جمعه، 31 فروردین 1403
روژان پرس » اخبار » خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی «پارچەیەک خەڵوز»

هۆشیارجەمال

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی «پارچەیەک خەڵوز»

0
کد خبر: 599

خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانی «پارچەیەک خەڵوز»

لە جیهاندا چەندین نووسەر هەن کاردەکەن کە ناو ڕۆمانی مێژوویدا لە گرنگترینان ڕۆماننووسی ڕوسی «تۆڵستۆی»یە هەروەها لە کوردیشدا ڕۆماننووسی ڕۆژئاوای کوردستان «جان دۆست» ڕۆمانەکانی کارکردنە لە ناو مێژوودا وەک ڕۆمانەکانی میرنامە و مژاباد و عەشیقی وەرگێر.
 رۆمانی پارچەیەک خەڵوزی نووسەر و شاعیر  «ئاسۆ فارس حارس»ە، لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی (٢٠١٩)دا چاپ و بڵاوکرایەوە، ژمارەی لاپەرەکانی (٣٠٨) لاپەرەیە.
جۆری ڕۆمان
ئاشکرایە ڕۆمان چەندین جۆری هەیە، وەک ڕۆمانی مێژووی، پەروەردەیی، ڕیالیزمی، هەڵسوکەت و نەریتی کۆمەڵایەتی ، دەروونی، ئەزموونی، پۆلیسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆمانی دژە ڕۆمان و چەندین جۆری تر.
ئەم رۆمانەی نووسەر «ئاسۆ فارس حارس» کە زەمەنی ڕووداوەکانی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک کە خۆی لە خۆیدا قۆناغێکی پر لە گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ کۆمەڵگای کوردی، هەروەها دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش جیاواز و سەخت بوو، کە زۆرینەی کۆمەڵگا بە دەست هەژاریەوە دەیناڵاند.
ئەم رۆمانەی لە سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ تا ۲۰۰٦ کە نووسراوە ئەگەر بڵاوبکرایەتەوە، دەکرا ڕێگا بە خۆمان بدەین ناوی بنێین ڕۆمانی ڕیالیزمی واتا «واقع گەڕای» چونکە کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم ڕووداوانەی ناو ڕۆمانەکە بە بەردەوامی دەست و پەنجەی نەرمکردوە، بەڵام لەبەر ئەوەی زەمەنی بڵاوبوونەوەی زۆر دواکەوتووە، دەکرێت ناو بنێین ڕۆمانی میژووی واتا کارکردن لە ناو مێژوودا.
لە جیهاندا چەندین نووسەر هەن کاردەکەن کە ناو ڕۆمانی مێژوویدا لە گرنگترینان ڕۆماننووسی ڕوسی «تۆڵستۆی»یە هەروەها لە کوردیشدا ڕۆماننووسی ڕۆژئاوای کوردستان «جان دۆست» ڕۆمانەکانی کارکردنە لە ناو مێژوودا وەک ڕۆمانەکانی میرنامە و مژاباد و عەشیقی وەرگێر.
هەروەها ئەم جۆرەی ڕۆمان کە ڕۆمانی مێژوویە باسی نوێکردنەوەی کەسایەتی، زنجیرەی ڕووداو، خەبات یان ژیان و بارودۆخی ڕابردوو دەکات، رووداوەکانی  ڕابردوو دەکاتە هەوێنی لە دایکبوونی بەرهەمێکی نوێ، بەرگی ڕۆمانی دەکات بە بەریدا واتا بەدەر لە مێژوو ئەرکی نووسەرە خەیاڵبازی فراوان بکات لە ڕۆمانەکەیدا بەو واتایەی ناکرێت تەنها مێژوو بوونی هەبێت، بەڵکو پێویستە ژانەری ئەدەبی بەسەر دێرەکاندا زاڵبێت.
کە ڕۆمانی مێژووی دەکرێت بۆ هەردوو جۆری ڕۆمانی (کەسایەتی) و (ڕۆمانی ڕۆمانسی تەقلیدی)دابەش بکرێت،
کە ڕۆمانی «پارچەیەک لە خەڵوز» زیاتر لە جۆری دووهەمیانە، «ڕۆمانسی تەقلیدی» وەک زەمینەیەک بۆ ڕووداوە دڵدارەیەکانی نێوان ڕەگەزی نێر و مێ کە سەرتاپای ڕۆمانە وابەستەی چیرۆکێكی خۆشەویستی داگیری کردوە.
دەروازە
ڕۆمانەکە لە ١٥ چاپتەر پێکدێت کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ناوی «ناسری ڕۆحانی»ە کە ئەو خوڵقێنەری زۆربەی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە و  باس لە ژیانی دوو خێزانی سادەی ناو کۆمەڵگای کوردی دەکات، بەڵام دەکرێت چەندین خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت بە نموونە هزری کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە کە « ناسری ڕۆحانی»ە تا ڕادەیەک لە ڕووکارەی دەرەوەدا وەک مرۆڤێکی چەپ دەردەکەوێت، بەڵام ئەم هزرەی تەنها لە کاروباری حیزبیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە بە بەڵگەی ئەوەی تێڕوانینی بۆ خۆشەویستی و لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر  کە کچێکە بەناوی « کەتی» برازای کوڕێكی هاوڕێیەتی ڕوانینیکی تەواو کوردانەیە نەک بیرکردنەوەی کەسێکی چەپ کە پێی وابێت کۆت و بەندە کۆمەڵایەتیەکان ڕاستەوخۆ دەبێت تێكبشکێنرێن.
هەروەها لە کاتی دروسبوونی گرفت بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری خۆی و  خۆشەویستەکەی دیسانەوە پشت دەبەستێت بە هێزی چەک وەک هەڕەشەکردن لە نەنکی خۆشەویستەکەی کە ئەمەش دووبارەی هێندە کردارێکی تاکی کوردە لە ڕابردوودا و تاڕادەیەک ئێستاش هێندە لە بیرکردنەوەی کەسێک ناچێت کە هەڵگری فکری چەپ بێت، هەروەها دیسانەوە دەگەرێنەوە سەر پاڵپشتی کردنی ئەو بۆچوونەی کە ڕەگەزی نێر بە گشتی  زیاتر ڕەگەزی مێ وەک موڵکی خۆی دەبینێت کە دەبێت بە هەر نرخێک بێت ئەو موڵکە مسۆگەر بکات کە پێشتر چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی دیاری کورد شێرزاد حەسەن ئیشی لەسەر ئەم لایەنەی کۆمەڵگای کوردی کردووە.
شوێن
شوێنی ڕووداوەکان دابەش دەبێت بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی و وڵاتی ئێران،مێژووی ڕووداوەکانی  ناو  ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ناوخۆ ئەو دەمەی شەڕی حیزبەکان پێکەنینی سەر زاری هەمووانی تۆراندبوو، ماڵوێرانی و شەر لەدەرگا بە دەرگای گەلی کوردی دەدا، لە کاتێکدا کە ئەو میللەتە خۆی هیلاکی جەنگە یەک لەدوایەکانی دەسەڵاتی بەعس بوو.
هەروەها حیزبەکان لە ڕاگەیەندەکانیانەوە ڕۆڵی خراپیان گێراوە لە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان و دابەشكردنیان بەسەر حیزب و گروپ و ئایدۆلۆژیای جیاوازدا، کە بۆتە هۆی کارەساتی جیاواز جیاواز لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا ، کە بە ئێستاشەوە بێت میدیای کوردی نەی توانیوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.
  نووسەر دەستی خستۆتە سەر برینەکانی  ئەو دەمە و ژیانی گەنجانی ئەو کات لە کوردستان، کە چۆن بەشێکیان  بەهۆی بێکاریەوە ڕێگای سەختی تاراوگە و وڵاتانی دراوسێکان دەگرتە بەر لە پێناو پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و کەسوکاریان، ئەگەر چی بەشێکی ئەم گەنجانە کە وزەی چالاکی کۆمەڵگابوون لەناو دەریاکاندا دەبوونە خۆراکی ماسیەکان،
هەرچی ئەو گەنجانە بوو کە لە کوردستان دەژیان زۆربەیان چینی هەژار و خوار هەژاری کۆمەڵگا بوون کە هیچ توانایەکیان نەبووە بچنە دەرەوەی وڵات ناچار دەبوونە چەکداری حیزبە کوردیەکان و دەبوونە هۆی ڕشتنی خوێنی براکانیان، خوێن ڕشتنێک کە تا ئێستاش کوردستان باجی ئەو کارەساتە دەدات و بەشێک لە لێکەوتەکانیان هەر ماوە.
 زمان
زمانی ڕۆمانەکە زمانێكی سادە و  ئاسایی خەڵکە، بەڵام زیاتر  زمانێکی ئەدەبی و شیعری بە سەردا زاڵە کە ئەمەش هۆکاری ئەوەیە نووسەر پێش ئەوەی ڕۆماننووس بێت شاعیرە و کە ئەمەش وای کردووە خوێنەر چێژی زیاتر لە خوێندەوەی ڕۆمانەکە ببینێت وە یەکێک بێت لەو ڕۆمانانەی حەزناکەیت دەستبەرداری بیت.
دیالۆگ لەناو ڕۆمانەکەدا
ئەم ڕۆمانە پرە لە دیالۆگی نێوان کەسەکان بەڵام بە دیاری کراوی نێوان هەردوو کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە « ناسری ڕۆحانی و کەتی خۆشەویستی» بەڵام  پێش دیالۆگی نێوانیان خەیاڵ حزوری هەیە کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کارەکتەرەکان لە قۆناغی خۆشەویستیدان و گەنجن، چونکە هەردەم پێش رووبەڕوو بوونەوە خەیاڵکردن هەیە بۆ ئەوەی چۆن قسە بکەن بەرامبەری یەکتری کە ئەمەش دووبارە بوونەوی دروستکردوە لە دیالۆگەکانی ناو ڕۆمانەکەدا.
پرسی ژن
 هەرچی پرسی ژنان و کچانیشە کە تەوەرێکی ڕۆمانەکەیە، چونکە پرسی ژن لە کۆمەڵگای پرسێکی لە مێژینەیە کۆمەڵگای کوردیدا و زاڵبوونی بیرکردنەوەی کۆنە پەرستی کەزادەی کلتوری کوردییە، وەک کلتورەکانی ژن بە ژن  بە زۆر بەشودانی کچان و هەروەها چەوساندنەوەی کچان بەتایبەت کە لە ژێر سەرپەرشتی دایک و باوکی خۆیدا نەبێت، کە زیاتر کێشەی ژن لەم ڕۆمانەدا لە کارەکتەری « کەتی»دا دەردەکەوێت، بەڵام ئەو نەک تەسلمی کلتور نابێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕوو بوونەوە هەتا کە خۆشەویستەکەی دەکات ئەو هەتا بە خۆشەویستەکەی دەگات ململانێ دەکات لە پێناو ژیاندا و بڕوای بەفەلسەفەی ژیان هەیە، بەڵام هەر لەڕۆمانەکەدا فەلسەفەی مردن حزوری هەیە، چونکە دوای هاوسەرگیری کردنی نێوان « ناسری ڕۆحانی و کەتی» بەچەند ساڵێکی کەم « کەتی» گیان لەدەستدەدات بە رووداوی سوتان.
کۆی ڕۆمانەکە خۆشەیستی داگیری کردوە کە ڕووداوەکانی دەگەرێتەوە بۆ پێش ٢٠ ساڵ،  بەڵام ئەگەر بەراوردکاریەک بکەن ئێستا لە ژێر ناوی خۆشەویستیدا و پاشماوەیەک لە پەیوەندی نێوان هەردوو ڕەگەزدا چەندین کێشە دروست دەبێت کە دواجار کچەکە دەبێتە قوربانی و یان دەبێتە هۆی ئازاردانی ڕەگەزی مێ کە دەرگای دەیانی کێشەی کۆمەڵایەتیشی کردۆتەوە لە نێوان خێزانەکاندا وە بەشێک لە ڕەگەزی نێر بیر لەوەناکەنەوە کە سوکایەتی کردن بە ناوی خۆشەویستیەوە شکاندنی شکۆ و کەرامەتی مرۆڤێکە و زۆر جار بە ئازایەتی و شکۆمەندیەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا باسی دەکەن!
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان ژماره 627 چاپی سنه 
تبلیغ

نظر شما

  • نظرات ارسال شده شما، پس از بررسی و تأیید در وب سایت منتشر خواهد شد.
  • نظراتی که حاوی تهمت یا افترا باشد منتشر نخواهد شد.
  • نظراتی که به غیر از زبان فارسی یا غیر مرتبط باشد منتشر نخواهد شد.
نام شما : *
ایمیل شما :*
نظر شما :*
کد امنیتی : *
عکس خوانده نمی‌شود
برای کد جدید روی آن کلیک کنید