پنج شنبه، 9 فروردین 1403
روژان پرس » اخبار » ئاوێنەی باڵا نمای مێژوویەکی پرشنگدار

یادنامه‌ی ئیره‌ج خان ئه‌مینی

ئاوێنەی باڵا نمای مێژوویەکی پرشنگدار

0
کد خبر: 657

ئاوێنەی باڵا نمای مێژوویەکی پرشنگدار

یار و یاوەر بوو بۆ ھاوڕێیان، پەنا بوو بۆ نیازمەندان، ھاودەم و ھاوڕێ بۆ خزمان، شیاو و شایان بۆ کۆڕی مەردان و گەورە پیاوان، مێمڵی کرۆنا لە کاتێکدا قەد و قامەتی مەردانەی ئیرەج خانی کردە ئامانج کە دڵی بە داخی تیاچوونی ھاوژینە ئازیزەکەی واتە پەروین خانمی ئەمیر حەسەنی دەسووتا و دەقرچا، بەڵام نەیەدرکاند و لە دەرونەوە دەپڕوزا.
شەن و کەوی خەرمانی خەمی (خەرمانان)
یەک ساڵە کە دڵ دەکوڵێ و کوڵی ئەم مەنجەڵە پڕ لە خوێنە بە وێنەی ئەسرین لە دیدە دەبارێ و داوێن دەخوسێنێ و ئاخ و داخی گەردەلوول‌ئاسا مەزرای ژیان دەشێوێنێ.
ڕۆژی دەی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بوو کە کەڵەپیاوەکەی گەڵباخی واتە (ئیرەج خانی ئەمینی) کۆچی دوایی کرد و کۆگا کۆگا خەمی بە بەرینی دەشتەکانی ساراڵ و ھۆبەتوو و بە بەرزی چل‌چەمە و سوڵتان بۆمان بە جێ ھێشت.
ھەر چەند ناوونیشانی ئیرەج خان بەرزە وەک کەلی خان، بەڵام یادی ئەو پیاوە پێویستی بە ناساندنی دووبارە هه‌یە.
ئیرەج خان کوڕی میرە مەزنەکەی عەشیرەتە بە عەزەمەتەکەی گەڵباخی واتە یه‌حیاخانی ئەمینی شێری مەیدان و لە شەڕ و پێکادان لە ڕۆژان و بەرماڵ نشینی عیبادەت لە شەوان، خاون دیوه‌خانی ڕەنگین و سەنگین، زبان پاراو و قسە ڕەوان لە نێو پیاوان؛ دایکی ڕەعنا خاتوون کچی سەردارە ناودارەکەی جاف واتە سلیمان خانی "ڕۆخزادی"ه کە ھه‌یمەنەی ڕەزاشای بە ھیمەتی بەرزی لە ژێر پێ ناو وەک تەلیس ڕاوێستاو، وەک کەلەبا کەلەی پڕ لە ھەوای سەربەرزی بوو. ئیرەج خان بە کەلام و کردەوە میراتگری بە ئەمەگی ئەم دوو میرە مەزنە بوو.
لە ژیانی خۆیدا بە ھەموو له‌ونێ ئەم ڕەنگ و دەنگە زەریف و پڕ لە زایەڵەی ئەنواند و دەژەند. ئەو بە دەم ڕەشەبای ژیان لە شوێنی باو و باپیران که‌نرا و گیشتە ھەمەدان و پای ئەڵوەنی کردە ھەوارگەی خۆی. بە دەم و بە ڕواڵەت وانە بێژی مەدرەسە بوو، بەڵام بە کردوە و بە مەعنا مامۆستای مەکتەبی عەشایری بوو بۆ ھەمووان. بە ڕواڵەت پیاوێکی سەردەم بوو، بەڵام لە ھەڵسووکەوت ئاوێنەی باڵا نمای مێژوویەکی پرشنگدار و پڕ لە بەرھەم.
یار و یاوەر بوو بۆ ھاوڕێیان، پەنا بوو بۆ نیازمەندان، ھاودەم و ھاوڕێ بۆ خزمان، شیاو و شایان بۆ کۆڕی مەردان و گەورە پیاوان، مێمڵی کرۆنا لە کاتێکدا قەد و قامەتی مەردانەی ئیرەج خانی کردە ئامانج کە دڵی بە داخی تیاچوونی ھاوژینە ئازیزەکەی واتە پەروین خانمی ئەمیر حەسەنی دەسووتا و دەقرچا، بەڵام نەیەدرکاند و لە دەرونەوە دەپڕوزا.
خاتوون ساڵێک و دوو مانگ و دوو ڕۆژ پێش لە ئەو، لە شاری ھەمەدان ھەر بەم نەخۆشینە کۆچی دوایی کردبوو.
جا خانیش لە دەی خەرمانی 1400 ڕۆحی بەرز و بوڵندی لە قەفەسی سینگ دەرباز بوو و دای لە شەقەی باڵ و گەڕایەوه بۆ بارەگای ئەڵا و لەشی بە جێھێشت تا لەگەل خاتوونەکەی لە ژێر خێوەتێکی گڵین ستار بگرن. دوو ساڵ بە سەر کۆچی دوایی پەروین خانم و ساڵێک بە سەر ھەوار چۆڵکردنی خان تێدەپەڕێت بەڵام خەمی لە دەسدانیان ھەر تەواو نابێت. ئێشی ئەم خەسارانە سوکنایی نایەت. زامی دڵ ھه‌ر چڵ دەخات.
خوبان یک به یک می‌روند صد حسرتا
ھەر گوڵە و بە گڵ دادەپۆشرێت سەد حسرەتا
نیک دانیم هستمان ز او، نیستمان رجعت به اوست
بەس دڵەی کۆس کەوتووە ھەر دەڵێت سەد حسرەتا
لە ساڵۆگەڕی ئەم کۆچە خەمبارانە دەستی نیاز بۆ بارەگای یەزدانی بێنیاز ڕادەکێشین و داوای بەرزی پلە و پایەی ئەو ئازیزانە لە بەھەشتی بەرین و سەلامەتی و سەربەرزی بۆ بنەماڵە و خزم و کەسان و پتەوتر بوونی یەکیەتی و برایەتی لە نێوان عەشیرەت و ناسراوان دەکەین.
مەریوان بنەماڵەکانی حیدەری کانیسانانی
ناسر کانیسانانی
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید