له‌م ڕاپۆرته‌دا 22 شوێنه‌واری مێژوویی، فه‌رهه‌نگی و گه‌شتیاریی ئێران ده‌ناسێنین که وه‌کوو 22 گه‌وهه‌ری ئێرانی له یۆنیسکۆدا تۆمار کراون. ئه‌گه‌ر ڕیگاتان که‌وته ئێران ئه‌توانن سه‌ردانی بکه‌ن:
* شاری میژوویی یه‌زد
ماوه‌ی 9 ساڵه شاری مێژوویی یه‌زد چاوه‌ڕوانی تۆمارکرانه وه‌کوو ئاسه‌واری جیهانی و له ئاکامدا ڕۆژی یه‌کشه‌ممه/ 18ی پووشپه‌ڕ وه‌کوو ئاسه‌وارێکی میراتی جیهانی له یۆنیسکۆدا تۆمار کراوه.
41هه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی میراتی جیهانیی یۆنیسکۆ له یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردووه‌وه (11ی پووشپه‌ڕ) به میواندارێتی شاری کراکۆف پۆڵه‌ندا به‌ڕێوه‌چوو.
* چوغا زه‌نبیل
له پارێزگای خووزستاندایه. پهرهستشگهیێکی کۆنه که له سه‌رده‌می عیلامییهکانهوه به‌جێماوه و مێژووی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 1250 ساڵی پێش زایین و به‌شێکه له شاری “دۆراونتش”. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 113هیه و ساڵی 1979 تۆمار کراوه.
له پارێزگای فارس و شاری مهرڤدهشتدایه. ده‌که‌وێته باکووری پارێزگای فارس. شارێکی کۆنی ئێرانه و کۆمه‌ڵێک کۆشکی مێژوویی به ناوی ته‌ختی جه‌مشیدی لێیه که مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داریووش خه‌شایار شا و ئه‌رده‌شیری یه‌که‌م. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 114هیه و ساڵی 1979 تۆمار کراوه.
مه‌یدانێکی چوارگۆشه‌ی گه‌وره‌یه له شاری ئیسفه‌هان. مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پاشایه‌تیی شا عه‌باسی سه‌فه‌وی. کۆمه‌ڵێک بینای مێژوویی و ئاسه‌واری کۆنینه به ده‌ور و پشتی مه‌یدانه‌که‌دا هه‌ن که گرینگ‌ترینیان بریتین له عیماره‌تی عالی قاپوو، مزگه‌وتی ئیمام، مزگه‌وتی شێخ لوتفوڵڵا و سه‌رده‌رکه‌ی قه‌یسه‌رییه. ژماره‌ی تۆماری 115هیه و ساڵی 1979 تۆمار کراوه.
ئاسه‌وارێکی مێژوویی گه‌وره‌یه له نزیک شاری تیکاب و گوندی ته‌خت سلێمان له ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا. کۆمه‌ڵێک بینای مێژوویی له ده‌وروبه‌ری گۆلێکی سروشتی‌دا چێکراوه و مێژووه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌شکانییه‌کان و ساسانییه‌کان و ئیلخانییه‌کان. گرینگ‌ترین ئاسه‌واریشی ئاته‌شگا و هه‌ندێک ته‌لاری سه‌رده‌می ساسانییه‌کانه. ژماره‌ی تۆماری 1077ه و ساڵی 2003 تۆمار کراوه.
له سووچی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی شاری به‌مه و به سه‌ر جاده‌ی ئهبریشهمهوهیه. مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ئه‌شکانییه‌کان یان هه‌خامه‌نشییه‌کان. تا کۆتایی سه‌رده‌می قاجاریش وه‌کوو شوێنی نیشته‌جێبوون به‌کار هێنراوه. بیناکه له بوومه‌له‌رزه‌که‌ی ڕێکه‌وتی 5ی به‌فرانباری 1382ی به‌مدا خاپوور بوو. ژماره‌ی تۆماری 1208ه و ساڵی 2004 تۆمار کراوه.
پاسارگاد
کۆمه‌ڵه‌ی میراتی جیهانیی پاسارگاد تاقمێک ئاسه‌واری کۆنینه‌ی به‌جێماوی سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشییه‌کانه له شاری پاسارگادی پارێزگای فارس. مه‌زارگه‌ی کوورشی لێیه و هه‌ندێک باخی سه‌ڵته‌نه‌تیی پاسارگاد، کۆشکی ده‌روازه، پرد، کۆشکی باری عام، کۆشکی تایبه‌ت، مه‌زارگه‌ی که‌مبووجییه، سه‌نگه‌ره‌کانی ته‌ل ته‌خت، کاروانسه‌رای موزه‌فه‌ری و...شی تێدایه. ژماره‌ی تۆماری 1106ه و ساڵی 2004 تۆمار کراوه.
گومه‌زی سوڵتانییه
مه‌زارگه‌ی محه‌مه‌دی خودابه‌نده‌ی ئێلجایتۆیه. له شاری زه‌نجانه. ساڵی 1302 تا 1312 له شاری سوڵتانییه‌ی پێته‌ختی ئیلخانه‌کان چێکراوه. یه‌کێک له گرینگ‌ترین ئاسه‌واره مێژوویی و ئیسلامییه‌کانی ئێرانه. مێعماری و شێوازی داڕشتنی بیناکه له جیهاندا به‌ناوبانگه. گومه‌زه‌که به ڕه‌نگی شینه و به‌رزاییه‌که‌ی تا 120 گه‌ز ده‌گات. ژماره‌ی تۆماری 1188ه و ساڵی 2005 تۆمار کراوه.
بێستوون
به‌رده‌نووسراوی بێستوون گه‌وره‌ترین به‌رده‌نووسراوی جیهانه. یه‌که‌م ده‌قی ناسراوی ئێرانییه که له سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشییه‌کانه‌وه (520ی پێش زایین) به‌جێماوه. له شاری هه‌رسینه که ده‌که‌وێته مه‌ودای 30 کیلۆمه‌تریی کرماشان له داوێن چیای بێستووندا. به‌ڵگه‌یێکی هه‌ره‌گرینگی مێژوویی جیهانه و گرینگ‌ترین ده‌قی مێژوویی سه‌رده‌می هه‌خامه‌نشییه‌کانه و شرۆڤهیێکه له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتنی داریووش به سه‌ر گۆماته مۆغ و دیلکردنی یاخییه‌کان. ژماره‌ی تۆماری 1222ه و ساڵی 2006 تۆمار کراوه.
کلێسه‌کانی ئازه‌ربایجان
کۆمه‌ڵه‌ی کلێسه‌کانی ئازه‌ربایجان بریتی له قهرهکلێسه، کلێسه‌ی ستێفانوسی پیرۆز، کلێسه‌ی مریه‌می پیرۆز له دهڕهشام، کلێسه‌ی شوانه و کلێسه‌ی زۆر زۆر. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1262ه و ساڵی 2008 تۆمار کراوه.
بینا ئاوییه‌کانی شووشته‌ر
مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ساسانییه‌کان. به مه‌به‌ستی به‌کارهێنانی وزه‌ی ئاو وه‌کوو بزوێنه‌ر و جووڵهپێکهری ئاشه پیشه‌ییه‌کان چێکراون. له‌و کۆمه‌ڵه‌گه گه‌وره‌یه‌دا بینای ئاسیاوه‌کان، تاڤگه‌کان، که‌ناڵه‌کان و توونێلی مه‌زن هه‌ڵکردنی ئاو و سیکا که جێگایێکه بۆ حه‌وانه‌وه و گه‌شتیاری هه‌ن. ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه وه‌کوو گه‌وره‌ترین کۆمه‌ڵه‌ی پیشه‌یی پێش ڕاپه‌ڕینی پیشه‌یی ناوی لێده‌برێت. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1315هیه و ساڵی 2009 تۆمار کراوه.
بازاڕی ته‌ورێز
گه‌وره‌ترین و گرینگ‌ترین بازاڕی سه‌رپۆشراوی ئێران و کیشوه‌ری ئاسیایه. ڕووبه‌ره‌که‌ی ده‌گاته نزیک به 1 کیلۆمه‌تری چوار گۆشه. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1346ه و ساڵی 2010 تۆمار کراوه.
مه‌زارگه‌ی شێخ سه‌فیه‌دین ئه‌رده‌بیلی
شێخ سه‌فیه‌دین عارف و پاشای سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌کانه. ئه‌و کۆمه‌ڵه گران بایه‌خه به ناوی شێخ سهفیهدینهوه ساڵی 735ی کۆچیی مانگی له‌لایه‌ن سه‌دره‌دین مووسای کوڕیه‌وه چێکراوه. به زێڕ و زیو ئاراسته کراوه. ده‌یان به‌رهه‌می نوێ و به‌دیع له به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانی هونه‌ردا له‌و بینایه‌دا ده‌بیندرێت. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1345ه و ساڵی 2010 تۆمار کراوه.
