rojanpress.ir | شینگێڕی هێمن بۆ بانە

شینگێڕی هێمن بۆ بانە

بە بۆنەی بۆردومانکردنی شاری بانە لە لایەن فڕۆکەکانی عێراق لە ۱۵ی جۆزەردانی ساڵی ۱۹۸۴ - ١٣٦٣ گوتراوە.

بانە وێرانە جگەر بریانە
لەش سڕە، دڵ پڕە، چاو گریانە
بەم بەهارە گوڵی وێ پەڕ‌پەڕ بوون
وا بە دەردی خەزەڵی پاییز چوون
جەرگی مێلاقە لە داخان ڕەش بوون
ئەشکی شللێرە وەرین و گەش بوون
پیر سولەیمان خەمی دیکە نابا
سیسە دار و دەوەنی ئاربابا
ئەوی شین ماوەتەوە شینگێڕە
هەر گەڵایەکی هەزاران دێڕە
میگ و میراژی بە هاوکاری یەک
چوونە سەر خەڵکی هەژاری بێ‌چەک
زۆر بەڕقتر لە قەراری جاران
بانە وێرانە، کرا بۆمباران
هەرچی خانوو بوو لە نزم و بەرزی
وەک دڵی عەسکەری بەعسی لەرزی
هەر بە زار خۆشە دەڵێن شەشسەد کەس
یا نەما، یا نە بەحاڵ ماویە نەفەس
مێشکە پڕژاوە لە نێو خۆڵ و خاک
لەت و پەت بوو لەش و ئەندامی پاک
چۆڵەمە، دیزەڵە، ئەژنۆ دەرچوون
ماڵ نەما، یا نە ڕما، یا، سەرچوون
دەس پەڕی، مۆرە شکا سینەش چاک
ژنی پاک ڕۆیی، بڕا پیاوی چاک
باش بزانە گەلی دوڕناسی ورد
ئەوەیە، هەر هەقی ئەفلەق بۆ کورد
ئەویە هاوسەنگەر و پشت و پاڵمە
دیاری دا دیاری بڕەی ناپاڵمە
شەڕفرۆش بەعسییە ئەی ئێرانی
شەڕفرۆش چی گەرەکە؟ وێرانی
چ نەهاوەند بێ چ بانە و دزفوول
بەعسی وێرانگەرە ئێستا مەسئوول
شەڕفرۆش مووشەک و بۆمبێ داوێ
شەڕفرۆش ڕاحەتی ئێمەی ناوێ
زگی ناسووتێ بە حاڵی ئێمە
دڵی کوردە لە ڕقی ئەو کێمە
تێدەگا خەڵکی مەگەر مێشکی ڕزیو
چ دەکا بەعسی بە کوردی ئەو دیو
ئەم قەڵادزەی بە شەهید مەشهوورە
هەر بە ناپاڵمی بەعس خاپوورە
گەوزی لەم شارە لە نێو خوێن و خوڕ
بە سەدان پیر و مناڵ و کیژ و کوڕ
گوندەکانی هەموو لێ ڕووخاندن
ڕەزەکانی هەموو لێ سووتاندن
کانییەکانی بەسمیت داڕشتن
یانی سەرچاوەی ژیانی ناشتن
دای لە سێدارە ئەوی بیناسم
چەند هەزاری وەکوو لەیلا قاسم
بەزەیی کوا لە دڵی بەردیدا
شومری ناگاتێ لە نامەردیدا
بە قسەی ئەو ئەوی خیرەسەر بێ
دەیکوژێ با کوڕی پێغەمبەر بێ
17 خرداد 1402, 10:51
بازگشت