
ئەو ئەمەگناسی و قەدرگرانییە لە هەرکەسێک ناوەشێتەوە، چونکە لەم قۆناغە ئاستەنگەدا کە تەنانەت خوشک و برایش نایانپەرژێتە سەر یەک، یەحیا بەوپەڕی حورمەتەوە نەک هەر لە کاتی ژیاندا کە لە وەفاتی هونەرمەندا بە جوانترین شێوە ئەسپەردەی خاکیان دەکات.
کاک یەحیا بە تێکۆشانی بێوچانی لە شارەداری زەمینی وەرگرت بۆ قەتعەی هونەرمەندان، هەتا شوێنەوار و ناوی ئەوان مەزنتر ڕاگرێ و خەڵک وشیار بکاتەوە کە زیارەتی تایبەتی خۆشەویستانی گەلەکەیان بناسن و نرخی هونەر بزانن.
وەک وتوویانە، هونەرمەند و ژیانی خؤش مەحاڵە، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەشێک لەوان دەسکورت و هەژارن. بۆیە کاک یەحیا بۆ ئەو کەسانە جگە لە هەدیە، پووڵی نەختیشیان پێشکەش دەکا. یەحیای دڵفراوان و خەمخۆر، سەرەتای دەستپێکی پووڵی لە هونەرمەندان و نووسەران کۆ دەکردەوە و خۆیشی سەری دەخست بۆ یارمەتی نەداران، بەڵام هەنووکە چەن ساماندارێکی لایەنگری هونەر قۆڵی کوردانەیان هەڵماڵیوە و خەرجکێشی ڕێزلینان لە هونەرمەندانن کە لێرەدا جێی خۆیەتی وەک شاعیرێک دەستی کاک یەحیا و هاوڕێیانی ماچ کەم و لە میری مەزن داوای تەمەندرێژیان بۆ بکەم هیوادارم، لەم ڕێچکە و ڕێبازەدا بەردەوام بن.
بۆ خوالێخۆشبووی گۆرانیبێژ «فەتانە وەلیدی» کاک یەحیا مانگانە بێجگە لە پووڵی نەختی خواردن و کەلوپەلیشی بۆیان دەبرد. فەتانە کاتی خۆی لەگەڵ باوک و براکەی دەژیا.یەحیا ئێستایش لەسەر ئەو ڕێبازە پیرۆزە بەردەوامە.
جاروایە لەبەر خۆمەوە دەڵێم: لەوانەیە یەحیا هەناردەی خوا بێت. ئاخر لەم سەردەمەدا بەشەر فریای کێشەکانی خۆیشی ناکەوێت. ئەو هەموو دڵەڕاوکێ و دەغدەغە بە کێ دەکرێت.
لە وشەیەک یان ڕستەیەک یان کورتەوتارێکدا ئەو هوموو گەورەیی و پشوودرێژییەی کاک یەحیا پێناسە ناکرێت، دەڵێم: پیاوە هەرەپیاوەکە، خێرخواز و لایەنگری هونەرمەندان، یاخوا تەمەندرێژ و دڵخۆش بیت و هەرگیز خەم و ئازار نەچێژی و لەم ڕیچکە و ڕێبازەدا بەردەوام بیت. گوڵزاری مرۆڤایەتیت کەسک و ئاوەدان بێت.
سەرماوەزی ١٤٠٣