بە درێژایی مێژوو، سەربردە و بیرەوەرییەکان زۆرترین خوازیار و بیسەریان ھەبووە. دەمەوێ پێوەند بە قۆناغ و سەردەمی منداڵیم، لە خۆشەویستیی دەنگخۆشێک، ھونەرمەندێک کە وەک قارەمانێکی ئوستوورەیی بە لامەوە گرینگ بوو، بدوێم. بۆ ھەوەڵین جار لە زەماوەندێکدا چاوم پێی کەوت. ئەو دیدارە هی سەردەمێک بوو کە گەلێک چیرۆک و گەورەیی و جوانچاکی کە مەزنتر لە مرۆڤ بوو وە پاڵ قارەمانەکەم دابوو. وەک بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی قەت لە بیرم ناچێتەوە، وەک سێبەرێکی نادیار کە تەنیا بە دەنگ بیستبووم، بە سەفحە و شریت یاکوو لە ئیزگەی کرمانشان و بەغدا لە ڕادیۆ یاکوو قەوان. وەکوو گۆمێکی مەند، وەکوو شاخێکی ھەزار بە ھەزار کە دەنگی ھەڵدهێنا، وەکوو تاڤگە و ڕووبارێکی ڕەوان دەچووە نێو دڵی زەوی و زاری ویشک و قاقڕ، ڕۆدەچوو، دەبوو بە ھەوێن بۆ داھێنانێکی ھونەری بۆ نێو دڵی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا؛ لە جووتیار، سەپان و خوێندەوار، ھەتاکوو شێخ و مەلا بە بیستنی ئەو دەنگە وەکوو خهرمانی سوور ھەموو دەگەشانەوە. لەرەی دەخستە دڵی ڕێبوارانی تینووی ئەو ڕێگا نادیارە کە بە نیگارێکی نەھێنی لەگەڵ کۆمەڵگای خۆیدا دەژیا. ھەر چەندە بە جەستە نادیار بوو، بەڵام لە کۆڕ و مەجلیسی خەڵکدا دیار و خەمڕەوێن بوو، لە ھەموو بابەتێکەوە ھەستبزوێن، وە بیرھێنەری زۆر بیرەوەرییە خۆشەکانی ژیان. گۆرانییەکانی، ھەنگاوێک بوون بۆ نزیک بوونەوەی چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگا لە یەکتر. جیا لەوە کە ھەڵبەستەکان لیپاولیپ لە ھونەر و ساکاری بوو، بەڵام لە قورگێک دەھاتە دەر، ئەنگێوە بوو و دەنیشتە دڵ بە زمانێکی ساکار کە پشتی بە فۆلکڵور و ئەدەب و وێژە بەستبوو ھەر لەبەر ئەوە دەلاقەیەک بوو بۆ گەشە و نەشەی ھونەری گۆرانیی کوردی. دیتنی خەون و خولیایەک بوو کە بڵێی ڕۆژێک بیبینم؟ دەیانکوت لە ڕادیۆ کرمانشانە، نا لە ئیزگەی بەغدا! ئەی بۆ لەو شارە دیار نییە، لە چی دڵی گیراوە، بڵێی لەو شارە تۆرابێ، بڵێی لە مریەم بۆکانیش تۆرابێ؟ بەردەوام بیرم لێ دەکردەوە شتێک کە ھزری منداڵی منی دەتەنییەوە و زۆر جاریش وڵامی سەیر و سەمەرەم بە خۆم دەدایەوە. ئەو دەنگە ھونەرێکی زیندوو بوو، نەسرەوتوو، لە پەیکەری جوانی ئەو ھونەرە دەدوا، بەڵام چارەنووس وا بوو، ھەر لەو شارە نەبوو، بەڵام ئارام و لە سەرەخۆ، دەنگی بە سۆزی وەک تیرێژی خۆر، وەک شنەی بلاوێن، جاری وا بوو وەک بایەکی سەرکەش لە ھەموو دەرگا و دیوانێک بێ دەنگی شار و دێهاتی دەشڵەژاند. ورووژێنەری شەقامی چۆل، لە فەزایەکی سیحراوی بە دەنگی نازی ئەو ئاوازە، فەزایەکی ماناداری بە مەجلیسی گشت خەڵک دەبەخشی. ئای چەند بەخشەندە بوو!
کەڵەھونەرمەندی بێناز، غەوارە لەو شارە، لە ھەموو جێیەک ئاوارە، حەسەن زیرەک، کانگایەکی مەزن لە جوانی و ھونەر کە ھەنگاوی دەنا نێو شەپۆلی جەماوەر، ھەستێکی پرشنگداری بە خەڵک دەبەخشی، بە حەق ھونەرمەندێکی خەڵکی بوو، لێوڕێژ لە ھەست و ھەناسە، پەیکەرەی جوانی مرۆڤ بوو، ھەموو کەس چێژی لێ وەردەگرت؛ ئێمەی مرۆڤی ئەو دەوەرەیە لەگەڵیا نەژیابووین، تەنیا بە دەنگی ڕاھاتبووین، ئۆخژنی دەخستە نێو گیان و دڵان و بۆ منێکی منداڵ، زۆر جار تامەزرۆی دیتنیم دەکرد بڵێی ئەو ئاواتەم وەدی بێ؟ ئاواتێک بوو دوور و دەست پێڕانەگەیشتوو، بەڵام ناھومێد نەبووم. ساڵی 1349ی ھەتاوی پۆلی چوارەمی سەرەتایی، لە قوتابخانەی «قەڵای سەرداری بۆکان» دەمخوێند. ماڵمان لە گەڕەکی «تەقتەقان» کە دەکەوتە خوار شاری بۆکان و نزیک گەڕەکی «ئاشیخانم». بۆکان شارێکی چکۆلەی خنجیلانە، بەڵام بە باگراوەندێکی دەوڵەمەندی فەرھەنگی و ئابووری، ئاوەدان بە دەشتی موکریان. ھەر لەبەر ئەوە خەڵک بەگشتی تێروتەسەل بوون و کەسی ھەژار و نەداری دەگمەن بوو، ھەر بۆیە قاتوقڕی دوای شەڕی جیهانی لەو ناوچەیەدا زۆر کەم بیندراوە. شارێکی جوان و ڕازاوەیە کە مرۆڤی جوان و باشی تێدا بەدی دەکەی. بۆکان شارێکی چەقبەستوو لە سەر فەرھەنگی بەرتەسکی عەشایری نەبوو؛ شارێکی کراوە بە ئەدەب و ھونەر و نووسەر و دەنگخۆش و بیرمەند. ھەر ئەو سەردەمانەی شانۆی ھاملێتی «شکسپیر» دەھاتە سەر سەکۆی شانۆ و «عومەری حەمیدی» شانۆی «پسر خاک»ی دەنووسی و لە لایەن «گرووپی شانۆی جەوان» دەچووە سەر سەکۆی شانۆ. ھەر ئەو دەمانە «عومەر سوڵتانی» ناسراو بە «وەفا» کتێبی «سرود پرستو»ی دەھۆندەوە و شاعیر و نووسەری ئێران «سەعید سوڵتانپوور» لە دێهاتەکانی بۆکان وەک موعەلیم (سپاهی دانش) بوو و دۆستایەتی لەگەڵ «وەفا» بووە1. ئەو کاتانەی کوردی نووسین باو نەبوو و بڤە بوو و وەفا بیرمەندانە لە کاتە سامناکەکانی ژیان لەگەڵ جوانی و گەلەکەی دەدوا و بە شوێن جەستەی ونبووی خۆیدا دەگەڕا.
