
عەباس کەمەندی لە ساڵی ١٣٣١ هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٥٢ زایینی لە شاری سنە لە گەڕەکی جەوراوا لە دایک بووە، باوکی شمشاڵ ژەن بووە و دەنگی خۆش بووە. هەر وەها پشتاوپشت پیشەیان قەسابی بووە، بێ باوکی لە هەموشتێ زیاتر ئازاری داوە چونکا سێ مانگ ئەبێ کە باوکی بە دەستی مامی ئەکووژرێت.
دایکی تا تەمەنی شەش ساڵ لە لای نەبووە پاشان گەڕاوەتەوە بۆ لای، هەر وا کە خۆی وتوویەتی: «ئەگەر دایکم نەگەڕایەوە بۆ لام لە قەسابخانە تیا ئەچووم.»
لەبەر هەژاری هەتا دیپلۆم دەرسی خوێندووە و ئیتر بۆ دەرهێنانی پارە کە پێی بژیت لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا چۆتە کاری ڕادوێ بەڵام بۆ دڵی خۆی و زانستی زیاتر وێژەی فارسی و مێژووی لە ماڵا خوێندووە.

لە تەمەنی بیست و دوو ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و سێ کچ و کوڕێکی بووە، بە داخەوە کە هیچکام لە مناڵەکانی بە دوای هونەر و شاعیرییەوە نەبوون و هەروەها کە خۆیشی وتویەتی: (من قەت نەمویستووە بە زۆرەملانێ ڕایانکێشم بە لای هونەرەوە، ئەگەر ئاسەواری هونەر لە کەسێکا نەبێ، هیچ کەس ناتوانێ ئەو کەسە بەلای هونەردا ڕاکێشێ).
کەمەندی ئەووەڵ هەنگاوی خۆی بۆ ناساندنی بە خەڵک (چیرۆکی شەوبۆ و حەمە شوان) ئەزانێ، وردە وردە لە ڕادوێ دەستی بە شێعر وتن کردووە و ئەو وتبووی سەدا نەوەدی گۆرانییەکانی ڕادوێ لە ساڵانی ١٩٦٩ هەتا ١٩٧٩ شێعر و بەستەی من بووە.

ماوەی هەژدە ساڵ لە تاران ماوەتەوە و بۆ ڕادوێی تاران ئیشی کردووە و هەزار لاپەڕەی وێنەداری ئامادە کراوی لە کتێبخانەی چالاکییەکانی فەرهەنگی تاران پارێزراون.
دوای هەژدە ساڵ کە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، چۆتە دێهاتەکان و ناوچەی (عەشایرەکان) و حەکایەت و باسی کەڵەپیاوانی ئەو سەردەمەیان مێژینەتر لەوان وەکوو: (سەنجەر خان و سەی عەتا باینچیوی و...) کۆ ئەکردەوە و جا ئەینوسین و بە شێوازی چیرۆک و کورتە داستان لە ڕادوێ ئەیخوێندەوە.
خۆی وتویەتی: ئەوەندەی ئیستا لە یادم بێ، (فەتانە وەلیدی، وەلییوڵلە موتەقی، فەرەیدونی ئەردەڵان، هوشەنگ شگرف، حسێن شەریفی، ڕەحیم سەڵەواتی، ئیسمائیلی سابووری) لە شێعرەکانی من سوودییان وەرئەگرت و بە گۆرانی ئەیانخوێند.
دوای یەک دوو ساڵێک، کەمەندی دەستیکرد بە گۆرانی وتن بە شێوازێکی لێھاتوو و پڕۆفیشناڵانە و نزیکەی ٣٠ گۆرانی لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن بە دەنگی کەمەندی بڵاوکرایەوە.
زۆربەی گۆرانییەکانی بریتی بوون لە گۆرانیی ناوخۆیی کوردی، و لەجیاتی وتنەوەی گۆرانیی فۆلکلۆری، شیعری کوردی دەکردە گۆرانی.
ئەوەڵ گۆرانیی کە لە ڕادوێ بڵاو بووەوە، سەبری گوڵفرۆش بوو کە لەگەڵ شەهین تاڵەبانی خوێندبووی و زۆریش خەڵک گوێبیستی بوون و چێژیان لێ بردووە.
دوای ئەم گۆرانییە بوو کە چووە بۆ ماڵی شەهین تاڵەبانی و لە باوکی ئیجازە وەر ئەگرێت کە بیهڵێ کچەکەی بێتە ڕادوێ و بۆ خەڵک ستران بخوێنێ.
دوای ڕاپەڕین، کەمەندی درێژەی دایە چالاکییە موزیکییەکانی لەگەڵ گرووپی کامکاران، کە دوایی بوونە بەناوبانگترین گرووپی مۆسیقیی کوردیی لە ئێران. یەکەم بەرھەمی ئەم کارکردنەیان ئەلبومی «ھەورامان» بوو، کە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن کۆمپانیای سرووشەوە بڵاوکرایەوە. کەمەندی و گرووپی کامکاران دواتر ئەلبومی «پرشنگ» و دواتر «گەلاوێژ» یان بڵاوکردەوە، کە تا ئێستاش یەکێکن لە بەربڵاوترین گۆرانییەکان لە ناوخۆی کوردستان.
دوو جار ئەچێ بۆ سلێمانی و هەولێر و نزیک بە چل تابڵۆ لە پیشانگای ئەو دوو شارە نیشان ئەو خەڵکە بەهەستە ئەدات بە ڕەزامەندییەوە ئەگەڕێتەوە.


