rojanpress.ir | چوار ساڵ دوای فەرهاد

چوار ساڵ دوای فەرهاد

ئۆخەی ئێتر تەواو بوو!
تاکەی تا نیوەشەو سەیری گەمەی رئاڵی مادرید بکەی و  5ی بەیانی خەوی شیرین بشێوێنی و کۆتە نەحسەکە کەیتە بەرت و بە بێ دەم و چاوشۆردنیش کەویتە رێ بۆ تەتە!؟
 بەو بەیانیە کەس حەوسەڵەی قسەکردنیشی نیە چ بگاتە ئەوەی کۆڵێ ۱۰۰ کیلۆیی بەسەر شانیشتەوە بێ!
تا کەی لە ماڵ بیتە دەر و نیگای پڕ لە حەسرەت و نیگەران و چاوی خووساوی دایک بەشوێنتەوە بێ! 
بەو بەیانیە سوار ماشین بیت و ئەو پێچانەی دزڵی و هەورامان نەهێڵێ کورتە وەنەوزێکیش بدەی!
بچیتە سنوور و منەت ئەم و ئەو بکێشی بۆ کۆڵێک!
جا ئەبێ هەر سات ئاگات لە سەرما و گەرما کەوتن و مردن و ... بێ! 
ئەم گشتە بکێشی بۆ چەنێ؟! بۆ 100 هەزار! جگە لە کرێ ماشین و...
ئەویش ئەمە چارەنووست بێ تا 50، 60 ساڵ! 
جا بیوەیتەوە بۆ ماڵ کراسێ تاناکۆرای رئاڵ مادریدیشت بۆ نەکا!
ئەی خوا بیبڕێ ژیانی وا!
نەجاتت بوو فەرهاد گیان!
ئارام بنوو!

- فەرهاد عاشقی ڕئاڵ مادرید بوو و بڕیار بوو ئەمجارە هاتەوە پووڵی کۆڵبەریەکەی بداتە کراسێکی ڕئاڵ.
3 دی 1402, 18:48
بازگشت