هەناسەی سارد و سڕی سروشت، هانای دار و دەوەن ئەچنێ و گەڵاکان تووشیاری زەردویی ئەبن و لەسەر لپ و پوپ ئەوەرن و وەک دەستی لەرزۆک بە دەم باوە سەما ئەکەن و دواجار لە ساوپەنایەکدا ئۆقرە ئەگرن و جەستەی بێگیانیان لە ئامێزی سروشت ئەپرتوکێ

هەناسەی سارد و سڕی سروشت، هانای دار و دەوەن ئەچنێ و گەڵاکان تووشیاری زەردویی ئەبن و لەسەر لپ و پوپ ئەوەرن و وەک دەستی لەرزۆک بە دەم باوە سەما ئەکەن و دواجار لە ساوپەنایەکدا ئۆقرە ئەگرن و جەستەی بێگیانیان لە ئامێزی سروشت ئەپرتوکێ؛ ئەم جارە نۆرەی عاسمانە که لێفەی هەور و هەڵا بە سەر خۆیدا ئەدات و پێش بە شەوقی بێتینی هەتاو ئەگرێ و زەوی ئەداتە بەر ڕەهێڵەی باران و تەپ و تۆزی ڕمبازی ئەسپە شڵەی خەزان دادەشۆرێ و سینگی تینووی دەشتەکان و چیاکان بە ئاوی خۆڵاوی ئەتاسێنێ و تامەزرۆی بووژانەوەی سەرلەنوێیان پێ ئەدات. بەڵام هەناسەی سارد و سڕی سەرماوەز چرۆی فەریکی (۸) سروشت لەبار ئەبا و بێزوی لەبیر ئەباتەوە و خولیای نووستنی ئەخاتە دڵ. بەم لەونە خەزان هەستی ژیان لە سروشت ئەسێنێ و ئەیداتە بەر تێڵا و تەڕکەی سەرما و سۆڵە و تامی هەبوون لە تاڵەتاڵەی ناخی ڕووەک و بوونەوەر تاڵ ئەکات و بە کۆت و زنجیری سەهۆڵ لە جووڵەیان دەخات.
سرووشتی ڕووت و قووت و تاس و کاس و لە جووڵە کەوتوو، وسکە (۹) لە خۆی ئەبڕێ و خۆی ئەداتە دەستی وەرز. تۆ بڵیی ئەم سوکنا و سڕبوونە بە مانای کۆتایی ژیانی سروشت بێ؟!
نا...، نەریدی درێژماوەی ژیانی ژینگە وای دەسەلمێنێ کە گۆڕینی ڕواڵەت و هەڵسوکەوتی سروشت لە وەرزەکانی ساڵ، بە پێی ویستی یەزدان، ئامادەکاریە بۆ نوێ بوونەوەی ژیان بە گڕ و تینێکی فراوانتر.
ئێستە کە خەزانی زەرد و تاڵانچی بە سوپای با و هەور و هەڵا و سەرما، هەڵیکوتاوەتە سەر سروشت و دیمەن و دیاردەی لە نێو بردووە و میچی (۱۰) عاسمانیشی لێ تەنیوە، چارەیەک جگە لە ڕەزا و تەسلیم لە ئاستی ئەم هێرشکارە بێڕەحمە نییە. چاکتر وایە جل و بەرگی ئاڵ و واڵای بخاتە بەردەم ئەم هارە بەدەمارە و بە ڕواڵەت ماڵئاوایی لە ژیانی بەرچاو بکات و هێز و بێزی خۆی بۆ خۆراگری نهێنی تەرخان بکات.
سروشت ئەم ڕێگایە لەبەر دەگرێ و بەوپەڕی پشوودرێژیەوە خۆ لە بەرانبەر تاڵانگەری و زەبر و زەنگی پایز گێل ئەکا و ئەکەوێتە سەر ڕچەی ژیانی نهێنی و ماک و بنج و ڕیشەی ڕۆڵەکانی ئەخاتە ژێر پەڕ و باڵی ئاوەڵای و حەشاریان ئەدات و بە کوڵی دەروونی پڕ هەست ژیانیان بۆ مسۆگەر دەکات تا لە هەلی لەبار بێن بە خۆدا و ڕاوی زاڵمی ستەمکار بکەن و ڕووبەری لەدەس سنراویان وەرگرنەوە و بکەنەوە بنیادنانەوەی ژیانی سەنگین و ڕەنگین. کە وایە خەزان بە هەموو دیمەنی ناخۆش و نالەباری لەسەر عەرز و تاڵانکاری و زەبر و زەنگ نواندن، گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ کە لە ژیان و ژینگە و ژینەوەر هەڵ ئەچێ!
خەزان نازانێ یان نایەوێ بزانێ کە ئەم هەموو دیمەن و دیاردەی سروشتە، بنج و بناواتیان هەیە کە لە ناخی زەوی دایە و هەر لەوێوە خشتە و خەرنیەی ژیانیان دادەڕێژرێ و وانەی خۆڕاگریان فێر ئەکرێ. ئەم نەریدە بە درێژایی مێژووی ئەم گۆگڵینە (۱۱) بەردەوام بووە و ستەمکارانی وەک خەزان نەیانتوانیوە ژیان لەسەر ڕەوڕەوەی ئاسای و لەسەر پێی و دانی سروشت ڕاگرن.
جا خەزان با هەر خشەت بێ لە پاشای سروشت کە هەروەک بە باوە هاتووی بە باشیەوە نەڕوێت و ژیان هەر بەردەوام ئەبێت.
مانای وشەکان:
1- هۆڕ: دوجەواڵی پێکەوە لکێنراو و لە بەن تنراو کە ئەخرایە سەر پشت وڵاخ.
2- دۆڵیانە: بەشێ لە ئاش کە خەلەی تێ ئەکرا و ئەڕژایە بەین دوبەدوی ئاش.
3- پێی و دان: کەرەستەی میزان کردنی ڕادەی ڕژاندنی خەلە بۆ بەین دوبەدوی ئاش.
4- زم هاڕ: خەلە بە ئارد کردن.
5- تەتەر: پەیام هێنەر.
6- ئەسپەشڵە: مەبەست تاوتاوبوونی بایە.
7- قەمچی: شەلاخی سەر دەسەجڵەوی چارەوا، ئەسپ یان ماین.
8- فەریک: تازە، نوێ.
9- وسکە: قسەکردنی بەهیواش
10- میچ: سەرمیچی ماڵ.
11- گۆگڵینە: مەبەست گۆی زەویە
سهرچاوه: ڕۆژنامهی ڕۆژن
آدرس کوتاه خبر: