rojanpress.ir | هاوبەشی دز و هاوڕێی کاروان

هاوبەشی دز و هاوڕێی کاروان

دوکتۆر ئارمان ڕه‌حیمی: ڕێکەوتی تڕامپ و زێلەنسکی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ژووری هێلکەیی کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، تراژیدیایەکی ڕاستەقینە بوو. ئەوەندە تراژیک و دڵتەنگ­کەر بوو کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە بیردا دەمێنێتەوە. سەرۆکێک کە هیوای دەخواست ببێتە پاڵەوانی نەتەوەکەی، بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەی لەدەست چووە، چەندین شاری وڵاتەکەی وێران کراوە، سەدان هەزار لە خەڵکەکەی کوژراون و ملیۆنهایشیان بێ­ماڵ و بێ­نیشتیمان بوون، و ئێستا لە ماڵی ئەو کەسانەدا کە پێیان وابوو گەورەترین پشتیوانی وڵاتەکەیێن، بێڕێزی لێکراوە و بە هەموو شتێکی، بۆ نمونە بە باوەڕەکانی، هەوڵەکانی و تەنانەت بە جلەکانیشی، گاڵتە کراوە. 
هەموو ئەمانە لەوانەیە بەهۆی هەڵەیەکی ژمێریاری و زۆر متمانەکردن بە وڵاتانێک ڕوویدا کە جگە لە سودەکانی خۆیان بە هیچ شتێکی­تر ناڕوانن. لە ڕاستیدا، زێلەنسکی بەبێ ئەوەی بزانێت، جەنگێکی داکۆکانە و وەکالەتی ئەنجامدا و ئێستا داوای لێکراوە کە هەموو تێچووەکانی جەنگەکە بە قازانجەکەیەوە بداتەوە. جەنگهایێک کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئوکراینا و غەزە ڕوویاندا، بە ڕوونی دەریانخست کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ کە چەندین دەیەیە لە جیهاندا بووەتە گفتوگۆیەکی باڵادەست، بۆ زلھێزەکانی جیهان چتێک زیاتر لە وتارێکی بەتاڵ و ئامرازێکی خۆ چاک پیشان­دان نییە و هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵات لە جیهاندا هەر ئەو چوارچێوەی هەیە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر هەبووە و ئەویش هێزی ئابووری، لەشکەری و ڕاگەیاندنە. 
وڵاتێک کە لەم هاوکێشانە تێ­نەگات، دانی پێدا نەهێنێ، یان لە دیاریکردنی ڕێڕەوە جیهانییەکاندا هەڵەی ژمێریاری بکات، زیانەکی قوڕس دەبینێت و لەوانەیە لە نەخشەی جیهان و شانۆی مێژوو بسڕدرێتەوە. ڕاستی ئەوەیە کە لە نێوان زلھێزەکاندا باش و خراپ بوونی نییە، هەموویان ئەگەر بتوانن لە داگیرکردنی خاک و تاڵان کردنی سەرمایە و کانگەکانی وڵاتانی تر دوودڵ نابن و لێ ناوێستن. بەڵام ئەمە چیرۆکی سیاسەتمەداران و بەهێزەکان بوو؛ چیرۆکی مرۆڤەکان و نەتەوەکان جیاوازە. 
مرۆڤەکان دەتوانن بەبێ روانین لە ڕەنگ و نیژاد و زمان و بیروڕاکان لەگەڵ یەکدا هاورێ بن یان لانی کەم ژیانێکی ئارام و دوور لە کێشەهایێکی گەورە لەگەڵ یەکدا بەسەر بەرن. مرۆڤەکان دەتوانن پاڵپشتی یەکتر بن، دەستی یەکتر بگرن و هەریەکەیان بەشی خۆیان لەم جیهانە فراوانە وەربگرن بەبێ ئەوەی لە ئاستێکی گەورە دەستدرێژی بکەنە سەر مافی یەکتر؛ ئەگەر خاوەنەکانی دەسەڵات ڕێگە بدەن!
وەک خاڵێکی کۆتایی، پێم وایە کوردەکانی سووریا کە ئێستا لە بارودۆخێکی مێژوویی هەستیاردان و پێویستە بڕیارهایێکی گرنگ بدەن، لەگەڵ هاوکێشەکانی هێز و ئاستی دڵسۆزی زلھێزەکان ئاشنا بن و لەم ڕووداوانە وانە وەربگرن و لە مێژوو فێربن. لەم نێوانەدا دەبێت زۆرتر پاڵ بە توانای ناوخۆیی خۆیان بدەن و هیوای زۆریان بە هاوکارییە دەرەکییەکان نەبێت. ئەگەر گفتوگۆ و ڕێکەوتنێکیش ڕوویدا، نەک لەسەر بنەمای بەڵێنی خالی بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو شتە بێت کە لەم کاتەدا وەری­‌دەگرن.
11 اسفند 1403, 20:43
بازگشت