تەماشایەکی تابلۆ زەیتییەکان دەکەم و دەڕۆم، نیگەرانم لەبارەی پاتری مۆبایلەکەمەوە. بە خێرایی خۆم دەگەیەنمە کۆتا پاس. حەوسەڵەی ڕوانینم نییە بۆ جلی دڕاوی خەڵک و زبڵی ڕژاوی نێو کۆڵانەکان.سەر دەنێم بە پەنجەرەی پاسەکە و لە بۆری ئاسمان و هەڵکردنی گڵۆپەکانی شار ورد دەبمەوە.وەکوو مەلێکی دڵشکاو بەنێو ئێوارەیەکی غەمگیندا دەگەڕێمەوە بۆ ماڵ.
پەنجەکانم تەزیون، لەدەرگا دەدەم ناکرێتەوە.ناچار بەسەر دیوارەکەدا هەڵدەگژێم و دەچمە ژوورەوە، سەموونەکان ساردبوونەتەوە و باران کتێبەکەی دەستمی خوساندووە.
بەپەلە هیتەرەکە دادەگیرسێنم، کارەباکە دەکوژێتەوە.
تاقەتم نییە هەڵیبدەمەوە، چراکە هەڵدەکەم و ئاگردانەکە گڕ دەدەم.
باوکم خەوی لێ کەوتووە بەتانییەکی پڵنگی جارانیی ماوە، دەیدەم بەسەریدا و شۆرباییەک لێدەنێم.
جارجار هەناسەتەنگ دەبم و دەستەکانم دەلەرزن، لەسەرما دا نا؛
بێتاقەتم.
نان دەخۆین و باوکم خەریکی پینەکردنی قەمسەڵەکەی دەبێت، خۆمی لێدەدزمەوە نەکا بڵێت: (ئا کوڕی خۆم ئەو داوەم بۆ بکە بە دەرزییەکەوە!)تەمبەڵ نییم بەڵام بەرگە ناگرم پیربوونی ببینم.
سەرەڕای ئەوانە، خۆم ناناسمەوە، تێکەڵم بە ڕەنگی نامۆیی.
تەنانەت ئمڕۆ نەمتوانی وەڵامی سڵاوی هیچ کەسێک بدەمەوە. هەرچەندە هەستیار نییم بەرانبەر پیسی و چەپەڵی مرۆڤان دەزانم چییتر شتەکان وەک پێشتر نیین، بەهاکان گۆڕاون و ...
بەڵام هەندێ جار مرۆڤ دەحەپەسێت کە بەرگەی چ ئازارێکی گرتووە.
ئازارێکی قورس لەسەرمدا دەست پێ دەکات، وەک بڵێیت خەون دەبیینم، شتێک لەقوڕگمدا خنکاوە نازانم چییە؟
باوکم خەوت و منیش بەقووڵی دەکەومە بیرکردنەوەوە.
بڵێی گۆڕەکەی داییکم ئاوی تێ نەچێت؟
بڵێی خاوەن خانووەکە ئەم مانگەش لەسەرمان بووەستێ؟
بڵێی مەرجان... ئۆو مەرجان!
بۆچیی شووی کرد؟
نا ئەوەش گرینگ نییە ڕێگای خۆیەتیی، بەڵام کە خۆشی نەدەویستم بۆچیی جوانترین وشەی بۆ هەڵدەبژارم کاتێک دەدوا لەگەڵم؟
ئاخر لەکوێدا مرۆڤ بەخوێنی خۆی پرسەنامەی بۆ نووسراوە؟
لەبەرخۆمەوە دەڵێم «حەیف»
دەمەوێت وەکوو کوڕێکی ئاسایی بژیم ئاوا. بیست و پێنج ساڵان یانیش سی ساڵ بەڵام؛
زۆر لەوە پیرتر و ماندووتر خۆم دەبیینم، مرۆڤ کاتێک دڵی دەمرێت مافی خۆیەتیی خەمگین بێت.
هەستدەکەم نەدەبوو هێندە تەنیا بم، نەدەبوو دایکم بمرێت.
باوکم تەنیا ناوی هاوڕێی منداڵی خۆی دەزانێت، عەباسی خوسرەو و قالەی مەڕدۆش ناوی منی لەیاد نییە، تەنها دەزانێت کوڕی ئەوم.
تەنانەت ئەمانەش گرینگ نیین، ڕەنگە ژیان هەر ئەو تیژتێپەڕبوونە بێت و هیچی تر، وە ڕەنگە مانای قووڵتری لەخۆ گرتبێت.
نازانم، خۆ لەوانەیە خۆشبەختی هەر ئەوە بووبێت کە جێمانهێشت.
وەختێک لە بیرکردنەوە دەپچڕێم باوکم دەڵێت:(ئەوە ڕۆڵە کەی کارەبای ڕەیسی دێتەوە؟)
خەندەیەکی سادە دەکەوێتە سەر لێوم و لەدڵەوە پێی دەڵێم: ئای باوکە گییان، خۆزگەم بەخۆت کە یادەوەرییت لێڵە و لەکۆتایی ڕێگاکەییت!
من دەبێت چەندێکی تر ڕاستییم بۆ دەرکەوێ و چەندێکی تر بەرگە بگرم؟
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان