rojanpress.ir | عه‌دنان که‌ریم مامۆستای ئاواز و عوود‌

عه‌دنان که‌ریم مامۆستای ئاواز و عوود‌

رۆژان پرێس: عەدنان کەریم لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کەرکووک لەدایکبووە و لە بنچینەدا خەڵکی گوندی ژاژڵەی سەر بە ناوچەی شارباژێڕە. بەھۆی سیاسەتی ڕاگواستن و بە عەرەبکردنی ڕژێمی بەعسەوە چوونەتە سلێمانی و ھەر لەوێ ماونەتەوە. لە ساڵی ١٩٨٥ بەشی نیگارکێشی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە.  لە ساڵی ١٩٩١دا کوردستانی جێھێشتووە.
لەساڵی ۱۹۹۱ی زانینی بۆ ماوەیەک لە شاری مەهاباد نیشتەجێ بووە و ئێستایش لە زانکۆی سلێمانی وەک مامۆستا خەریکی وانە وتنەوەیە. لەگۆرانییەکانیدا لە شێعری کلاسیک و هاوچەرخ کەڵکی وەرگرتووە.
سەرەتای کاری ھونەریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ لە گەڵ تیپی موسیقای سلێمانی بە گۆرانیی دەسماڵێ؛ پاشان لە ساڵی ١٩٨٠دا، گۆرانیی کازیوەی لە گەڵ تیپی موسیقای سلێمانی تۆمار کرد بۆ شانۆگەریی زەلکاو، کە بەرھەمێکی شانۆیی تیپی شانۆی پێشڕەوی کوردی بوو لە سلێمانی. ئەم گورانییە کە لە ئامادەکردنی دلێر ئیبراھیم و ئاوازی ئارام خەچەدوریان بوو، سەرەتایەکی باش بوو بۆ ناسینەوەی دەنگی خۆی و تایبەتمەندێتی ھەڵبژاردنی ڕەوتی ھونەری.
ساڵی ١٩٨٣، گۆرانیی شەوی تاریک و بێدەنگی تۆمار دەکات لە ئامادە کردنی ئەنوەر قەرەداغی. لە ھەمان ساڵدا پەیوەندی کردووە بە تیپی مۆسیقای نەورۆزەوە کە سەر بە تیپی موسیقای سلێمانی بوو و عوسمان محەممەد سەرپەرشتی دەکرد.
ساڵی ١٩٨٤ بە ھاوکاری تیپی موسیقای پیرەمێرد سەر بە تیپی موسیقای سلێمانی کە سەڵاح رەئووف سەرپەرشتی دەکرد، ئەم گۆرانیانەی تۆمار کرد:
ژاڵە، گوڵاڵە، ئازیزەکەم: ھەر سێ ئاوازی ھونەرمەند سەڵاح ڕەئووف و ھۆنراوەی حەسیب قەرەداغیین.
پەروانە: لە ئاوازی سەڵاح ڕەئووف و ھۆنراوەی ھونەرمەند ئەحمەد سالار.
ئەی ھاوسەرە ئازیزەکەم: لە ئاوازی ھونەرمەند غەمگین فەرەج و ھۆنراوەی بەرزان ھەستیار.
پاشان لەگەڵ تیپی موسیقای پەیمانگای ھونەرە جوانەکان ئەم گۆرانیانە تۆمار دەکات:
شەوێ ئەی شەماڵ: ئاوازی ئەنوەر قەرەداغی و ھۆنراوەی سەیدی ھەورامی
بۆ دڵ: ئاوازی عەدنان کەریم و ھۆنراوەی بێخود لەگەڵ تیپی نەورۆزدا
لە ساڵی ١٩٨٩ دا لە گەڵ ھەندێ ھونەرمەندی تردا تیپی مۆسیقای کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان دادەمزرێنن. لە ساڵی ١٩٩١ دا لە کۆڕەوە گەورەکەی کورددا بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان کەوتە ڕێ و لە شاری مه‌هاباد بۆ ماوەیەک جێگیر بوو. لەو ماوەیەدا چەندین کاری ھونەری لەگەڵ ھونەرمەندانی موسیقی ناوچەی موکریاندا ئەنجام دا وەک عود ژەن و چەندین بەرھەمی ھونەری یان بۆ ھونەرمەندانی وەک محەممەد ماملێ، محەممەد دانش، ئەحمەد ئیسلامی، ئیسماعیل شاهی و ھەندێک ھونەرمەندی تر. لە ساڵی ١٩٩٢ دەگاتە وڵاتی سوئید و درێژە ئەدا بە کاری ھونەری و یەکەم بەرھەمی لە دەرەوەی کوردستان کاسێتی «بیرتان دەکەم» بوو کە لە شاری «لیل»ی فەرەنسی تۆمار کرا و حەوت گۆرانی لە خۆ گرتبوو. لەوانە چوار گۆرانیان ئاوازی ھونەرمەند ڕزگار ئیسماعیل و گۆرانییەکانی ھەڵەبجە، کۆچ، ئازادی لە ئاوازی عەدنان کەریم خۆی بوو.
لە ساڵی ١٩٩٤–١٩٩٥ لە سوید دەچێتە بەره‌و خوێندن و بۆ ماوەی ساڵێک کورسی تەکنیکیی تۆمارکردنی دەنگ و موسیقا تەواو دەکات و ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی بەرھەمە ھونەرییەکانی بە دەستی خۆی تۆمار بکات. ساڵی ١٩٩٥ بەرھەمی ڕاز لە سەر کاسێت دەردەکات.
ساڵی ١٩٩٦ یەکەم بەرھەمی خۆی لەسەر سی‌دی بەناوی شەوی یەڵدا بڵاو دەکاتەوە کە مۆسیقای ئەم بەرھەمە لە سلێمانی لە لایەن تیپی موسیقای کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان ئامادە کرا و پاشان لە سوید ھونەرمەند عەدنان کەریم دەنگی خۆی لە سەر تۆمار دەکات.
لە ساڵی ١٩٩٩ دا ئەلبۆمی «ئەڕۆی ئۆغر» دێنێتە بەرھەم و غەمگین فەرەج ئەرکی دابەشکردنی دەگرێتە ئەستۆ.
لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆنسێرتێکی تایبەت لە ھۆڵی کۆنسێرت ھاوسی شاری ستۆکھۆلم پێشکەش دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٢ دوو کۆنسێرت لە شاری یۆتۆبۆری و شاری سوتۆکھۆڵم پێشکەش دەکات بە ھاوکاری گرووپی ئاگری زیندوو؛ ھەر لە ھەمان ساڵدا ئەلبۆمی «شنەی با» بڵاو دەکاتەوە کە گۆران کامیل و فەرھاد محەممەد و غەمگین فەرەج دابەشکردنی موسیقایان بۆ ئەنجام داوە.
لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆنسێرتی شاری لەندەن لە ھۆڵی شازادە ئێلیزابێت پێشکەش دەکات؛ ھەر لە ھەمان ساڵدا لە وڵاتی ھۆڵەند کۆنسێرتێکی تر پیشکەشدەکات.
ساڵی ٢٠٠٥ لە شاری سنە لە ھۆڵی زانکۆی کوردستان کۆنسێرتێک پێشکەش دەکات. ھەر لە ھەمان ساڵدا ئەلبۆمی تاڤگەیەک لە عیشق بڵاو دەکاتەوە. ئەم بەرھەمە بە سەرپەرشتی گۆران کامیل و ھونەرمەند حسێن زەھاوی ئەنجام درا و لە ستودیۆ بێل تۆمارکرا و بڵاو بۆوە. ھەر لە ھەمانساڵدا لە فێستیڤاڵی ئومەد لە لەندەن لەگەڵ گرووپی ئاگری زیندوودا بەشداری دەکات. ھەر لە ساڵی ٢٠٠٥ بەشدار دەبێ لە فەستیڤالی «رێ ئۆریانتال» کە ساڵانە لە شاری ستۆکھۆڵم بە بەشداری چەندین ھونەرمەندانی نەتەوەکانی دنیا ئەم فێستیڤاڵە نمایش دەکرێ.
لە ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ گروپی کامکاران ئەلبۆمی «ئەمشەو» بڵاو دەکاتەوە کە ئەم ئەلبۆمە لە تاران تۆمار کراوە. لە بەھاری ٢٠٠٧ دا لەگەڵ تارا جاف کۆنسێرتێک لە لەندەن پێشکەش دەکات. لە ھاوینی ٢٠٠٧ لەگەڵ گرووپی کامکاران چوار کۆنسێرت لە ھەولێر و دھۆک و سلێمانی و سێ کۆنسێرت لە تاران پێشکەش دەکات.
لە مانگی شوباتی ٢٠٠٨ بەشداری دەکا لە فێستیڤاڵی بانگھێشتن بۆ ئاو لە وڵاتی کێنیا. لە مانگی مایس ٢٠٠٨ لەگەڵ تارا جاف کۆنسێرتێک لە کتێبخانەی شاژنی وڵاتی دانمارک لە شاری کۆپنھاگن پێ بە سەرپەرشتی تی ڤی کوردان پێشکەش دەکەن. ھەمان ساڵ لەگەڵ ھونەرمەند تارا جاف کۆنسێرتێک لە مانجیستەر پێشکەس دەکەن. ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٩ کۆنسێرت. لە کەنەدا بە سەرپەرشتی ئوستاتد شاملو. ٢٧/٢/٢٠١٠ کۆنسێرتێک لە شاری ئۆریبرو لە سوید، پاشان ھەمان کۆنسێرت لە ١٠/٤/٢٠١٠ لە ستۆکھۆلم و ١١/٩/٢٠١٠لە یوتۆبۆری ٢/١٠/٢٠١٠ لە ئوپسالا پێشکەش دەکات. ٧ و ٩ ئوکتۆبەری٢٠١٠ لە گەڵ گروپی کامکاراند لە سلێمانی و ھەولێر پیشکەش دەکات. نوێ ترین بەرھەمی عەدنان کەریم سیدی وەفایی یە کە لەگەڵ گروپی کامکاران لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٠ بڵاو بووەوە.
