بیره‌وه‌ری کۆنه سه‌ربازێکی کورد له به‌ره‌کانی شه‌ڕی زوففار
هه‌رچه‌ن به ته‌مه‌ن خۆ له 70 ساڵ ده‌دا، و له دایکبووی ساڵی 1333 هه‌تاوی ئاوایی «حاجی موسێی» سه‌ر به ناوچه‌ی ساراڵی دیوانده‌ره‌یه؛ به‌ڵام جه‌وری ژیان ته‌نگییان پێ هه‌ڵنه‌چنیوه، ده‌رک و داڵانی ژیانی چه‌رمه‌سه‌ری زۆر پێواوه، به‌ڵام کۆڵی نه‌داوه؛ و له شاخه‌وانیش دا به پێ ڕفیقه‌کانی هاوڕێیه.
سه‌ربرده و بیره‌وه‌رییه‌کان، ده‌توانێ وه‌ک بابه‌تی نووسین، هۆنراوه که له‌ودا حه‌قیقه‌تێک ئۆقره بگرێ و مه‌به‌ستێک بپێکێ، که شوێندانه‌ر بێ و بۆ به‌ره و جیلی ئه‌وڕۆکه مانادار. گازه‌نده و گله‌ییمان له شه‌ڕ و ناته‌باییه، که بۆچی دونیای ده‌وروبه‌ری ئێمه له وڵاتانی دواکه‌وتوو وا سووڕی خواردووه که سه‌رمان بێ کڵاو ماوه‌ته‌وه و ژیان له‌و ناشوێنگه‌یه‌دا بۆته ژان. و به‌رهه‌م و به‌روبوی وڵاتیان بۆ شه‌ڕ و ئاژاوه و تێکدان سه‌رف بکرێ، و ئه‌وه‌ی بایخی نه‌بێ، مانا و به‌های ژیانه! له‌گه‌ڵ حاجی «سه‌عید دێهقان» که هاوڕێی شاخه‌وانیمه، له شاخه‌وانی شاخی «تاڵه‌سوار» له ناوچه‌ی دیوانده‌ره که‌وتینه ڕاوێژکه‌ی قسه و باسی بیره‌وه‌رییه‌کان. هه‌تاکوو ئه‌و کاته نه‌مزانیبوو که حاجی سه‌عید کۆنه سه‌ربازی به‌ره‌کانی شه‌ڕی «زوففار» له ساڵی 1353 هه‌تاوی بووه. به تاریخ و مێژوو خوێندبوومه‌وه که به گه‌له‌کۆمه‌کی ئه‌مریکا، ئینگلیس، ئۆردون، ئێران، پاکستان و به سه‌رۆکایه‌تی فه‌رمانده‌هی «ناتۆ» شۆڕشی کمۆنیسته‌کانی «زوففار» تێک شکاوه به‌ڵام له چه‌ند و چۆنی ئه‌و شه‌ڕه زۆر ئاگادار نه‌بووم. هه‌رچه‌ند هه‌تا لاو بووم وێنه‌یه‌کی شۆڕشگێڕێکی «زوففار» دیواری دیوه‌که‌می ده‌ڕازانده‌وه. ڕۆخسار و چاوه زیته‌کانی ئه‌لحانه‌که‌شی له‌گه‌ڵ بێ که بۆ دوور ده‌یڕوانی، که به جۆرێک خه‌می شوێنێک یا بڵێین خه‌می نه‌بوونی شوێنێک بۆ ئۆقره‌گرتنی تێیدا ده‌بینرا؛ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له زه‌ینم دا ماوه‌ته‌وه. ڕاوێژی زاری حاجی سه‌عید له سه‌ره‌خۆ و له‌به‌ردڵانه، که باسه‌که ده‌خاته‌وه سه‌ر یه‌ک، وه‌ها له ورده‌کارییه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه ده‌دوێ که بیر و تیژبینی جێ سرنجه. هه‌رچه‌ن به ته‌مه‌ن خۆ له 70 ساڵ ده‌دا، و له دایکبووی ساڵی 1333 هه‌تاوی ئاوایی «حاجی موسێی» سه‌ر به ناوچه‌ی ساراڵی دیوانده‌ره‌یه؛ به‌ڵام جه‌وری ژیان ته‌نگییان پێ هه‌ڵنه‌چنیوه، ده‌رک و داڵانی ژیانی چه‌رمه‌سه‌ری زۆر پێواوه، به‌ڵام کۆڵی نه‌داوه؛ و له شاخه‌وانیش دا به پێ ڕفیقه‌کانی هاوڕێیه. ئه‌رک و مه‌ینه‌تی ژیانی لادیێه‌یی وه‌ک گوێزی ئازا له هه‌ڵم و هاڵاوی ژیان خۆڕسک پڕژ و په‌خشان کردووه. به‌هۆی نه‌بوونی هه‌ل و مه‌رج نه‌یتوانیوه درێژه به خوێندن بدا و به وته‌ی خۆی 5 کلاس ده‌رسی خوێندووه. هه‌ر ئه‌م کورته سه‌واده ڕه‌نگامه‌یه‌که که به‌رامه و دیمانه‌ی زانایی پێوه دیاره. به تایبه‌ت ناوچه‌ی ساراڵ له داوێنی کێوه‌کانی «چل چه‌مه« به به‌ژنی به‌رزیانه‌وه به درێژایی مێژوو بوونه‌ته هێمای پارسه‌نگی له سه‌ر زه‌ین و ئیراده‌مان و سیمبولی به‌رده‌وامی ژیان و ژیوار. هه‌تاکوو ئێوه‌ی خوێنه‌ر له بۆن و به‌رامی به‌شکۆی سروشت و سۆزی بای شه‌ماڵ ده‌که‌ونه گه‌ڕی شایی و به ئاوی ڕوونی کانیاوی به‌خوڕ توونێیه‌تی ده‌رده‌که‌ن، وه‌ک ئێمه له بنج و لاوێنی که‌ژ و کێو و ئه‌و هه‌ردانه به‌ره‌و لاپاڵ هه‌ڵده‌گه‌ڕین، و له قوته‌ی هه‌ڵه‌مووتاندا خۆ ده‌گرنه‌وه؛ با هه‌ندێک له‌سه‌ر وڵاتی «عوممان» بدوێین. که زانیاری ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و وڵاته بخاته گه‌ڕ، جا له دوایی دا بیره‌وه‌رییه‌کانی حاجی سه‌عید گوێبیس ده‌بین.
وڵاتی «عوممان» له ڕۆژهه‌ڵاتی شێوه دووڕگه‌ی(شبه جزیره) عه‌ڕه‌بستان هه‌ڵکه‌وتووه، که ڕووبه‌ره‌که‌ی 309500 کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه، که ئه‌وڕۆکه نزیک 6 میلیۆن حه‌شیمه‌تی هه‌یه. که به شێوه‌ی پادشایی به‌ڕێوه ده‌چێت، و یه‌کێک له هه‌ره‌وڵاته کۆنه‌کانی دونیا دێته ئه‌ژمار. «عوممان» له ڕۆژهه‌ڵات به زه‌ریای عه‌ره‌ب و له باکووره‌وه به ده‌ریای عوممان لکاوه. له باشوور له‌گه‌ڵ «یه‌مه‌ن» و له ڕۆژاوا له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان و ئیمارات سنووری وشکانی هه‌یه و له‌گه‌ڵ ئێرانیش سنوورێکی چکۆله‌ی له ده‌ریادا هه‌یه که سه‌رچاوه‌ی داهاتی نه‌وته. پێته‌ختی «مه‌سقه‌ت» و شاره گه‌وره‌که‌ی دیکه‌ی «سلاله«یه، که پێته‌ختی ئه‌وده‌می شۆڕشگێڕانی زوففار بوو و له پارێزگای زوففاره.
حاجی سه‌عید دێهقان- ساڵی 1353 هه‌تاوی
به‌هۆی دیکتاتۆڕی ملهوڕی پادشایی سوڵتان قابووس و یاسایی نزم و له‌نێوچوونی که‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی هه‌ر له ساڵه‌کانی 1340ی هه‌تاوی که بیری چه‌پ زۆر له بڕه‌ودا بوو، شۆڕشی کۆمۆنیسته‌کانی «عوممان» له پارێزگای «زوففار»ه‌وه ده‌ست پێده‌کا، که پێگه‌ی گه‌وره و گرانیشیان که تێیدا ده‌وره‌ی ڕاهێنان و پشتیوانی ده‌کرا، وڵاتی «یه‌مه‌نی باشوور» که پێته‌خته‌که‌ی «عه‌ده‌ن» بوو، که سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی زلهێزی ئه‌وده‌م شۆڕه‌وی و چین بوو، که به خه‌ستی پشتیوانی‌یان له شۆڕشگێڕانی زوففار ده‌کرد. به‌شێک له کۆمۆنیستی ئێرانیش له یه‌مه‌نی جنووبی بوون، که یارمه‌تی زوففاریان ده‌کرد. وای لێهات که ته‌واوی عوممان بکه‌وێته ده‌ستیان و ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی پادشایی قابووس وه‌رگه‌ڕێ؛ که داوای له ناتۆ و ئه‌مریکا کرد که خۆی تێ خزێنن؛ به‌تایبه‌ت ئێران. که به گه‌له‌کۆمه‌کی ئه‌مریکا، ئینگلیس، ئۆردۆن، ئێران، پاکستان و عوممان به فه‌رمانی ناتۆ بۆ پشتیوانی له سوڵتان قابووس له‌شکری گه‌وره و زه‌به‌ڵاحییان نارده عوممان بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ «زوففار». ئه‌وده‌م له‌شکری ئێران ده‌ستی باڵای هه‌بوو. بۆ خۆتان ده‌زانن له‌شکری سوور واته (ڕووس) هه‌تا سه‌ر له‌گه‌ڵ که‌س نین. له ساڵه‌کانی 1354 هه‌تاوی شۆڕشی زوففار دوچاری نسکۆ و شکان ده‌بێ. دوای ئه‌و شه‌ڕه ده‌وڵه‌تی عوممان یاسای نوێ و چاکسازی زۆر بنه‌ڕه‌تی پێک دێنێ. و ئه‌وڕۆکه نزیک 40 ساڵه یه‌کێک له وڵاته زۆر ئه‌هوه‌نه‌کانی شاخی ئه‌فریقا دێته ئه‌ژمار. وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئابوورێکی به‌هێز و له باری ڕامیاریشه‌وه له وڵاته باوه‌ڕپێکراوه‌کانی دونیایه، که نێوبژی و که‌یخودایی زۆر له شه‌ڕ و گرفته‌کانی وڵاتانی ناوچه‌که ده‌کا. پووڵ و دراوی «عوممان» یه‌کێک له 3 پووڵی به‌بایه‌خی دونیا دێته ئه‌ژمار. شکۆ و به‌رز و ته‌رزی کێوی «تاڵه‌سوار» وه‌ها له گه‌ڕدایه که له کێوپێوان و گه‌یشتن به لووتکه، بیریشمان ده‌که‌وێته گه‌ڕیان و گینگڵ و جمێن. حاجی ده‌که‌وێته پاراوکردنی قسه‌کانی و گفت و لفتی بیره‌وه‌رییه‌کانی شه‌ڕی زوففار. دوای کۆتایی مه‌شق و ڕاهێنان له به‌هاری 1352 هه‌تاوی به‌ڕێ کرامه له‌شکری (جی-تاران). سه‌ربازی به مانایه‌ک ئیجباری بوو، به‌ڵام خۆسازدانه‌وه و وه‌رگرتنی زانیارییه‌کان له‌سه‌ر که‌ره‌سه و ئامێری شه‌ڕ وه‌ک چه‌ک و کار به قوتبنه‌ما و گرا و ده‌رجه زۆر تێیدا شاره‌زا بووم و ئه‌رکه‌کانی سه‌ربازیم وه‌ک شوناسێک بۆ کورد وه‌رده‌گرت. کورد و کرمانجی سه‌ربازێکی وریا بووم، و خه‌به‌رم له مه‌حموودی بێزه‌واد نه‌بوو. نه‌مده‌زانی شه‌ڕی عوممان و زوففار چییه و له کوێیه.
زستانی ١٤٠٢ی هەتاوی – حاجی سەعید دێهقان لە لوتکەی شاخی چل چەمە
سه‌ره‌تای پاییزی 1353 هه‌تاوی بوو، ئێمه‌یان هه‌ڵبژارد بۆ شه‌ڕی زوففار. کوڕێکی هاووڵاتی به نێوی «عه‌لی شوکری» خه‌ڵکی ئاوایی «ینگی یەرخ» دیوانده‌ره‌شم له‌گه‌ڵ بوو که به ته‌یاره‌ی C-130 که بارهه‌ڵگر بوو ناردراینه پێگه و فه‌رمانده‌هی ئه‌رته‌شی شاهه‌نشاهی له ده‌شتێکی کاکی به کاکی و بیابانی عوممان به نێوی (Medway میدوای). ئێمه‌یان کرده 3 به‌ش. ده‌سته‌یه‌کمان به ته‌یاره‌ی ئیسکای وای (Skayway) ئینگلیس ناردراینه پێگه‌ی نیزامی به نێوی حه‌یران (Hayran) و له‌وێش به هیلیکۆپتری ئه‌مریکا ئێمه‌یان برده سنووری سیم با (Simba) که ناوچه‌یه‌کی شاخاوی سنووری بوو، که زاڵ بوو به سه‌ر به‌نده‌ری «حۆف Houf»ی ئه‌قیانووسی هێند که گه‌رمه‌ی شه‌ڕ له‌وێدا بوو. که فه‌رمانده‌ی ئه‌و شه‌ڕه ژێنراڵ «کریستینی Christiani» ئه‌مریکایی بوو که 6 ده‌وڵه‌تی زلهێزی ئه‌مریکا، ئینگلیس، ئۆردۆن، ئێران، پاکستان و عوممان به فه‌رمانی «ناتۆ» دژ به شۆڕشگێڕانی زوففار شه‌ڕیان ده‌کرد. زوففار پارێزگایه‌کی گه‌وره‌ی عوممانه له باشووری ئه‌و وڵاته که ناوه‌نده‌که‌ی شاری «سه‌لاله«یه که ڕووبه‌ری 99300 کیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌یه و گرینگی تایبه‌تی ئه‌وه‌یه که ده‌رک و ده‌روازه‌ی گه‌یشتن به «مه‌سقه‌ت» پێته‌ختی عوممان له‌و شاره‌ڕایه که له ساڵی 1342 هه‌تاوی که‌وتبووه ده‌ستی شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیستی زوففار. ڕووبه‌ڕوومان کێوێکی هه‌ڵه‌مووت و زۆر ڕژد و شاخاوی بوو، که نێوی ڕه‌مزی 88یان لێی نابوو که داڵده و ئه‌شکه‌وتی زۆر گه‌وره‌ی تێیدا بوو، که نزیک 2 هه‌زار شۆڕشگێڕێ زوففاری له‌وێ حه‌شاردابوو که له‌وێوه ئێمه‌یان ده‌پێکا. ئه‌و ناوچه شاخاوییه زاڵ بوو به سه‌ر به‌نده‌ری «رخوێت Rekhwite» که ئه‌و به‌نده‌ره له‌گه‌ڵ به‌نده‌ری «حۆف Houf» و به‌نده‌ری «عه‌ده‌ن Edan» له ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕشگێڕانی زوففاردا بوو.
ئه‌مریکا به‌رنامه‌ی داڕێژراوی بوو، ئه‌گه‌ر بتوانێ له ماوه‌ی 2 ساڵ ئه‌و شاخ و ناوچه‌یه بگرێ. ئه‌مریکا و ئینگلیس خۆیان له شه‌ڕی زه‌وینی نه‌ده‌دا. ته‌نیا زۆرتر له حه‌واڕا بۆمبارانییان ده‌کردن، که زۆر کارساز نه‌بوو، هه‌تاکوو له‌و شه‌ڕه‌دا چاو و گوێمان کراوه و فه‌رمانده گه‌وره‌کانی ئێران وه‌ک سه‌رتیپ پزشک مه‌نش، سه‌رتیپ خوسره‌وپه‌ناه و سه‌رتیپ خورسه‌ند و سه‌رتیپ که‌مانگه‌ر و سه‌رتیپ خاته‌می ده‌سه‌ڵاتی شه‌ڕیان گرته ده‌ست و شه‌ڕی پیاده و زه‌وینی ئێران که‌وته گه‌ڕ. هه‌رچه‌ند ئاوڕی ئێمه به قودره‌ت بوو و وڵاتمان دابێژ دابێژ ده‌کرد. به‌ڵام شه‌ڕێک که شۆڕشگێڕانی زوففار ده‌یانکرد مه‌گین به داستان بگوترێ و به کتێب بنووسرێ.
