rojanpress.ir | حورمەتی بەساڵاچووان پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتیە

حورمەتی بەساڵاچووان پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتیە

مرۆڤی باش وەکوو داری بەری وایە کە لەسێبەر و بەرو بوومی بە باشی کەڵک وەردەگیرێ.  
دایک و باب، ژیانی خۆیان لەپێناو بەژەوەندی و سەربەستی منداڵەکانیان ڕادەبوێرن.
باوەشی گەرمی دایک دەبێتە کۆشکی ئەوینێکی بێکۆتایی و لە گەڵ هەموو چرکە ساتەکاندا وەکوو فریشتەی بەختەوەری باڵ بە سەر کۆرپەکەیدا دەکێشێ. هەر وەها بابیش ئەرکێکی گرینگی لە بابەت وە دەست هێنانی بژیو و دابین کردنی کەلووپەلی ماڵ و شوێنی حەسانە‌وه و....هتد، و ئەستۆیە، کە لە زۆر بنەماڵەکاندا دایک لە هەر دو شوێندا دەوری بەرچاوی هەیە.
ئەم دوو کەسایەتیە بەڕێزە کە هیچ کاتێک ناتوانین ئەرک و گەورەییەکانیان بە پووڵ و ماڵ و سامان بنرخێنین، وێنەی دوو سەربازی گیان لە سەردەست، ئەوەی هەیانە لەم ڕێگایە‌دا بەختی دەکەن.
دیارە ئەمە شتێکی ئاسایی و سادە و ساکار نییە و ئەرکێکی زۆر قورس و تاقەت‌پڕووکێنە کە بۆ قەرەبووی ئەو ئەرکە
لەڕادەبەدەرە تەنیا چاوەڕێی ڕێز و حورمەتێکی وشک و خاڵین.
بە درێژایی مێژوو، هەموو جۆرە هەڵسو کەوتێکی چاک و خراپ بینراوە و ئەوە دەسەلمێنێ کە مرۆڤەکان بیر وبۆچوون و خو و خدەی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە.
بەڵام لێرەدا، سەبارەت بە کەسانێک دەدوێین کە ویژدانی خۆیان پێشێل دەکەن و سووکایەتی بە گەورەکانیان دەکەن.
دیارە بە عەکسەوە کەسانێکی زۆریش هەن کە گەورەکانیان وەکو چاو، دەپاریزن و ڕێز و حورمەتی باشیشیان دەگرن.
پێویستە ڕێزی تایبەت لە دایک و باب و بە ساڵاچووان بگرین و بە پێی ئەرک و یاسای مروڤایەتی کە لەقوڕئانی پیرۆزیشدا، ئاماژە بەو ئەرکە مەزنە کراوە.
لەوانەیە لە زۆر بنەماڵەدا هەڵەی سووکایەتی و بێحورمەتی بەرامبەر بە گەورەکان بێتە ئاراوە کە تاڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی جووڵانەوە و هەلسوکەوتی دایک و بابەکانی ئێستا لەگەڵ دایک و بابەکانی خۆیان.
کاتێک منداڵ چاولێدەکا بابی لە گەڵ باپیر و داێەگەورەیدا چۆن دەجووڵێتەوە، ئەو هەڵسووکەوتانە لە بیرگەو مێشکی منداڵدا دەچەسپێ و ئەویش هەر ئەو ڕێوشوێنە دەگرێتە بەر.
لێرەدا ئاماژە بە دوو نمونە بەسەرهات دەکەین.
1- کوڕێک لە بابی وەڕەز دەبێ و لە کۆڵی دەکا و بەرەوکێو و تەلانێکی سه‌خت و دژواری دەبا کە لەوێوە بابی خۆی
هەڵدێرێ و بیخاتە خوارێ.
کاتێک لە بابی دەڕوانێ، چاولێدەکا، بابی لە بەر خۆیەوە وڕینە دەکا و پێدەکەنێ.
کوڕە بەسەرسوڕمانەوە بە بابی دەڵێ: ئەمن دەمەوێ لەو هەڵدێرەوە بتخەمەخوارێ، دەکرێ بڵێی بەچی پێدەکەنی؟ بابی لە وڵامدا دەڵێ: ڕۆڵە هەر کارێک هۆکارێکی هەیە و حەقی خۆمە فڕێمدەی، ئەمنیش هەر لەم
شوێنەوە بابی خۆم خستۆتەخوارێ.
ئەوجار کوڕە هێندێک بەخۆیدا دیتەوە، تێدەگا چ هەڵەوتاوانێکی گەورەی کردووە، بابی دەباتەوە بۆ ماڵێ و داوای لێبوردنی لێدەکا.
2-ژنێکی ئاوارە و بێدەرەتان کە لە کووچە و کۆڵان بۆ بژیوی خۆی سواڵی دەکرد کوتوویەتی: ئەمن کوڕەکانی خۆم لە ماڵە بچووکەکەی خۆمدا بەڕێوە هێنان و بەخێوم کردن تا گەورە بوون، کەچی ئەوان لە ماڵە گەورەکانیان جێگایەکی بچووکیان بۆ دایکیان نییە.
ئەمە ئەوپەڕی مێشک ڕەشی ئەو کەسانە دەگەێینێ و بەهیچ شێوەیەک ئەو بیرە چەوت و چەواشەیە لە چوارچێوەی یاسای مرۆڤایەتیدا ناگونجێ.
 ژیانی ماشێنی و هەوڵ بۆ وەدەست‌هێنانی ئامڕازی زریقە و بریقە، وەها کارەساتێکی بە سەر کۆمەڵگای ئەوڕۆی ئێمە هێناوە کە ئاگامان لە دەور و بەری خۆمان بڕاوە.
پوول و پارە و ماڵ و سامان و ماشێن و.....) جێگای ڕەحم و بەزەیی و دایک و باب و هەموو شتە بە نرخەکانی گرتۆتەوە کە ئەمە سەدان کارەساتی دەروونی و ڕۆحی بە دواوەیە کە تووشی خەسارێکی گەرەمان دەکات.
ژیان بە نیسبەت ساڵانی پێشوو زۆری گەشە کردووە و ماڵەکان لەوپەڕی ئاوەدانی و ڕووناکیدان، بەڵام بێخەبەرین ماڵی دڵەکانمان تاریک و تنۆک و پێوارن.
لە ئاوا ماڵێکدا کە خاڵی لە ئەوینداری و مرۆڤ‌دۆستییە، کوا دەتوانێ ساباتی حەسانەوە و پێکەوە ژیان بێت.
بە ساڵاچووان کانگای ئەزموون و ڕێکاری ژیانن کە بەرەی نوێ بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکی و ئەرێنیەکان دەتوانێ لەو گەنجینە بە نرخە کەڵک وەرگرێ.
پەراوێز خستنی بەساڵاچووان کاردانەوەیەکی دژوار و چەوتی بە دواوەیە و لە دواڕۆژدا دەبێتە چەمۆڵەیەک بۆ نێو چاوانی مرۆڤایەتی.
پیر، جگە لەوە هەست بە تەنیایی و بێکەسی دەکا، لە باری دەروونیشەوە، تێکڕا کۆشکی هیوا و ئاواتەکانی ڕووخاوە.
لە باری جەستە‌شەوە ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بەرو داڕمان و کزی و کەنەفتی دەڕوا و خۆی لە ژوورێکی تاریک و تنۆکدا دەبینێ.
ئەگە‌ر بێتوو هەموو پێداویستیەکانی ژیانیشی بۆ دابین بکرێت، ڕێز و حورمەتیشی هەبێت، هێشتا ناتوانێ مایەی
دڵخۆشی و شادمانی بێ بۆی! بۆچی؟ لە بەر ئەوە ئەو ناتوانێ لەخۆشیەکانی ژیان چێژ وەربگرێت، بە هۆی نەبوونی تەندرووستی و ئازاری جەستەیی و دەروونی و دەیان گرفتی دیکە، دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەم کەسە بەچاوێکی ڕەشبینانە لەژیان بڕوانێ.
جا بەعەکسەوە ئەگەر ئەو بەساڵاچووانە نەدار و دەست کورتیش بن و بێ ڕێزیشیان پێبکرێت، دەبێ چ حاڵێکیان هەبێ و چەندە ئەسرینی خەمباری و ڕۆژەڕەشی هەڵوەرێنن.
هیوادارم کۆمەڵگاکەمان بەرەو زەلکاوی فەرهەنگی نەڕۆن و ئاوڕ دانەوەیەکمان لە داب و نەریتی باوو باپیرانمان هەبێت، هەتا لەمە زێدەتر وەیشوومەی نەهامەتی ڕوومان تێنەکات و داب و نەریتەکان پێشێل نەکەین.
گەلی ئێمە خاوەن فەرهەنگێکی دارا و دەوڵەمەندە، کە دەتوانین لە پیرانی خاوەن ئەزموون، بەهرەوەربگرین و داهاتوومان گەشەدارتر بکەین. بەو هیوایە.
6 آبان 1403, 14:36
بازگشت