«ئای... چەندە غەریبم
لە وانەی وا خۆشم دەوێن
چەند نامۆم
بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێم
چلۆن ون بووم
لە شەقامی فێ لێهاتووی
ئەم ژیانهدا»
زۆریەک لە کوڕە ئاغاکان لە زانستگەکان خەریکی خوێندن بوون و بەشێکیان وەک باوەڕمەندێک بیر و باوەڕی ڕووناکبیرانەیان بوو. لە سەردەمانێکدا دوای تێکچوونی دەسەڵاتی دوکتۆر «موسەدیق» و شۆڕشی جووتیارانی ناوچەی بۆکان لە «چۆمی مەجیدخان» و «فەیزوڵڵابەگی» ئەوە «برایمخان سۆران»ە کە دەبێتە داڵدە و پشتیوان بۆ جووتیاران، دەرەنجامەکەشی ڕزگاری چین و تۆێژێکی زۆری جووتیارانی لێدەکەوێتەوە کە دوایی ئەوەی دەربەدەر دەکرێن، لە زستانێکی چەتوون پەنایان دەدا و دەبێتە یاریدەدەریان. حەسەن زیرەک تەنیا لە خانەقای «شێخانی زەنبیل» نازی دەکێشرێ و «سوارەی جوانەمەرگ» لەگەڵ «نەرگیس»ی ئازەری کە کارکەریان دەبێ، پەیمانی ھاوسەری پێکدێنێ. دیوەخانی حاجی ڕەحماناغای موھتەدی بۆ بیرمەندان میللی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، ڕووناکبیرانی ئایینی . وەک زانستگەیەک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و وتووێژی بیرمەندان. ئەوانە و سەدان بەڵگەی دیکە نیشانمان دەدا بۆکان شارێکی چەقبەستوو بە بیری کورتی عەشایری نەبووە و کراوە و ئاوەدان بە ھەموو بیر و ھزرێکی شارستانییەتی سەردەم بووە.
قەڵای سەرداری بۆکان: وەک کۆشکێکی چکۆلە وابوو
کە قوتابخانەی سەرەتاییمان بوو لە ساڵەکانی 1349 و 1350ی ھەتاوی
دوکتۆر فەریدریشی ئاڵمانی کە پزشکێکی عالەمی بوو و دوکتۆری ناوداری ئێرانی یارمحەممەدی ناسراو بە دوکتۆره «شێتە» کە نەشتەرگەرێکی کەموێنە بوو، ساڵگارێک لەو شارە مانەوە. غەفوور ئاشناگەر ساڵی 1340 ھەتاوی بۆ یەکەم جار سینەمای لە بۆکان دامەزراند. ڕادەی قوتابی لەو شارە بەتایبەت خوێندکاری دەرچوو لە زانستگاکانی ئێران بەرچاوە. ھەر لەو ساڵەدا لەو شارە 20 ھەزار کەسییە، 15 خوێندکاری پزیشکی لە زانستگەکانی تاران، تەورێز، شیراز و 20 خوێندکاری موھەندسی، دوو خەلەبانی دەبێ. ھونەر و ئەدەب لەو ناوچەیە بوو بە ھۆی گەشەی عەقڵی و ڕووحی و بوو بە هۆی پێکهێنانی فەزایەک کە شێوازی ھەست کردن و بینین بگۆڕێ و ئەوانە چاوێکی نوێمان بداتێ بۆ سەیر کردن و ھەست کردنی شکۆ و شادی جوانی و ھونەر!
ئەو دەمانەی زارکی ئاسمان تامی بەفر و بارانی لە بیر نەچووبۆوە، بۆکان بە قۆرغ و دارستان تەندرابوو، ھەر شیو و دۆڵێکی ھاژەی ئاو و جۆگەلە و ڕووبار بوو. دوو چۆمی بەخوڕی «تەتەھوو» و «جەغەتوو» وەک دوو برای چاک دەشتی بۆکانیان پاراو دەکرد. ماڵمان لە ئاوایی «عەزیزکەند»، ھەڵکەوتوو لە 30ی کیلۆمیتری ڕۆژئاوای بۆکان بوو، ساڵی 1349ی ھەتاوی بۆ خوێندنی چوارەمی سەرەتایی لە بۆکان لە ماڵی دیوناسێک و ئاشنایەک «عەلی حەدادی» بابی دوکتۆر «عومەر حەدادی» گیرسابوومەوە و لە گەڕەکی «تەقتەقان» دەرسم دەخوێند.
«قەڵای سەردار»، ئەو قەڵا مێژوویییە کە دەیڕوانییە ھەر چوار دەوری خۆی و کاتی خۆی لە ساڵی ١٣٢٥ ئاڵای کۆماری کوردستانی لێ هەڵدرابوو، مەکۆی مەدرەسە و قوتابخانەمان بوو. قەڵایەکی کۆن و پڕشکۆ بە سەدان پلیکان دەچوویە سەرێ بۆ ناوەندی قەڵا و سەدان دیو و دیوخانە وەک کۆشکێکی چکۆلە دەچوو، وەفادار بە ھەموو بیرەورییەکان و ئەزموونەکانی مێژوو. شار چکۆلە بوو، بەڵام زیندوو و ئاوەدان کە لە چەند گەڕەکی گەورە پێکھاتبوو، گەڕەکەکانی باغی قاسمئاغا، قەڵا، قوللە، سەلابخانە، ئاشێخانم و گەڕەکی تەقتەقان. ئەو گەڕەکەیان نامۆ نەبوو، جحێڵی قیت و قۆز، قەرەباڵغ، کێشەی تێدا بەدی نەدەکرا، گەورەماڵی وەک حاجی «مستەفا قوڕەیشی»ی قوماشفرۆش و کاک مەحموود خاڵەندی (شەدەڕەش) لەو گەڕەکە دەژیان، ھاوسێ و دراوسێ زۆر ئەمەگناسانە بە دەرد و مەرگی یەکترەوە بوون. دڵەکان چکۆلە نەبوون، لێوڕێژ لە ئەوینی بێ سنوور. بەتایبەت «ژیلا جەماڵی» کچی سەروان جەماڵی کە فارسزمان بوو لە قوتابخانەی دواناوەندی دەیخوێند، لە جوانیدا لەگەڵ مانگ و ڕۆژ شەڕی دەکرد، سەروان جەماڵی ئەفسەرێکی زگزل، تووڕەی تۆسن، چەکمەڕەق فەرماندەی ژاندارمێری ناوچەی بۆکان، نازانم تارانی بوو یان خەڵکی مەشهەد. هەموو جارێ لە ڕێی قوتابخانە، چاوم بە خەڵکی بێدەرەتان و فەقیری دێهاتەکانی بۆکان دەکەوت کە بۆ دیاری و بەرتیل (گیسک، کاوڕ، کووپەڕۆن، چەلەنگەھەنگوێن) یان بەدەستەوەیە و لە بەر دەرگای ماڵی سەروان جەماڵی چاوەڕوانن؛ بە دیتنی ئەو دیمەنە ڕقوقینێکی منداڵانەم بەرامبەر بەو دەسەڵاتدارە لە دڵدا بڵێسەی دەستاند، بەڵام بەوە دڵخوش بووم کە ژیلا حەزی لە کۆڕێکی جوانچاکی کورد بە ناوی «عومەر مەحموودزادە» دەکرد کە دیپلۆم بوو و سپای دانش و چەند جار ئەو چەکمەڕەقە ھەڕەشەی لێکردبوو، بەڵام عومەر ھەر جوابی نەدابۆوە .
لە گەرمەی دەمەوبەختی ڕۆژێکی بەھاری ساڵی 1349ی ھەتاویدا کە خەڵک برایەتی و ئازایەتییان بە نان نەدەگۆڕییەوە، ژیانی سەردەمیانە مانایەکی بوو کە بۆن و بەرامەی ساکاری و جوانی بوو. لە ھاوسێ و جیرانەتیمان «خاتفاتم»ی بێوەژن بوو کە دوو کوڕی عوسمان و عەبدوڵڵا فەقێ بۆکانی نازناویان بوو. کچێکی جحێڵی دەمەوبەخت ئەگەر بە ھەڵە نەچووبێم «خەجیج» لە کوڕێکی سابلاغی مارە کرابوو، کە دەگوێزراوە. زەماوەند و ڕەشبەڵەک جیا لە خۆشی و شادی ھیمای یەکگرتوویی خەڵکی گەڕەک بوو. دنیایەک پڕ لە شادی کە ئەو ڕۆژە، ڕۆژی بەختەوەری خەجیج بوو کە لە بەر دەرگا و حەوشەیان گۆڤەند و ھەڵپەڕین بوو. لە ماڵ دانیشتبووم «فاتم قوڕەیشی»ی ھاوپۆلم کچی حاجی مستەفا قوڕەیشی ھات بە شوێنمدا و کوتی مزگێنیم دەیە ئەوە «حەسەن زیرەک» لە ماڵی خاتفاتم گۆرانی دەڵێ! ئای لەو خۆشییە! ئەوە بەرھەمی خەون و خولیاکانم بوو کە دەھاتە دی؛ دەبێ خاوەنی چ ڕووحێکی گەورە بێ کە بەو جۆرە دنیای گۆرانی زیرەک کاری خستووەتە نێو دڵان. شاگەشکە ببووم، دەبێ قارەمانەکەم چڵون ببینم!؟
لەگەڵ فاتم خۆمان بە کۆڕی زەماوەندەکەدا کرد؛ «فەتاح کارگەر» یشم لە نێو زەماوەندەکەدا چاو پێکەوت؛ ئەو لە من باوخۆشتر بوو و لەو کۆڵانەدا دەژیان و لە ماڵی مەلا محەممەد بانەیی کرێنشین بوون؛ قارەمانی ژیمناستیکی بۆکان بوو و لە کێبەرکێی «ھەڵاتن» یشدا بێبەش نەبوو و ئەوڕۆکە خۆشەویستی شارە و شاخەوانێکی بەئەزموونە.
بە دیتنی فەتاح کارگەر هەستی نامۆییم نەما، ئەوە ئەو چرکەساتە بوو کە چاوەڕوانی بووم؛ لە حەوشە نەمدی کوتیان لە وەتاغە، بووک زێڕەوشان دەکەن و لەوێ گۆرانی دەڵێ. خۆم بە وەتاغەکەدا کرد، خەجیج لە بەر ئاوێنەیەک لەسەر کورسییەک، تارای سووری بە سەردا درابوو. حەسەن زیرەک دایرەیەکی چکۆلەی بە دەستەوە بوو و گۆرانی دەکوت. ڕانکوچۆغەیەکی سوورگوێز و لە ژێر چۆغەکەیدا کەوایەکی سیخمەزەڕی ئەو زەمانی لە بەردا بوو. شەدەیەکی ڕەشی، لفکە شۆڕ بە شانیدا لە سەر نابوو، ئەوە حەسەن زیرەک بوو.
منداڵ ئەوەی خۆشی دەوێ پێ لە ھەموو کەس ئازاتر، قارەمانتر، جوانچاکترە. ئەوە بەردی بناغەی ھەستی ئینسانییە کە لە منداڵدا دەگوورێ و دەبێتە دەرکەوتنی کەیلی ئارەزووەکان. لە یەکەم تێڕوانیندا ھەندێ واقیعیم بەدی کرد کە لەگەڵ ھەست و خولیاکانی من بەرامبەر بەو کە لە خەیاڵی خۆمدا بەدیم دەکرد جیاوازی بوو و ھیچ شێوەیەک نکۆڵی لێ نەدەکرا. بە لامەوە ھونەرمەندێکی شاز کە دەبێ لە ھەموو کەسێک جوانچاکتر بێ، باڵابەرزی، تەژی لە جوانی، سمێلبابڕ کە کاتێک دەنگ ھەڵدێنێ عەرز و ئاسمان دەنگ بداتەوە، ھەمان عەشقێک کە لە یەکەم نیگادا بەو خۆشەویستییە ببینم و وەسفی کەم. پێم خوش بوو ھیچ شتێک کەلێن نەخاتە ھەستی خەیاڵاوی و عەشقی ڕوانینی من لە یەکەم دیدارم لەگەڵ ئەو دەنگخۆشە، ڕەزاسووکە، ئەو ھەستبزوێنە کە خۆشت دەوێ و عاشقی و لە ھەستی منداڵیتدا لێت نادیارە.
بۆ یەکەم جار زۆر بە دژواری بڕوام کرد کە ئەوە حەسەن زیرەک بێ! لە قارەمانەکەم قودسییەک و کەسایەتییەکەی وام لە خەیاڵدا ساز کردبوو کە لە ھەموو کەس دەبێ ڕێکوپێکتر بێ. کوتم فاتم ئەوە حەسەن زیرەکە؟ کوتی ئەرێ بۆ خۆیەتی. نە باڵابەرز بوو، نە سمێڵبابڕی چوارشانە، دەستەپیاوێکی گەنمڕەنگی ڕووخۆش ھەندێک خللۆێرکاوی نە لە چاو بدا؛ وەکوو ھەموو مرۆڤێکی ئاسایی. ئارام، تێڕامام، ماندوو نەدەبووم، قیت و بە ویقار گۆرانی دەگوت. ئەو ڕۆژە خۆی بە ژووری چۆڵی ناخی من و ھەزارانی وەک من داکرد. وەک بیرەوەرییەک، دەنگی بەسۆزی بە گوێمدا چرپاند. زۆر بە سۆزەوە بووکی لاواندەوە بەتایبەت کە بووک دایکێکی بێوەژن و دوو برای بێبابی منداڵی پاش خۆی بەجێ دەھێشت، ئەمیشی لاواندەوە. ھەر چەند کە تەمەن چووە سەرێ، بەو ئاکامە گەیشتم کە مرۆڤی جوان و لە بەر دڵان ئەوانەن کە دڵت پێیان دەکرێتەوە. بە وتەی حەزرەتی مەولانای ڕۆم:
«دەلێن جارێ کوتی یارێ بە یارێ
گەڕیدەی زۆر گوند و شارەزای شارێ
لە ھەمووان خۆشتر و جوانتر چ جێیە
دەڵێ ئەو جێیە خۆشە یاری لێیە»
وەک چۆن مرۆڤێکی خراپ بە ڕواڵەت جوان، دەتوانی تۆ قینت لێی بێ.
حەسەن زیرەک تۆ چکۆلە و باڵانزم نەبووی، ئەوه زەوی لە ژێر پێی تۆدا نزم و بچووک بوو! تۆ قەت لە ڕاستییەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی دانەبڕای و قەت لە زۆنگاوی بێواری و بێ حاسڵیدا نەکەوتی. ھەر چەند لە ھونەری خۆت بە گوتەی خۆت خۆشییەکەت نەدی، بەڵام بەرھەم و ئاسەوار و گۆرانی ئەنتیکە بە ھەموو جوانییەکانی تێکڕا بەگشتی قەرزدار و منەتباری تۆن. مرۆڤ ئەو کاتە ڕەنج دەکێشێ لە دایک دەبێ. تۆ ڕۆژێ ھەزار جار لە دایک دەبووی:
«زیرەک زۆرت کرد خزمەتی ھونەر
ژینت لە پێناو ھونەر بردە سەر
ڕۆژگارت ساتێ بەبێ خەم نەبوو
بەڵام لە ھونەر ھیچت کەم نەبوو»
ئەرێ ڕەزاسووک، ئەو جار وەرەوە لێمان مەتۆرە، مریەم بۆکانیش، ھەموو ڕۆژێ زیندوو دەبێتەوە و دێتە سەر خوڕێنک2 بەرامبەر حەوزەگەورە بۆ دووری تۆ شیوەن دەگێڕێ.
کاکە «ڕێبین» منداڵی ئەو شارە لە ئەمریکاڕا گەڕاوەتەوە لە سەر گڵکۆکەت، کۆتەڵە و مجەسەمەیەکی بە شان و شەوکەتی دروست کردووە کە لە سنە کاک ھادیم دی کوتی ئەو مجەسەمەیە شایانە و دڵخۆش، بەڵام لەوەی کە کۆتەڵەی پێشووی حەسەن زیرەکیان کە کاری کاک ھادی بوو لە سەر گڵکۆکەتیان لا بردووە بە گلەیی، کوتی ئەمن لە حەسەن زیرەکدا سیمای ھونەرمەندێکی ڕەنجکێشاوی لە ژیان تاساوی، ئاوارە و دەربەدەری دنیای خۆمانم بەدی کرد، بەڵام بەداخەوە خەڵک دەیانەوێ لە شتێک بدوێم کە بوونی نییە، شتێک بکێشمەوە کە وا نییە. پەیکەرەیەکی نێوچاوان کراوە و بە درۆ دەم بە پێکەنین چێ بکەم کە وا نییە. حەسەن زیرەک دایمە لە شەقامی ئازارەکاندا دەڕۆیشت و دڵی دایم ئاوێتەی زووخاو بوو. حەسەن زیرەک بە غەمەکانیەوە جوان بوو، کۆتەڵەکەی من ئەوەی پێبوو!
ئەوڕۆ دوای نزیک 48 ساڵ بە سەر ئەو دیتن و تێڕامانەدا وەک بیرەوەری و ئەزموونی ژیانم کە بۆ ھەوەڵ جار و دواجار ئەو فریشتەیەم چاو پێکەوت بەردەوام ڕووباری عەشق و ئەوینداری دەنگی بەسۆزی دەملاوێنێتەوە، چ دەبێ منیش بە زەوق و مرخێکی ئەویندارانە، نە شاعیرانە پێتدا ھەڵبلێیم.
«من ناتوانم بیر کەمەوە یادت نەکەم
ھەر کوێ دەچم لە بەر چاوی
من ھەست دەکەم کە ھەر ماوی
وەکوو ھەوا لێم گۆڕاوی
تو کە جاران لەگەڵمان بووی
لە بڕینی ڕێگای سەخت و تەمبازیا
ئێستا بووی بە ئەستێرەی بە تروسکەی گەشەگەش
وەکوو ئەنگوستی پاکی ئێعجازی محەممەد
وەکوو پەنجەی دەستی عیسای مەسیح
بووی بە چرای ڕۆژی ھەستی
یادت پیرۆز بێ»
پەڕاوێز:
1. ئەم وتەیەم لە ئەنوەر سوڵتانی بیستووە کە دەبێتە برا چکۆلەی عومەر سوڵتانی (وەفا)؛ مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی بۆکان و قوتابی ئەو بووم . 2. خورینک: ئاوی بە خوڕی حەوزەگەورەی بۆکان، شار لوولەکەشی نەبوو و گەورەکچانی شار لەوێ جلوبەرگیان دەشووردن. 3. قەڵای سەردار، ساڵی 1357ی ھ لە بێ موبالاتی خەڵک ڕووخا و حەوزە گەورەش سەری داپۆشرا. سپاس و پێزانین بۆ دانیشتووانی گەڕەکی تەقتەقانی بۆکان کە بە منداڵی چاوەدێرییان لێ کردووم، بەتایبەت بنەماڵەی دوکتۆر عومەر حەدادی (ئەمیر)کە ساڵێک لە ماڵیان دەرسم خوێند.
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان چاپی شاری سنه