە.
جەمال مەریوانی (هەڵبەست)