فیلمنامەکانی بریتین لە: اسب (ئەسپ)، یک سبد علف (یەک سەبەتە گیا)، پرواز در قفس (فڕین لە قەفەسدا)، ارثیە مامە رحیم (میراتی مامە ڕەحیم)، نبرد رمادیە (جەنگی ڕەمادییە)، عضو جدید اوپک (ئەندامی نوێی ئۆپک)، کوچە سرخ (کۆڵانی سوور)، کاروانسرا (کاروانسەرا)، وکیل اول (وەکیلی یەکەم)، قلم و شیطان (قەڵەم و شەیتان)، پھلوان
پنبە (پەمەی پاڵەوان). هەروەها ئەم چەند کارە گرینگەی بۆ تەلەڤیزیۆن کردووە: داستانی منزل نو مبارک، عروسکی پھلوان پنبە (پەخشی بووکەڵەیی پەمەی پاڵەوان)، دۆکیومێنتاری داستان بێژان، دۆکیومێنتاری کۆنە ھەواران (ناساندنی بەناوبانگانی کوردستان)، میری نەورۆزی، رد پای شغال (شوێن پێی چەقەڵ) و عشق و... هەروەها زیاتر لە سەدو پەنجا گۆرانی وتووە.

کاتێ لێی ئەپرسن قەت عاشق بووی ئەڵێ: «من لە مناڵیەوە کاتێ لە گەڵ دایکم چووم بۆ حەمامی ژنانە عاشقی کچێکی هاوتەمەنی خۆم بووم نازانم ئەوکات پێنج ساڵ یان شەش ساڵم بووە.

کاتێ لێیان پرسیوە بۆچی خۆت لە قەدەری ئەم هەموو بووارە داوە، ئایا خۆت هەستت کردووە کە لە هەموو بووارەکاندا تواناو تاقەتت هەیە؟
وڵام ئەداتەوە: «لای من قەت ڕووی نەداوە کە من بچم بەلای نیگار کێشی یان شێعر یان چیرۆک نووسین یان گۆرانی وتن بەڵکوو تەواوی ئەم هونەرانەم لە ناخما هەست پێ کردووە و ئەوان هاتوون بۆ لای من و زۆریان بۆ هێناوم. من لە وەرزی پاییزدا شێعرم پێ خۆش بووە، لە بەهارا چیرۆک و داستان لە زستانا بە لای نیگار کێشیەوە چووم و هەر وا ژیانم بەسەر بردووە.»
سەبارەت بە مەرگ وتوویەتی: «من پێم خۆش نییە زۆر لەم دنیایەدا بمێنم تەنیا ئاواتم بۆ ژیان تەواو کردنی کارە ناتەواوەکانمە و ئەوەندەش مەرگ بە شتێکی خراپ نازانم یان لێی ناترسم، بە ڕای گەورە کان کە وتوویانە:( ئەگەر مرۆڤ مەرگی بناسیایە بیزانیایە کە مەرگ چ چێژێکی هەیە، قەت ملی بەم ژیانە نەئەدا و ئامادە نەدەبوو بژیت.) بەڵام قەت حەزیش ناکەم خۆم بکووژم بەر لەوەی بمرم، نا قەت حەزم لێ نییە.»

ئەو لە جۆزەردانی١٣٩٣ لە تەمەنی62 ساڵی دا بە هۆی وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد. خەڵکی بە ئەمەکی شاری سنە بە ئەو پەڕی ڕێز و حورمەتەوە تەرمەکەیان بۆ گۆڕستانی ئاساوڵەی ئەو شارە بەڕێ کرد، ڕۆحی شاد بێ.
* ماستێری وێژەی فارسی
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژان
