ماوەیەک لەمەوبەر کتێبی کۆماری کوردستانی سوورم خوێندەوە، کە ئاماژەی بە زەوینەی دروستبوون و دامەزرانی کۆمارێکی سەربەخۆ لە دانیشتوانی کوردی دەکرد، کە ئەمرۆ ئەو ولاتە لە کۆماری ئازەربایجانی ئێستادیە. ئەم کۆمارە لە ساڵی ١٩٢٣ بە پاڵپشتی حکومەتی بەلشەفییەکانی یەکێتی سۆڤیەت هاتە ئاراوە و تا ساڵی ١٩٢٩ بەردەوام بوو.
هەڵکەوتەی ئەم کۆمارە لە ناوچەی نێوان قەرەباخ و ئەرمینیا بووە، کە شاری لاچین ناوەندەکەی بووە و ئەمڕۆ دەزانین گرنگییەکی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی زۆری هەیە. لەو سەردەمەدا، بەگوێرەی سیاسەتەکانی نوێکردن و کۆنترۆڵکردنی کاریگەرتر بەسەر ناوچەکانی ژێر کاریگەرییدا، ڕووسەکان پشتگیریان لە پەرەپێدانی زمانی کەمینە نەتەوەییەکان و پەروەردەکردنی نەتەوەکان بە زمانی دایکی خۆیان دەکرد.
بەداخەوە لەو سەردەمەدا ژمارەی خوێندەوارەکان و دابەشبوونی ناوچەیی نایەکسانیان و نەبوونی پشتیوانی خەڵکی دەوڵەمەند و کاریگەرە ناوخۆییەکان بووە هۆی ئەوەی کە ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست بچێت و زۆرێک لە کوردەکانی ئەو ناوچەیە وردە وردە تووشی ئاسمیلەکردنی فەرهەنگی و زمانەوانی بوون لە نێوان سێ نەتەوەی دیکەدا (ئازەری، ئەرمەنی و جۆرجیا)، کە سوودێکی دیمۆگرافییان هەبوو، و زۆرێکیان ناچار بوون کۆچ بکەن، بەجۆرێک کە ژمارەی ئێستای کورد لەو ناوچەیەدا زۆر کەمترە لە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی گەلانی دیکەی ئەو ناوچەیە چەند هێندە زیادی کردووە.
بێگومان لەو سەردەمەدا هەندێک هەوڵ لە لایەن هەندێک کەسەوە درا، وەک ئێرب شامۆ، کوردێکی شۆڕشگێڕی بەلشەفی و تا رادەیێک سەرکەوتنهایێکیشیان هەبوو، بەڵام نەبوونی پاڵپشتی دارایی و زانستی و کۆمەڵایەتی بوو بە هۆی ئەوە کە کەم کتێبی کوردی بۆ وانەوتنەوە لەبەردەستدا بوو (هەم لە بواری ژمارەی سەرباسەکان و هەم لە بواری ژمارەی چاپەکانیان). بە رای من وایە ئەگەر لەو سەردەمەدا خاوەن زەوی و زارەکان و دەوڵەمەندە ناوخۆییەکانی کورد لە سەر بریار و هیممەتی خۆیان هاوکارییان بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی و هەروەها فێرکردنی هەمەلایەنەی زمانی دایکیانییان بوایە بە دابینکردنی ئیمکاناتی چاپکردن و دامەزراندنی کەسانی پسپۆڕ و خوێندەوار، کورد لەمڕۆدا بوونێکی بەهێز و کاریگەری دەبوو لەو ناوچەیە و ڕەنگە، بە بۆنەی خەڵکی خوێندەوار و ئاگادار، ئەو ڕووداوە تاڵانەی کە بەدوایدا هات، وەک ڕاگواستنی دانیشتوانی کورد بۆ کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست لە ساڵانی ١٩٣٧ و ١٩٤٤، ڕووی نەدەدا و ئەمڕۆ هاوسەنگی سیاسی ناوچەی قەرەباخ جیاوازتر دەبوو.
بەداخەوە ئەگەر سەیری مێژووی نەتەوەی کورد بکەین، دەبینین شاعیران و نووسەران و کەسایەتییە ئەدەبییەکانمان زۆرجار تووشی هەژاری و نیازی دارایی بوون و ئەمەش وای لێکردوون کە نەتوانن تەواوی توانای خۆیان بەکاربهێنن بۆ پێشخستنی زمانی دایکی خۆیان. بابەتی پێویستی پشتیوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بۆ زمان و ئەدەبی کوردی و نەبوونی ئەم پشتیوانییە لە لایەن خەڵکی دەوڵەمەند و کاریگەری کورد زمانەوە زۆر بە ڕوونی لە کتێبی "چێشتی مجێور"ی مامۆستا هەژاردا دەبینرێت. بابەتی پشتیوانی گشتی لە زمانی کوردی لە بەرچاومان دوو هێندە گرنگە لە کاتێکدا کە دامەزراوێکی بەهێزی حکومیمان لەم بوارەدا نیە.
ئەوەی لە سەرەوە زۆر بە کورتی باس کرا، بە بەڵگەی مێژووییەوە گرنگی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکی بۆ مانەوەی نەتەوەیەک نیشان دەدات. بۆیە دەبێ لەم بوارەدا زۆر وریا بین و بە هیچ شێوەیەک ئەم بابەتە بە کەم نەزانێن.
پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان گرنگییەکی تایبەت بەم بابەتە بدەن و بزانن کە ئەرکێکی مێژووییان لەسەرە. لە ڕێگەی هەزاران ساڵ شەڕ و برسێتی و کوشتن و کۆمەلکوژی فەرهەنگی و زمانەوانییەوە، دایکان و باوکانمان، بە زەوق و حیکمەتی خۆیانەوە، توانیویانە ئەم میراتە ڕەسەن و دەوڵەمەندەمان بۆ بگوازنەوە. ئەمە بە تایبەت کاتێک گرنگ دەبێت کە بزانین لە چە قۆناغێکی کاتیداین؛ ئەرکی ئەمڕۆمان زۆر قورسترە لە ڕابردوو، چونکە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە زلهێزەکانی میدیا لە گەلانی جۆرواجۆر لە ڕێگەی سینەما و تەلەفزیۆن و گۆڤار و کتێب و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئینتێرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی سەپاندنی فەرهەنگ و زمانی خۆیان دەدەن بەسەر گەلانی نزیک و دووردا. ئەگەر ئەم ماوەیە فەرامۆش بکەین، بە سادەیی لە ماوەی چەند نەوەیەکدا ئەم گەنجینەیەی دەیان هەزار ساڵە لەدەست دەدەین و نەتەوەیەک کە زمان و ئەدەبی خۆی لەدەست بدات، لە ڕاستیدا هەموو شتێکی لەدەستداوە و دۆراندوێتی و لە گۆڕەپانی مێژوودا دەیسڕنەوە.
نووسەر: دوکتۆر ئارمان ڕەحیمی