باخی ئێرانی
چه‌ندین باخ له پارێزگاکانی فارس، مازه‌نده‌ران، ئیسفه‌هان، کرمان، یه‌زد و خوراسان به شێواز و دابونه‌ریتی ئێرانییه‌وه. ده‌وترێت باخی ئێرانیی پاسارگاد ڕیشه و بنه‌مای مێعماریی ئه‌و چه‌شنه باخانه‌یه که کوورش به شه‌خسی فه‌رمانی دابوو ئه‌و باخه به‌و شێوازه چێ بکرێت. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1372ه و ساڵی 2011 تۆمار کراوه.
مزگه‌وتی جامێعی ئیسفه‌هان
ئه‌و مزگه‌وته گرینگ‌ترین و کۆنترین بینای ئایینیی ئێرانه. کۆمه‌ڵه‌یێکی مێژوویی به‌رفراوانه به ڕووبه‌ری 170 له 140 مه‌تر. که‌وتۆته باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئیسفه‌هان و کهنارمهیدانی کۆن و به‌شی جۆربه‌جۆریش له‌خۆ ده‌گرێت وه‌کوو گومه‌زی نیزامولمولک، گومه‌زی تاجولمولک، چوار هه‌یوانی شه‌وستان، قوتابخانه‌ی موزه‌فه‌ری، مێحرابی ئۆلجایتۆ. هه‌ریه‌که له‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه پڕۆسه‌ی هونه‌ری مێعماریی ئیسلامی له سه‌رده‌مه جۆربه‌جۆره‌کاندا پیشان ده‌دات. هونه‌ری بیزانس و کلاسیک له قه‌باره‌ی بینایێکی نه‌ریتی و ئیسلامیی وه‌کوو ئه‌و مزگه‌وته ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1397ه و ساڵی 2012 تۆمار کراوه.
بورجی گومه‌ز قابووس
گومه‌زی قابووس بینایێکی مێژوویی سه‌ده‌ی 4ی کۆچییه که له شاری گونبه‌د کاڤووس هه‌ڵکه‌وتوو له باکووری ئێران و پارێزگای گوڵستانه. ستایلی مێعمارییهکهی به شێوازی ڕازییه. ئه‌و بینایه به‌رزترین بورجی ته‌واو خشتینی جیهانه و به سه‌ر تهپوڵکهیێکی خاکییهوهیه که نزیک به 15 مه‌تر له زه‌وییه‌وه به‌رزه. ساڵی 375ی کۆچیی هه‌تاوی له سه‌رده‌می پاشایه‌تی شهمسولمهعالی قابووس بن وشمگیردا له شاری هیرکانی پێته‌ختی پاشای ئه‌و دیاره‌دا چێکراوه. له نێوان خه‌ڵکی شاره‌که‌شدا قسه‌یێک ڕه‌واجی هه‌یه و ده‌وترێت هه‌ر غهریبهیێک به ده‌ور ئه‌و گومه‌زه‌دا بخولێته‌وه له‌و شاره‌دا ده‌مێنێته‌وه. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1398ه و ساڵی 2012 تۆمار کراوه.
کۆشکی گوڵستان
کۆمه‌ڵه بینایێکه له مه‌یدانی ئه‌رگی تاران‌دا. بیناکانی ئه‌و کۆشکه له سه‌رده‌مه جۆربه‌جۆره‌کاندا چێکراوه. ناوه‌که‌شی له ته‌لاری گوڵستانه‌وه وه‌رگیراوه و به‌شێک بووه له کۆشکی سه‌ڵته‌نه‌تیی مێژوویی. سه‌رده‌می چێ‌کردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شا ته‌هماسبی یه‌که‌می سه‌فه‌وی له به‌شی کۆنی شاری تاران‌دا. به‌شی سه‌ره‌کیشی له نێو حه‌ساری کۆنی تاران‌دا چێکراوه. له سه‌رده‌می قه‌جه‌ره‌کاندا په‌ره‌ی پێدرا و بووه نشینگه‌ی پاشاکانی قه‌جه‌ر. له سه‌رده‌می په‌هله‌ویشدا بۆ مه‌راسیمه فه‌رمییه‌کان و پێشوازی له سه‌رۆکانی کۆمار و میوانانی تایبه‌ت به‌کار ده‌هێنرا. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 5194ه و ساڵی 2013 تۆمار کراوه.
شاره سووتاوه‌که
ئاسه‌واری به‌جێماو له ده‌وڵه‌ت شارێکی کۆنی ئێرانییه له داوێن ڕووباری هیرمهنددایه که ده‌ڕژێته گۆلی هاموونهوه. مێژووی ئه‌و شاره گه‌وره‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می بڕۆنزی شارستانییه‌تی جیرۆفت و نزیک به 6 هه‌زار ساڵ له‌وه‌وپێش ئێرانییه‌کان له‌و شاره‌دا ژیاون. ڕووبه‌ره‌که‌ی 280 هێکتاره و 5 به‌شی سه‌ره‌کیی بووه که بریتی بووه له به‌شی نیشته‌جێبوون، به‌شی ناوه‌ندی، به‌شی پیشه‌یی، بینا مێژووییه‌کان و گۆڕستان. له سیستان و به‌لووچستانی ئێراندایه. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 5185ه و ساڵی 2014 تۆمار کراوه.
مه‌یمه‌ند
گوندێکی سه‌خت و پڕ له به‌رده له پارێزگای کرمان. چه‌ندین هه‌زار ساڵ له‌وه‌وپێش چێکراوه و بێگومان یه‌کێک له یه‌که‌مین نیشتنگه‌کانی مرۆڤ بووه له ئێران. تێکڕای گونده‌که 406 “کیچه“ی لێیه و ژووره‌کانی ده‌گاته 2560 ژوور. دانیشتووانی گونده‌که دابونه‌ریتی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه و وشه و زمانی سه‌رده‌می په‌هله‌ویی ساسانی ئێستاش له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌کار ده‌هێندرێت. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1423ه و ساڵی 2015 تۆمار کراوه.
شووش
شاری مێژوویی شووش نیشتنگهیێکی کۆنی ئێرانه. یه‌کێک له شاره پڕشکۆکانی ئێرانی کۆن بووه و دوو شارستانییه‌تی هه‌ره‌گرینگ له سه‌رده‌مێکدا له‌و شاره‌دا ڕووبه‌ڕووی یه‌ک بوونه‌ته‌وه. له پارێزگای خووزستانه. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1455ه و ساڵی 2015 تۆمار کراوه.
کارێزی ئێرانی
کارێزی ئێرانی به شێواز و نه‌ریتی تایبه‌تی خۆیه‌وه له چه‌ندین پارێزگای ئێران ده‌بینرێنه‌وه له‌وان خوراسانی ڕه‌زه‌وی، خوراسانی باشوور، یه‌زد، کرمان، مه‌رکه‌زی و ئیسفه‌هان. ته‌کنیک و مێتۆدی به‌کارهێنراو له‌و کارێزانهدا بێ وێنه‌ن و 11 کارێز به گوێره‌ی قووڵترین، درێژترین و کۆنترین کارێزه‌کان له یۆنیسکۆدا تۆمار کراون. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1506ه و ساڵی 2016 تۆمار کراوه.
که‌ویری لووت
یه‌که‌م ئاسه‌واری سروشتیی ئێرانه که له لیستی میراتی جیهانیی یۆنیسکۆدا تۆمار کراوه. پێشینه‌ی شارستانییه‌ت له په‌راوێزی که‌ویری لووتدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له 5 هه‌زار ساڵ له‌وه‌وپێش و نزیک به 3 هه‌زار به‌رهه‌می مێژوویی له‌و ناوچه‌یه‌دا که‌شف کراوه بۆ نموونه ئه‌توانین ئاماژه بکه‌ینه دره‌وشی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی شه‌هداد که کۆنترین دره‌وشی جیهانه. چه‌ند پارێزگای خوراسانی باشوور، کرمان و سیستان و به‌لووچستان ده‌گرێته‌وه. ژماره‌ی تۆماره‌که‌ی 1505ه و ساڵی 2016 تۆمار کراوه.
وڵاتی ئێران وڵاتێکی چوار وه‌رزه و هه‌موو ساڵێک گه‌شتیاری زۆر له وڵاتانی جۆربه‌جۆره‌وه شوێنه گه‌شتیارییه‌کانی ئێران به سه‌ر ده‌که‌نه‌وه. ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ش نموونهیێکن له پێشینه و مێژووی کۆنی شارستانییه‌تی ئێرانی که سه‌ره‌نجی گه‌شتیارانی هه‌موو جیهان ڕاده‌کێشن و وه‌کوو ئاسه‌واری جیهانی له یۆنیسکۆدا تۆمار کراون. به‌وه‌شه‌وه زۆر ئاسه‌واری مێژوویی و گه‌شتیاریی نه‌ناسراویش له ئێران هه‌ن که تا ئێستا به فه‌رمی تۆمار نه‌کراوه و له لیستی چاوه‌ڕوانیی یۆنیسکۆدایه.