مداڵی شەڕی زوففار کە دراوە بە حاجی سعید دێهقان
کە نوسراوە العملیات الحربیه – السلطان قابوس سعید، السلطان عمان
ترس و خۆفێکی زۆریان خستبووه دڵمانه‌وه؛ که نه‌گوترێ! ئێمه که چووبووین 12 ساڵ بوو شه‌ڕی عوممان و زوففار به‌نده‌ن و بناری ده‌کێڵا، به‌ڵام یه‌کلا نه‌بووبوونه‌وه. هه‌تاکوو عوممان پووڵ و دراوی نه‌وت و سه‌رمایه‌ی وڵاته‌که‌ی ده‌دا به ئه‌مریکا و ناتۆ که ڕاسته‌وخۆ له شه‌ڕه‌که تێوه‌گلن و ده‌عوه‌تیش له ئێران ده‌کا که له‌شکری خۆی بنێرێته ئه‌و وڵاته. محه‌مه‌د ڕه‌زاشا بۆ خۆی هاته عوممان و پێشوازێکی گه‌رمییان لێی کرد، ئیدی نازانم له‌و پووڵ و دراوه شتێک درا به ئێران؛ به‌ڵام تێچووی ئه‌و شه‌ڕه بۆ ئێران به‌پێی ئاماری گووگڵ 1 میلیارد دۆلار دراوی ئه‌ووه‌خت بووه، 700 کوژراو و 1000 برینداری بۆ ئێران لێی که‌وته‌وه. که ته‌نیا مانگێ 600 تمه‌ن پووڵ به سه‌ربازی ئێرانی ده‌درا که کار و شه‌ڕی گه‌وره هه‌ر ئه‌وان ده‌یانکرد. چاو لێی که‌ن ئه‌مریکا 100 کوژراو، ئینگلیس 50 کوژراو، که‌وای سووری به‌ر ئاور سه‌ربازی ئێرانی بوو! ژێنڕاڵ کریستینی ئه‌فسه‌رێکی لێهاتوو بوو، زۆر جار ده‌هاته لامان وتووێژی له‌سه‌ر شه‌ڕه‌که له‌گه‌ڵ ده‌کردین، به‌ڵام له ئینگلیس خودا سه‌گ تری نه‌خوڵقاندووه، وه‌ک ڕێوی وابوون، خۆیان له سه‌ختی شه‌ڕه‌که ده‌بوارد، هه‌ر به چاو کوژراویانم نه‌دی. ئه‌وه له کاتێکدا بوو له‌شه‌کری 77 خوراسان و له‌شکه‌ری هه‌وابوردی شیراز و تیپی 2 قووچان ڕاسته‌وخۆ بۆ گرتنی شاخ و ئه‌شکه‌وتی 88 و به‌نده‌ری «رخوێت Rekhwete» که‌وتنه کار، شتێک که ئه‌مریکا پێی وابوو ده‌بێ به 2 ساڵ بگیردرێ.
له‌شکه‌ری ئێران به 3 مانگ ته‌واو ئه‌و ناوچه‌یه‌ی گرت که کوژراوی زۆری بۆ ئێران لێکه‌وته‌وه؛ به‌تایبه‌ت 200 کوژراوی تیپی 2ی قووچان له هه‌وه‌ڵین ده‌سرێژی لێی که‌وته‌وه! ئه‌وه‌ی من له نزیکه‌وه بیناسم «حه‌سه‌ن زولفه‌قاری» خه‌ڵکی نه‌هاوه‌ند کوژرا. «ئه‌حمه‌د تلووعی» خه‌ڵکی ئه‌رده‌وێڵ هه‌ر دوولاقی په‌ڕی. لە ناوچەی خۆمان لە ئاوایی (کانی سەی شوکرە) سەر بە هۆبەتوو کوڕی سەی محەممەد کوژرا کە نێوەکەیم لە یاد نەماوە، هه‌موو شت هه‌بوو، به‌ڵام بێ ئاوی زۆر جار بڕستی لێی ده‌بڕین؛ زۆر جار گۆمیلکه‌ی ئاوی نێو به‌ردان که دوای باران کۆ ده‌بۆوه ده‌مان خوارده‌وه.
وشکن توونین زۆر بێ ئاون
ده‌روون قرچاو و سووتاون.
هه‌ر له گرتنی شاخی 88 فڕۆکه‌یه‌کی F14 ئێران که‌وته خوارێ؛ که دوو خه‌له‌بانه‌که‌ی که‌وتنه ده‌ست شۆڕشگێڕانی زوففار که سه‌رگوردێک و سه‌روانێک بوون که دوایی به نێوبژێوی «مه‌لێک عه‌بدوڵڵا» پادشای عه‌ڕه‌بستان وه‌رگیرانه‌وه، جا نازانم بارته‌قای ئه‌و دوو خه‌له‌بانه چی درا به زوففار. که‌ڵه‌وه‌کێشی نێوان ئه‌مریکا و شۆڕه‌وی که پێیان ده‌گوت شه‌ڕی سارد، بوو به‌هۆی ئه‌وه ئێران له‌و شه‌ڕه تێوه‌گلێ به ده‌ستووری ئه‌مریکا بۆ کۆمۆنیست کوشتن، که ده‌کرا تێچووی دراوی شه‌ڕی زوففار بۆ ئێران تۆز و غوباری وڵاتی ئێرانی پێ داته‌کێنن، و ده‌ردێکی خۆمانی پێ تیمار بکرێ، کوژراوه‌کانیش له‌ولا بمێنێ! شه‌ڕێکی زۆر نابه‌رابه‌ر بوو، گه‌له‌کۆمه‌کی 6 ده‌وڵه‌تی گه‌وره له به‌رامبه‌ر شۆڕشگێڕانی ڕه‌شووڕووتی زوففار! ئه‌گه‌ر ئاوری به قودره‌تی ناتۆ نه‌بایه، و هێزی زه‌وینی ئێران، شۆڕشی زوففار نه‌ده‌شکا، ئه‌وان زۆر گیان لێبردوو بوون. له لای ئه‌وان ترس مانای نه‌بوو. دوای گرتنی شاخی 88، ئه‌و شوێنه‌ی ئێمه 3 سنووری هه‌بوو 1- هه‌پ ڕوود 2- مکنه‌شه‌هان 3- سیم بان که ده‌بایه پارێزگاریمان لێی کردبایه. که دوای گرتنی شاخی 88 شوێنێکی ناوه‌ندی هه‌بوو به نێوی «ماڵستۆن Maleston» که فڕگه‌ی ته‌یاره، نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره و ته‌یار و جێی حه‌سانه‌وه و سینه‌مای هه‌بوو که تێیدا دەحه‌ساینه‌وه. زۆر جار گۆڕانیبێژی ئێرانی ده‌هاتن له‌و شوێنه به‌رنامه‌یان بۆ سه‌ربازانی ئێرانی ڕێک ده‌خست. جارێک گوگوش هاتبوو من نه‌مدیتبوو و له‌وێ نه‌بووم. جحێڵ بووم؛ زۆر بیری ئاوایی و وڵاتی خۆم ده‌کرد، چونکه له‌و 7 مانگه‌ی له‌وێ بووم هه‌تا خزمه‌تم ته‌واو نه‌بوو، نه‌هاتمه‌وه کوردستان بۆمان نەبوو ڕاستەوخۆ نامە بنووسین، تەنیا بە ئادرێسی ڕەمز نەبێ. کە ڕەمزی من(کد 175پ- هوابرد شیراز، ایرج سواک- هواپیمای هنان.)
ده‌چمه‌وه شوێنی ئاوایی
ده‌گرمه‌وه گه‌ڕی شایی.
شۆڕشگێڕێکی ژنی زوففار
ورده ورده جێ پێ به شۆڕشگێڕانی زوففار لێژ بوو، زۆرتر له‌شکه‌ری پیاده‌ی ئێران هێرشی ده‌کرد، ئه‌مریکا و ناتۆ له حه‌واڕا به بۆمباران پێگه و جێگه‌یانی تێک ده‌دا، که شوێنێک ده‌گیرا بۆ سه‌ڕافه‌تی و ڕاگرتن (پدافند) ده‌درا به له‌شکه‌ری ئه‌مریکا و ئۆردۆن، له‌و ماوه‌یه‌دا هێندێک عه‌ره‌بی فێر بووم، و پلخۆڕی ئینگلیسیشم ده‌کرد. شۆڕشگێڕانی زوففار فرۆگرام (به‌رنامه)یه‌کی ڕادۆییان هه‌موو شه‌وی سه‌عات 8 هه‌تا 9 هه‌بوو، که به فارسی به‌رنامه‌ی بڵاو ده‌کرده‌وه، که زۆر گوێبیستی دەبووین. زۆر تانه‌ی له له‌شکری ئێران ده‌دا، به‌تایبه‌ت سه‌ربازی ئێرانی که ئێوه هاتوون له وڵاتی ئێمه له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌کی ملهوڕی که‌له‌ویشک به نێوی «قابووس» ده‌که‌نه‌وه که ساڵه‌هایه ئه‌و وڵاته ده‌چه‌وسێننه‌وه، که له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وت خه‌وتووین، به‌ڵام دزی، جینایه‌ت، توندوتیژی و ناهومێدی و بێ ده‌ره‌تانی بۆته مڵۆزمی ڕۆح و ژیانمان، بۆیه ده‌ستمان داوه‌ته چه‌ک، بڕۆنه‌وه، شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ مه‌که‌ن! ئێوه وه‌ک ئێمه منداڵی ڕه‌نج و هه‌ژارین بۆ ناچن وڵاتی خۆتان ئاوه‌دان که‌نه‌وه. کۆمۆنیستی ئێران له‌گه‌ڵیان بوون زۆرتر له به‌نده‌ری عه‌ده‌ن بوون که هاوکاریان بوون، ئه‌و هه‌وایه بۆ وامژه/ ئه‌م ده‌وره چه‌ند هه‌ژارکوژه «بووداغی». ده‌وڵه‌تی ئێران به‌و ڕادۆ‌یه زۆر وه‌ڕه‌ز بوو که گوێبیستی ده‌بووین. هه‌تاکوو به ئیعلانێکی 3 لاپه‌ڕه‌یی که چاپیان کردبوو به نێو ته‌واوی له‌شکری ئێران‌دا بڵاویان کرده‌وه، که ئه‌وانه کۆمۆنیستن و تێکده‌رن، ئه‌گه‌ر سه‌ر که‌ون دزه ده‌که‌نه خاکی ئێران و وڵاتی ئێمه تێک ده‌ده‌ن!
که مێژوو پیشانی دا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران چه‌نده ساویلکه بوون، ترسی کۆمۆنیست ئه‌وانی به شه‌واره خستبوو. دونیای ڕاستیان نه‌ده‌دی به چه بارێک دا ده‌که‌وێ، که ئه‌وڕۆکه تێ که‌وتووین!
که‌ر له کوێ که‌وتووه
کونده له کوێ دڕاوه.
کونده (مه‌شکه).
له به‌هاری 1354 هه‌تاویدا دوای 7 مانگ سه‌ربازی من له به‌ره‌کانی شه‌ڕی زوففار له ناوچه‌ی سیم با ته‌واو بوو، زۆر سه‌ربازی دیکه خزمه‌تییان ته‌واو بوو، که زانییان خه‌ریکه ئه‌و ناوه‌نده چۆڵ ده‌بێ، شۆڕشگێڕانی زوففار به تۆپ و خومپاره دایانگرتین. باوه‌ڕ که‌ن شوێنێک نه‌بوو هه‌تا هێلیکۆپتێر بنیشێ و سوار بین، به زه‌حمه‌ت په‌لێکمان په‌یدا کرد و سوار بووین، هاتینه (مالستۆن Maleston). له‌وێ له‌لایه‌ن نوێنه‌ری وڵاتی عوممان و ئاجودانی تایبه‌تی سوڵتان قابووس میداڵی وه‌فا و ڕێزی ده‌وڵه‌تی عوممان به ده‌رزی له‌سه‌ر سینگمانیان قایم کرد، ده‌سه‌ڵاتی قابووس یه‌کلا ببۆوه، وه‌ک شتێک گه‌ردوونی بێ گه‌رد ده‌بێ زۆر سووڕی دیکه بخوا هه‌تا ئێمه له‌و دونیایه تێ بگه‌یێن. هیوام وایه قه‌ڵبه‌زه‌ی ژیانتان نه‌بێته کوێراو، ئه‌وه به‌شێک له بیره‌وه‌ری من له شه‌ڕی زوففار بوو.
کاڵەم دڕا، هیچم پێ نه‌بڕا.(کاڵە، جۆرێک کەوشی قەدیم کە لە چەرم دروس دەکرا).
ته‌واو: سه‌لام ئیسماعیل سورخ
آدرس کوتاه خبر: