عیماد کەریمیان/ «ئەڵڵاموراد رەشتیانی» ناسراو بە «کاک ئەڵا» لە دایکبووی ساڵی 1327ی کۆڵانی «تووتوونچی» گەڕەکی «پیرمحەمەو»ی شاری سنەیە و بە درێژایی تەمەنی پڕبەھرەی، لە بواری مۆسیقای تایبەت بە شایی، خزمەتێکی ئەوتۆی کردووە بە ھاووڵاتیانی خۆی و لە زۆربەی کۆڕە شادمانیەکانا بەشداریی ھەبووەو بەردەوام شادی بەخشیوە بە دڵی ھاونیشتمانانی.
کاک ئەڵا جگە لە کاری مۆسیقا، لە بەشی فیلم و سینەمایشدا بە بەشداری لە چەندین فیلمی جۆراوجۆرا، سەرکەوتنگەلێکی باش و بەرچاوی بە دەستھێناوە.
لە شەوێکی فێنکیی بەھاریدا، لە گەڵ دوو ھاوڕێی خۆشەویستم (کاک حەمید قەوامی و کاک ساسان ساڵحی) گەیشتیەنە خزمەت کاک ئەڵڵای ھێژا و خۆشەویست.

17 ساڵم بوو، شاگرد بووم لە چایخانەی «حەمە سمێڵ» لە دەور مەیانی شاری سنە. قوتابخانەیێک بوو لە پشت دوخانیات، خانمێ بە ناو «ئەردەڵان» ھات و وتی لەو قوتابخانەیە، جێژنی پیشاھەنگیمان ھەیە کەسێکمان گەرەکە بێت گۆرانی بخوێنێ بۆمان. «حاجی حەمە سمێڵ» وتی بڕۆ . منیش چووم. لێنا بۆ یەکەم جار گۆرانیم وت. عەکسیان لێم گرد و بە گەرمی پێشوازیان لێم. ئیتر لەو وەختەو دەسم کرد بە گۆرانی وتن بەڵام تەنیا ئەچووم بۆ زەماوەن گەورەگەل، لەوانەیش بەڕێزان: « موھەندس بەھای ئەدەب»، «بیژەن خان حەبیبی»، «سادقوەزیریەکان»، «مەحمووخان وەکێڵ»، «مێھردادخان وەکێڵ»، «فواد بابان»، «دوکتور خوسرەوی» و ھەروەھا بەگ و خانەکانی کوردستانی عێراق. بۆ شارەکانیتریش ئەچووم. زەماوەنی بنەماڵەگەل کورد لە تەواو ئێران چوومە. رۆژی 4ی گەڵاڕێزان لە «کۆشکی سەعادەت ئاباد» و رۆژی جێژنی نەتەوەیی بوونی نەوت لە «کۆشکی گوڵستان» لە تارانا بەرنامەم ھەبوو.
• وابزانم ھەر ئەو سەردەمە ھەندێ لە گۆرانیەکانت لە رادیۆ تۆمار کرد.
بەڵێ وایە. ھەم لە رادیۆ و ھەم لە شایی و زەماوەن ئەمخوێند. یەکەمین گۆرانیێکیش کە خوێندم لە رادیۆدا، گۆرانی «تۆز ئەکا تۆز ئەکا» بوو. ئەو زەمانە رادیۆ لە جێگەی ئیدارەی فەرھەنگ و ئێرشادی ئیسە بوو.
لە بیرمە لە زەماوەن «فەرشا»ی خوالێخۆشبوو ساڵ 1345 ، مامۆستا «حەسەن زیرەک» بۆ یەکەمجار لێنا گۆرانی «زاوا لە بووکێ مەدە»ی خوێند. کاک جەلال کەمانچەژەنیش ھاتبوو.ئەو کاتە گەرەکمان بوو ئەو گۆرانیە تۆمار بکەین رەییس ئەو کاتەی رادیۆ سنە پیاوێ ھەورامی بوو بە ناو «قادرپەناە» ئیجازەی نەدا تۆماری بکەین. ئیتر رۆشتین لە رادیۆ کرماشان تۆمارمان کرد. ژەنیاری تەپڵیش خوالێخۆشبوو «ئەحمەد موحەممەدی» بوو. لە رادیۆ رەزاییە، رادیۆ مەھاباد و رادیۆ کرماشانیش کارم کردووە. زۆربەی گۆرانیەکانم لە رادیۆ مەھاباد و رادیۆ کرماشان و رادیۆ سنە تۆمار کراوە.
• لە تێلێچزیۆنیش گۆرانیت ئەوت؟
بەڵێ تا پێش لە شۆڕشی ئیسلامی، لە تێلێفزیۆن بەرنامەی راستەوخۆم ھەبوو. ئاخر لەوکاتا بەرنامەکانی تێلێچزیۆن تۆمار ناکریا، تەنیا یەکجار بە شێوەی راستەوخۆ پێشکەش ئەکریا و ئیتر تەواو.
• ناوی مامۆستا «حەسەن زیرەک»ت برد، ئیتر لە گەڵ چ ھونەرمەندگەلێ کارت کردوە؟
من لە تەک زۆربەی گۆرانیبێژەکانا خوێندوومە. لە تەک مامۆستا «حەسەن زیرەک» لە زەماوەن خوالێخۆشبوو «فەرشا» گۆرانیم وتگە.
لە گەڵ مامۆستا «حەسەن زیرەک» ھاوڕێ بووین لە کرماشان زۆر پێکەوە کارمان کرد. پێکەوە ئەمانخوێند. من سەربەندی گۆرانیەکانیم ئەگرد بۆی.
یادی بە خێر مامۆستا «عومەر دزەیی»، مامۆستا «عەلی مەردان» و مامۆستا «تاھێر تۆفێق» ئەھاتن بۆ کرماشان لە گەڵ مامۆستا «حەسەن زیرەک» و کچەکانی پێکەوە گۆرانیمان تۆمار ئەکرد.
ھەروەھا لە گەڵ مامۆستا «ناسر رەزازی» و مامۆستا «نەجمەی غوڵامی» دۆست بووین و لە زەماوەنی ھەردووکیانا بەشداریم بوو.
بێجگە لەوان، لە تەک بەڕێزان: «عوسمان چکۆل»، «سەی ئیبراھیم سەقزی»، «حەمە حسێن بەھمەنی»، «عوسمانە سوور» و «ئیبراھیم قادری»یش کارم کروە. کاک بەراتیش کە مامۆستام خۆشەویستم بوو یادی بە خێر.
• چ گۆرانیبێژگەلێ زیاتر کاریگەرییان لە سەرت بووە؟
مامۆستا «موحەممەد ماملێ»، مامۆستا «سەی عەلی ئەسغەر کوردستانی» و مامۆستا «حەسەن زیرەک». یادی بە خێر لە زەماوەن بنەماڵەی «فەرشچی» لە چوارباخا گەییشتمە خزمەت مامۆستا ماملێ. ئەم سێ خۆشەویستە، لووتکەی گۆرانی کوردین.
• کاک ئەڵا بێجگە لە گۆرانی وتن، ئایا ئامێرێکیشت ژەندووە؟
بێجگە لە گۆرانی وتن ئامێری دایرەیش ئەژەنم. من 4 کارم بووە: گۆرانی وتن، شاباش کردن، دایرە ژەندن و کاری سینەما.
ئێستایش، نزیکەی 20 ساڵە مۆسیقام ناوەتە کنارەوە.
• کاک ئەڵا چۆن بوو رۆشتیتە ناو دونیای سینەما؟
لە چایخانەی حاجی حەمە سمێڵ دانیشتبووم. پیاوێ ھات وتی من «بەھمەن قوبادی»م، کاری فیلم ئەکەم.
من تا ئەو کاتە ناو «بەھمەن قوبادی»یم نەبیستبوو. وتی لە گەڵ کاک فایقی ھاوڕێت، دێن لە ناو فیلم کایە بکەن؟ وتی فیلمێکی 2 سەعاتەیە. وتم باشە. وامزانی ھەر دوو کاژێر ئەخاینێ. لەگەڵ کاک جەلال ساعێدپەنا و کاک ئومید راستبین رۆشتین بۆ کوورەی ئاجۆر لە «قەرچەک» لای شاری «وەرامین». لە دوای 4 کاژێرەوە ویستم بڕۆم، کاک بەھمەن وتی: بۆ کوێ!!؟ سێ چوار مانگ کارمان ھەیە پێکەوە... .
ئەو شەوە لە گەڵ مودیری بەرھەمھێنان، گرێبەستمان بەست و لە فیلمی «گۆرانیەکانی نیشتمانی دایکیی(آوازھای سرزمین مادری) کایەم کرد.
زۆر خۆشم ھات لە سینەما و گرینگیم ئەدا بە کارم. دوای ئەوە، لە فیلمی «دەف» کایەم کرد. ھەردوو فیلمەکە لە بارەی مۆسیقاوە بوو. دوایی ناو فیلمی «نیوەی مانگ» کایەم کرد.
• لەوەی کە لە پڕا بووی بە ئەکتەری سینەما، چ ھەستێکت ھەبوو؟
من کایەکەر و ئەکتەری حێرفەیی نەبووم و «نابازیگەر» بووم بەڵام توانیم لە گەڵ ئەکتەرگەلێکی بەناوبانگی ئێران وەکوو بەڕێزان«حەسەن پوورشیرازی»، «ھەدیە تێھرانی»، «گوڵشیفتە فەراھانی» و ... کایە بکەم. دوای ئەوەش لە بەرەکەتی کار کردن لە گەڵ کاک «بەھمەن»ی خۆشەویست، دەروازەی سینەما بە ڕووما کرایەوە و لە چەندین فیلمیترا کایەم کرد. بۆ نموونە لە گەڵ بەڕێزان: «مەمەد ئاتاش» (کوردی کوردستانی تورکیە) و «شەوکەت ئەمین» (خەڵکی ھەولێر) ھاوکاریم کردووە و لە مێھرەجانی نێونەتەوەیی فیلمی ھەولێر رێزم لێ گیرا.
