یەکەمین ئاشنایی و بەرامبەربوونەوەی زۆربەی منداڵان لەگەڵ گێڕانەوە، دەق و وشە نڤیسارییەکان لەڕێگەی کتێبی وێنەییەوە دروست دەبێت. منداڵان لەڕێگەی ئەم کتێبانەوە نە تەنیا جیهانی دەورووبەر و چیرۆکەکان دەناسن، بەڵکوو لەگەڵ چەمکی خوێندن و کتێبیشدا ئاشنا دەبن. کتێبی وێنەیی لەیەکەمین ساڵەکانی ژیانی منداڵدا کاریگەرییەکی زۆر گرنگ و تایبەتی لە تواناییەکانی زانیاریی گەشەسەندن وەک: توانایی زمانی، ناسینەوە و دیتنی ئەواندا هەیە.
هەروەها ئەم کتێبانە لەرێگەی دەق، وێنە و چەمکێک دەگوازنەوە یان چیرۆکێک دەگێڕنەوە. هەندێک جار دەقی کتێبی وێنەیی لەهەموو کتێبەکەدا چەند ڕستە، لەهەر لاپەڕەیەکدا چەند وشە و هەندێک جاریش هیچ نووسراوەیەکی تێدا نییە، بەم جۆر کتێبانە کتێبی وێنەیی بەبێ نووسراوە دەڵێن.
بەڵام کتێبی وێنەیی ناتوانێت بە تەنیایی ڕەوڵێکی ئاوەها گرنگ لەگەشەی هەمەلایەنەی منداڵاندا هەبێت.
دایک، باوک، دایەن، مامۆستای باخچەی ساوایان لە ئەم کتێبانەدا ڕەوڵێکی گرنگیان هەیە. ئەم کتێبانە دەبێت لەلایەن گەورەکانەوە بۆ منداڵان بخوێندرێتەوە. توێژینەوەکان سەلماندویانە کە کاریگەری کتێبی وێنەیی لە گەشەپێدانی زانایی منداڵانی کەمتر لە سێ ساڵدا بێ وێنەیە. زۆربەی توێژینەوەکان لەبارەی کتێبی وێنەیی بە ڕەوڵ و کاریگەری ئەم کتێبانە لە گەشەی ناسینەوە، هەستەکی و جوانیناسییە.
ڕادەی کەمی توێژینەوە لەم بوارەدا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:
۱: یەکەم ئەوەیە کە کتێبی وێنەیی گونجاو بۆ منداڵانی کەم تەمەن زۆر سادەیە، ئەم کتێبانە یان دەقێکی کەم یان بێ دەقن.
۲: دووهەم ئەوەیە کە کار لەگەڵ منداڵانی کەمتر سێ ساڵدا زۆر دژوارە، چونکە ئەم منداڵانە کاردانەوەی گوتارییەکی زۆریان نییە و تێگەیشتن یان شرۆڤەی کاردانەوەی ئەوان لەپەیوەندی لەگەڵ کتێب دژوار و ناڕوونە. ئەوان ناتوانن هەستەکانی خۆیان بە وشە دەرببڕن.
کاتێک کە منداڵ بۆ یەکەم جار کتێب بە دەستەوە دەگرێت، نازانێت چی لێ بکات. ئەو لەڕێگەی بەرانبەرە گەورەکەیەوە تێدەگات کە ئەمە نە کەرەستەی یارییە و نە خواردنە، بەڵکوو تایبەتمەندییەکانی لە جۆراوجۆری ڕەنگەکان، وێنە و چوارچێوەی بەکارهاتوو لە لاپەڕەکانیدایە.
بڕیار نییە کە ئەو لاپەڕانە بدڕێنێت یان بیجوێت، بەڵکوو دەبێت سەیریان بکات. هەڵبەت منداڵ هێشتا ئەو تواناییەی باش بەدەست نەهێناوە. کتێبی تایبەت بۆ منداڵانی کەم تەمەن زۆرتریان لە پارچە، پلاستیک یان کارتوونی ئەستوور درووستکراون.
هەستی منداڵ لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی کتێبدا دەبزوێت. منداڵ پێش ئەوەی کە بتوانێت ناوی ئەو شتانە بە زمان بهێنێت، بەرامبەر بە وێنەکان کاردانەوەیەکی جۆراوجۆر نیشان دەدات؛ دەستی لەسەر وێنەکان دادنێت، بە نینۆکەکانی وێنەکان دەکڕێنێت و دەنگ و ئاوازێک لەسەر کەیفخۆشی لەخۆی نیشان دەدات. ئەم شێوازە ڕەفتارە کاردانەوەی گەشەی هەستی لە منداڵدایە.
منداڵ لە ساڵانی یەکەم و دووهەمی ژیانیدا، جیهان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەڕێگەی هەست و کاردانەوەکانیەوە دەناسێتەوە. لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی زۆر سەرەتاییانە ئاشنا دەبێت. بەگشتی ناسینەوەی منداڵ لەسەرەتادا ڕاستەوخۆیە و تەنیا کەرەستەکان و کەسایەتییەکانی دەورووبەری لەگەڵ دیتن و دەستلێدان و بەرکەوتن دەناسێت.
منداڵ لەڕێگەی کتێبی وێنەییەوە تێدەگات کە هەندێک لە وشە گریمانەییەکان کە لەکتێبەکەدا بوونیان هەیە لە ئاخافتنی ڕۆژانەدا نایبیستێت و ئەو دەبێت ئەوانە لەجێگەی وشە ئاساییەکاندا قبووڵ بکات. بە وتەیەکی دیکە، زمانی کتێبیی لە زمانی ئاخافتنی ڕۆژانە جیاواز فێر دەبێت.
منداڵ بەگوێگرتن له دەقی کتێبی وێنەیی، لەگەڵ پێکهاتە، ڕێزمان و زمان، لەڕێگەی بیستنەوە ئاشنا دەبێت. ڕستە یان کۆڕستە دووپاتکراوەکان یارمەتیدەرە تا نموونە زمانییەکان بۆ لای منداڵ ڕابکێشێت. کتێبی وێنەیی ڕێگە بۆ گەیشتنی منداڵ بە واتا خۆش دەکات. کاتێک کە منداڵ سەیری وێنەکان دەکات و بەرانبەر گەورەکەی ناوی هەر وێنەیەک بە دەنگی بەرز دەخوێنێتەوە، منداڵ تێدەگات کە لە نێوان وێنە و وشەی نووسراو لەژێریدا پەیوەندییەک هەیە و لەم ڕێگەوە دەتوانێت هەم لە وێنە و هەم لە دەق زانیاری بەدەست بھێنێت.
ڕوانگە تیۆرییەکان ڕوونی دەکەنەوە کە ئەم جۆر کتێبانە بە چ شێوازێک منداڵ لەگەڵ ئەدەبیاتدا ئاشنا دەکەن. منداڵ سەرەتا فێر دەبێت وێنەیەک لەو کەرەستە و دیاردانەی کە بەبێ ئەوەی لەو ساتەدا بوونیان هەبێت لەمێشکی خۆیدا وێنا بکات، هەروەها بەرەبەرە چەمکە ناکۆکەکان و بەردەوامبوونی ڕووداوەکان هەست پێدەکات. ئەو فێر دەبێت کە دەتوانێت لەڕێگەی ئەم کتێبانەوە ئەزموونێکی زۆرتر بەدەست بهێنێت.
کتێبی وێنەیی دەبێت چەند تایبەتمەندییەکی هەبێت:
یەکەم: هەست به گۆڕانکاری لە چیرۆکەکانیدا بکرێت. ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێت فیزیۆلۆژیکی یان هەستیاری بێت.
دووهەم: لەگەڵ تەمەنی منداڵدا بگونجێت و بتوانێت ئەزموون بۆ منداڵ بەدی بهێنێت.
سێهەم: کورت بێت و زوو بخوێندرێتەوە تا منداڵ بتوانێت چێژی لێ ببینێت.
چوارەم: زمانەکەی ساکار و نەرمونیان بێت، بەشێوەیەک کە هەم منداڵ و هەم گەورە، چێژ وەربگرێت کاتێک بەدەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە. یارمەتیدەر بێت بۆ زیاتر کردنی وشە لە مێشکی منداڵدا. پێنجەم: بایەخی هونەرییان هەبێت.
ئەو کتێبانەی کە وێنەی ناڕوون و بێ کواڵێتییان هەیە نەتەنیا هیچ یارمەتییەک بەتێگەیشتنی دیتنی منداڵ ناگەیەنن بەڵکوو خەسارێکن بۆ خواست و ویستی ئەزموونی بینراویان.
ڕەنگە ئەمە ببێتە پرسیار بۆمان کە گرنگایەتی ئەدەبیات بۆ منداڵانی کەم تەمەن لەچیدایە؟
بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەدەبیات لەژیانی منداڵاندا کاریگەرییەکی زۆری هەیە، هەستی خۆشی و سەرفەرازییان بۆ بەدی دەهێنێت. تێگەیشتنی ئەوان لە هەستەکانی خۆیان و ئەوانی دیکە زۆرتر دەکات، وشەی زۆرتر فێر دەبن و لەگەڵ پێکهاتەی چیرۆکدا ئاشنا دەبن.
شایانی ئاماژەیە لەنێوان ئێلمانە دیتنیەکاندا، ڕەنگ، لە بەستنەوەی منداڵ بە وێنەوە کاریگەرییەکی زۆر گرنگی هەیە. ڕەنگ دەبێتە هۆی شادی، و هەستی منداڵ دەبزوێنێت. ڕەنگ لەکتێبی وێنەییدا باری واتایی هەیە. ڕەنگ، کۆد یان هێمایەکە بۆ نیشاندانی کەشی چیرۆک، هەستی کەسایەتییەکان، و گرنگایەتی کار و شوێن و واتاکانی شاردراوە لەچیرۆکدا.
ئەگەر خوێندن و نیشاندانی کتێبی وێنەیی بە منداڵ زووتر دەست پێ بکرێت و بەردەوامیی تێدا بێت کاریگەری زۆرترە. خوێندنی کتێب بۆ منداڵ لەڕۆژانی سەرەتایی لەدایکبوونی بەستێنێکی باش بۆ پەیوەندی نیوان دایک و باوک بۆ منداڵ بەدی دەهێنێت. دایک و باوک لەبارەی دەق و وێنەی کتێبەکە لەگەڵ منداڵەکەیاندا لە گفتوگۆدان و منداڵ بەرەبەرە وشەی نوێ فێر دەبێت. هەڵبەت دایک و باوک دەبێت بزانن کە لانیکەم لە حەفتەیەکدا سێ جار و هەر جار پازدە خولەک کتێب بخوێننەوە. بۆ خوێندنی کتێب دەبێت منداڵەکەت لە ئامێز بگریت و کتێبەکە لەبەرانبەریدا بکەیتەوە. ئەگەر وێنەیەک زیاتر سەرنجی منداڵەکەی ڕاکێشا هەوڵ بدەن کە لەو لاپەڕەدا زیاتر بمێننەوە.