وێنەی کاک سەلام شەریفی
تەمەنی دەف لە نێو بنەماڵەکەیاندا تابەئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ بانتر لە 100ساڵ وئەوین بە دەف،لە خوێنی دەماری خۆی وباب وباپیریاندا هەڵقوڵاوە،
لە بۆنەو جێژنەتایبەتمەندیەکانی دڵی کۆمەڵگا، دەنگیان هەمیشە تێکەڵاوی نەوای دەف بووە و چریکەیان ئاشنایە بۆ هەمووان و ڕۆحە ماندووەکانی پاراو کردووە.
بەرامەیەکە لە گوڵجاڕەکانی دەرەزەنجیر و تافێکە لە دڵی چەمەی خەسرەوبەگ ناوی کاک سەلام شەریفیە کوڕی مۆحەممەدغەریب و خاتوون پیرۆزە(فیروزه قادری) لە ڕۆژی 5ی جوەزەردانی 1362ی ک.ە لە ئاوایی سەربەرزی بۆڕیەر سەربەناوچەی سەوڵاوا له بنەماڵەیەکی ئایینی چاوی بە ژیان هەڵێناوە.
هەر لە منداڵیەوە خولیای هونەر بووە و ڕۆحی ئامێتەی جوانیەکان بووە هەربۆیە پێش ئەوەی فێری قسەکردن بێ هەرشتێ کەبەر دەستی کەوتووە دەفی پێ لێداوە و بەچاوی زەربێکەوە لێی ڕوانیوە و شەیدای ئەو جۆرە چالاکیانە بووە و بەرەبەرە لەگەڵ باڵاکردنی تەمەنیدا هۆنەرەکەشی باڵای کردووە.
یەکەم مامۆستا و ئۆستادی لەو بۆارەدا باوکی خۆی بووە و هەردەم ماڵیان خانەخۆیێ بووە بۆ زیکر و تەلیلە و دەف ژەنین و قەسیدە ومەدداحی هەربۆیە پێش ئەوەی ڕووبکاتە قوتابخانەکان زۆربەی مەقامگەلی دەف ژەنینی زانیوە، کاتێ کە پێ دەنێتە قوتابخانە وەک بەڕێوبەڕێکی بەشی مەراسمات وکۆبوونەوە تایبەتیەکانی قوتابخانە دەسنیشان دەکرێت و جیا لەوانەش وەک بانگوێژێکی دەنگخۆش و مەدداحێ هەر لەوتەمەنەدا کۆڕەئایینەکانی نێو مزگەوتەکان دەڕازێنێتەوە و گرووپ سروودێ خنجیلانە پێکدێنێ و دەبێتە تەکبێژی گرووپێ بەناوی «عاشقانی رسول اللە» (سەلام ودروودی خوای لە سەربێ)و تابەئەمڕۆش هەر ئەو گرووپە بەو ناوەیەوە لەلای ماوەتەوەوبە گوڕتر لەجاران خەریکی چالاکین.
لە پۆلی پێنجۆمی سەرەتاییەوە بەشێوەی شارەزا له بۆاری مەقام ،خۆی لە بەرگی فێرکاری دەف ژەنیندا دەبینێت و بۆ فێرکردنی فێرخۆازانی دەف ژەنین لەو تەمەنەدا قۆڵی هێمەتی هەڵماڵیوە و پێ ناوەتە گۆڕەپانی خزمەت بەهۆنەر.
شێخ موحەممەدغەریب شەریفی و کاک سەلام کۆڕیان
پاش فێربوونی مەقامەکان، لە پۆلی یەکەمی دواناوەندی دەبێ کە بۆ تێربوون لە کانیاوی زانست و فێربوونی نۆتەکانی دەف و فێربوونی زیاتر لە بەشی تئۆری دەف ژەنین دەچێتە خزمەت ئۆستاد پەرویزی ڕۆستمی کە ئێستایەکێکە لە دەرهێنەڕ و فیلمسازە بەناوبانگەکانی وڵات، و بە ماوەی 3جەلەسە و لە کەمترین دەرفەتدا بەجوانی فێر ئەبێت و دوواتر خۆی وەک جێگری بەشی ڕاهێنانی دەف ژەندن لە فێرگەکاندا دەبینێ و بەرەبەرە لە بۆارەکانی تردا شارەزاتردەبێت و دواتر چەند جەلەسەیەکیش دەچنە خزمەتی ئۆستادعەندەلیبی بۆ فێربوونی زیاتری دەف ژەنین بە شێوەی فەرمی تر.
هەر لەو ساڵانەدا بە دوا بەردەوام خەریکی دەف ژەنین و جێگەپەنجەی خزمەتیان جیا لە زێد و شارەکەی خۆی بە شارەکانی مەریوان، سنە، سەقز، هەورامانات، پاوە و زۆر شاری تریشەوە دیارە وهەردەم لە بۆاری قەسیدە و دەف ژەنین و مەولوودی خوانی چالاکیانی نواندووە وفێرخوازانی زۆریان بە پایە گەیاندووە و وەک ئەڵێن:تابە ئەمڕۆ نزیکەی 750نەفەر بە پلەی سەر و 1000نەفەریش لە پلەی خوارترەوە یان[مبتدی] فێری دەف ژەنین کردووە و ئەم ڕێژەیە ژن و پیاو و پیر ولاو ومناڵ دەگرێتەوە.
کاک سەلام شەریفی ئەمڕۆژانەش هەڕ لە شارەکانی سەوڵاوا و مەریواندا خاوەن شاگردگەلێکی تایبەتن و جیالەوەی کە وەک فێرکارێکی دەف خزمەت دەکەن، ئەندامی ئەنجۆمەنی مووسیقان لە شاری سەوڵاوان و خاوەن چەندین بەڵگەنامە و سپاسنامەی تایبەتی و جۆراوجۆرن.
زۆر خۆشحاڵەکە زۆرێک لە شاگردەکانی خۆی ئێمڕۆ لە بەرگی ئۆستادی ومامۆستاییدا دەبینێ وسەرکەوتوویی ئەوان بە سەرکەوتوویی خۆی دائەنێ و تەرخان کردنی زۆربەی کاتەکانی بۆ دەف و دەفژەنینی بۆخوی بە گەورەترین شانازی زانیوە.
وێنەی شێخ مۆحەممەدغەریب شەریفی
کاک سەلام شەریفی بە پێی توانایی خۆیان بەشداری زۆرێک لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و ئایینەتایبەتەکان بووە و بۆنموونە لە یەکەمین کۆنسرتی مەعلوولین و کەم ئەندامان لە وڵاتی ئێران کە لە شاری مەریواندا بەڕێوە چووە بەشداریان کردووە و دەنگی دەفی هەردەم لە سەر شاشەی ناوەندە دەنگوڕەنگەکانی وڵاتدا بڵاوکراوەتەوە.
کاک سەلام شەریفی جیا لە دەف و دەفژەنین بە سەر ئامێرگەلێ تری مووسیقا وەکوو شمشاڵ، نەی، زەهی کوبەیی، سێتار، دیوان، سنتوور و...شارەزایی تەواو نیوەتەواوی هەیە و لەخزمەت مامۆستایانێ وەکوو کاک ئۆمیدی مەریوانی، ئۆستاد یامەولا، ئۆستاد ئەلقاسی، ئۆستاد داوودی و زۆرێک تر فێری وانەی هونەر بووە تا بەجوانی وبە باشی بتوانێ کە قەسیدەکان ڕێکوپێک بێژێ و دەنگی جوانتر ڕێک کەوێ و بە گشتی تئووری مووسیقا بە چڕوپڕی فێربێ تا بتوانن بەرنامەکانیان هەردەم ڕێکووپێکتر بەڕێوە ببەن.
کاک سەلام شەریفی ئەمڕۆژانە خەریکی سازکردنی ئالبۆمێکی نوێی مەدداحی و نووسینی کتێبێکی تایبەت بە دەف و دەفژەنینە و بەهیوایە بە زووترین کات بتوانێ کتێبەکەی بەچاپ بگەیێنێ تا باشتر فێرخۆازانی هونەری دەف، بە ئامانجەکانیان بگەن و لەو ڕێگایشەوە توانیوێتی خزمەتێ بەوڵاتەکەی پێشکەش بکات.
[باوکی ئازیزیان[مۆحەممەدغەریب شەریفی ناسراو بە شێخ مۆحەممەد غەریب] و مامۆی بەڕێزیان و باواگەورەیان [شەریف شەریفی] یەکێ لەو کەسایەتیە بەناوبانگانەی ناوچەکە بوونە کە جیا لەوەی وەک کەسایەتیەکی عارف دێنەئەژمار لەبۆاری بەڕێوبردنی کۆبوونەوە ئایینیەکان لە ناوچەکەدا دەستێکێ باڵایان هەبووە و ناویان بە باشی بوەتە وێردی زارانی خەڵک و خاوەن دەنگێکی تایبەت بوونە و وەک پەسندەرێکی دەنگخۆش و عارفێکی دەفژەن خزمەتی خۆیان نواندووە، شێخ مۆحەممەدغەریب ئەو پیاوە ناودارەیە کە له سەرجەم ناوچەکانی هەوڕامان و سەوڵاوا وەکوو ناوچەی ژاوەرۆ، بەشی سەرشێوی مەریوان و زۆرێک تر لە ئاواییەکان ئاڵای تەریقەتی بەرزڕاگرتووە و هەردەم خەڵکی هان داوە بەرەو ڕەوشت بەرزی و خواناسی و خاوەن 8 ئاهەنگی تایبەتی عاریفانەیە کە خۆی دایهێناوە و لاسایی کردنەوەی تێیدا نابینی وئەم بەڕێزەش لە لای باوکیانەوە کە ئەویش مرۆڤێکی دەنگخۆش وعارفێکی ناودار و خواناس بووە وساڵانێکی دوور ودرێژ لە خزمەت باڕەگای تەریقەت بوونە، فێری ژەندنی دەف بووە و ئەو هونەرە و ئەو ڕەوەشتەیان گەیاندووەتە دەس ڕۆڵەکانی و بۆیە تەمەنی دەف لەو بنەماڵەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ زۆرتر لە 100ساڵ].
سەرچاوەکان: وتووێژێ لەگەڵ بەڕێز سەلام شەریفی