لە دوای تەواو بوونی فیلمی «دەف»، لە گەڵ خۆما مەرجم کرد ئیتر لە زەماوەنا گۆرانی نەخوێنم. چۆن بڵێم، بە جۆرێ کاری سینەما رەوتی ژیانمی گۆڕا و ئێعتبارێ تایبەتی پێم بەخشی. لێرەدا پێویستە سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دەرھێنەری گەورەی کورد مامۆستا بەھمەن قوبادی بکەم کە مایەی شانازی گشتمانە.
• تا ئێستا سەرجەم لە چەن فیلما کایەت کردووە؟
تا ئێستا لە زیاتر لە 100 فیلم و سریال کایەم کردووە. لە چەن فیلمێکیشا کایەم کردووە کە ئێستە زۆر پەشیمانم و نابوایا کایەم کردایا... ھەندێ فیلم ھەبوو کە نەچووم پێم خۆش نەبوو. گەورەترین ئاواتیشم ئەمەیە کە پێش مەرگم تەنیا یەک جاریتر بمتوانیایێ لە فیلمێکیتری کاک بەھمەن قوبادیا کایەم کردایا.
• کاک ئەڵا عومرێ لە دیلان و شادی خەڵکا بوویتە و دڵی ھاووڵاتیانی خۆتت شاد کردووەتەوە، چ ھەستێکت ھەیە؟
من عاشقی سینەما و مۆسیقام. ھونەر ھەم کار و پیشە بوو بۆ من و ھەم دڵگەرمی بۆ ژیان. بە شانازیەوە ئەڵێم عومرێ خزمەتی ھاووڵاتیانی خۆشەویستی خۆمم کردوە بە جۆزێ کە ئەوەندە لە شادی خەڵکا بەشداریم ھەبوو کە نەمئەتوانی باش بە ژیانی خۆما بگەم بەڵام ئەگەر جارێکیتریش بێمەوە دونیا، ھەر ئەچمەوە بە دوای مۆسیقا و سینەما و بەم دوو ھونەرە پیرۆزە، خزمەتی نیشتمانە خەمبارەکەم ئەکەم.
ھەرگیز ناتوانم موحەبەت و خۆشەویستی گەلی کورد قەرەبوو بکەمەوە. ئەبێ پای ھاووڵاتیانم ماچ بکەم. من ئەگەر ڕێز و حورمەتێکم ھەیە ھی ئەو شایی و زەماوەنگەلەسە وا چوومە. چاو پاک و دڵ پاک بووم خەڵکیش خۆشمیان ئەویست. رۆژێ «دوکتۆر زولفەقارنەسەب» لە ناو شارا گەیشت پێم وتی: ئەمشەو شایی برازاکەمە حەز ئەکەم تۆیش بێی. وتم دوکتۆر گیان من ئیتر گۆرانی ناڵێم. وتی گۆرانی مەڵێ، پێم خۆشە ھەر وەکوو میوان لە شاییەکەمانا بەشدار بیت. بەڕاستی ھاووڵاتیانی ئێمە، زۆر رێز ئەگرن لە ھونەر و ھونەرمەند.
• رەوتی ئێستای گۆرانی و مۆسیقای زەماوەن لە کوردستان چۆن ئەبینی؟
مۆسیقای تایبەت بە شایی و زەماوەن وەکوو جاران نیە. ئێستە مۆسیقا ئەو رەنگ و بۆنە رەسەنەی نەماوە. بەداخەوە زۆربەی گۆرانیبێژەکان لە فەرھەنگ و کەلتووری کوردەواری دوور کەوتوونەتەوەو کەوتوونە دوای فەرھەنگی بێگانە. بەرپرسان و کاربەدەستانیش گرینگی و بایخ نادەن بە ھونەر و ھونەرمەند پەراوێز خراوە. جاران خەڵک تینووی مۆسیقا بوون بەڵام ئێستە ئەوەندە شتی ھەڵیت و پەڵیت لە باتی مۆسیقا ئەدرێتە دەرخوارد خەڵک، مەراقی خەڵک تێکچووە.
ھیوادارم بەرپرسان ھاوکاریی ھونەرمەندانی راستەقینەی ئەم گەلە بکەن و یارمەتییان بدەن. ئێمە ھونەرمەندمان زۆرە ئەبێ ئاگامان لێیان بێ و بە گیان و دڵ بیانپارێزین. دەورانی ئێمەیش بە سەر چوو. ئێمە تەواو بووین و چووین... ھیوادارم بەرپرسان دەستی لاوان و تازەلاوان بگرن.
• کاک ئەڵا گیان، دوایین قسـە...
مرۆچ کاتێ بوو بە ھونەرمەند ئەبێ لە ھەموو بوارێکا ھونەرمەند بێ. ئەبێ لە تەواو ژیانیا ھونەرمەند بێ. ئاواتەخوازی سەرکەوتنی گشت ھونەرمەندانی کوردستانم. سپاس بۆ ئێوەی خۆشەویستیش کە منتان بە سەر کردەوە.