ژیانی هونەری عەدنان کەریم  بە چەند بەش دابەش دەبێ؛ لە لایەک نیگارکێشی لە بەشی هونەرەجوانەکانی زانکۆ خوێندووە، لە لایەکیتره‌وە له بەشی ئامێری «عوود»یش‌ مامۆستایە و هەروەها  لە بەشی هونەری ئاواز و گۆرانیشدا جێگەیان دیارە.
عەندنان کەریم هەر لەسەرەتای دەورەی خویندنی سەرەتاییەوە (قۆناغی پێنج و شەشەم) حەزی لە نیگارکێشان بووە.  لە پۆلی حەوت بووە،  کتێبی جوغرافیا یان مێژوو لاپەڕەکانیان بڕێک سپی یان تیا بووە لەنێویدا  وێنەی مامۆستاکانی کێشاوە،  جا ئەوە خولیایەک بوو و حەزی لە وێنە‌کێشان بووە، بەڵام لە تەنیشت ئەویشەوە حەزی لە گۆرانیش بووە. جار و بار گۆرانیشی ووتووە. جا ئیدی کە لە ساڵی ١٩٨٠ کە کۆلێژی «هونەرەجوانەکان» لە شاری سلێمانی کرایەوە، بەشی مۆسیقای تێدا نەبوو کە کەعەدنان کەریم  بچێتە بەشی مۆسیقا و لەوێ درێژە بە خوێندن بدات و ساڵی ١٩٧٩ گۆرانی «دەسماڵێی»له بەغدا تۆمار کردووە. واتا وەک گۆرانیبێژێک لە نێو شاری سلێمانی ناوبانگی هەبوو و ناسراو بووە. دوای ئەوەی کە بەشی «هونەرەجوانەکان» کرایەوە، ده‌یویست بچێتە بەشی مۆسیقا، بەڵام بە هۆی نەبوونی بەشی مۆسیقا ئەو هەلە نەڕەخسا بۆی، تەقریبەن دوای دوو ساڵ بەشی مۆسیقایان کردەبوویەوە. ئەگەر بیویستایە بەشی مۆسیقای بخوێندایە، دەبوایە بۆ بەغدا بچووایە بەڵام لە بەغداش خەرجی زۆر دەبوو، چون باوکی پۆلیس بووە لە بواری ماڵیدا دەست‌کورت بوون، خەرجیی ئەوەی بۆ دابین نەدەکراوه. چونکە وەک ئەم سەردەمە نەبووە تەنیا بەشی «مۆسیقا» و «شانۆ» لە شاری بەغداد  هەبووە  و عەدنان کەریم  تەنیا دوو بژاردەی لەدەستدا بووە، لەبەر ئەوە مەجبوور  بەشی «نیگارکێشی» هەڵبژاردەوە،  بەڵام لە تەنیشت ئەویشەوە کاری مۆسیقا و گۆرانی کردووە و بە جۆرێک هەر دووکیانی  یەکڕا کار کردووە  و ئێستاش وه‌ک خۆی ده‌ڵێ حەز دەکات بچێتە سرووشت و کاری نیگارکێشان بکات، ئێستاشی لەگەڵ دابێ هەر دوو هونەرەکە گەشەی کردووە و حەز و خولیای هەردووکیانە و لێکیان هەڵ نابڕێت.لئێستاش لە زانکۆی سلێمانی لە سێ پۆلدا وانەی «ئاوڕەنگیان» بەخوێندکار ئەڵێت.
عەدنان کەریم لە تەنیشت کاری مۆسیقا و گۆرانی‌دا لە کاری نیگارکێشیش‌دا هەر بەردەوامبوو، پێشانگایشی بۆ کارەکانی خۆی  بەرێوە بردووە و تا ئێستا چەندین پێشانگای هاوبەشی لە کوردستان و ئەوروپا کردۆتەوە. هەر وەها پێشانگایەکی تایبەتیشی لە سەر سرووشتی کوردستان لەگەڵ هونەرمەند «ئاکۆ غەریب» کردۆتەوە. دوای ئەوەش سێ پێشانگای تری لەگەڵ هونه‌رمه‌ند ڕێبوار سەعید کردووەتەوە.
کاتێک بۆ یەکەم جار ڕووبەڕوو بووتەوە لەگەڵ سازی «عوود» یەکسەر خولیای ئەو سازە بووە و یەکەم جار ساڵی 1987 که خێزانی پێک هێناوە ، ئیدی «عوود»ێکی خراپی دەسکەوتووە، چوونکە نەیبووە، ئەدی کەم‌کەم عوودەکەی چاک کردووەتەوە و سیمی بۆ کڕیوە و هەموو ڕۆژێ خۆی لەگەڵ مەشغووڵ کردەوە و هەموو کاتێک لەخۆی پرسیاری کردووە کە پەنجەکانی کوێن و ئەوە چ تۆنێکە و بە دەم پرسیارکردنەوە خۆی ڕا هێناوە و توانیویەتی بە ئامێری «عوود»ەوە چەند ئاهەنگێک بژەنێت. وردە وردە پەرەی پێداوە و هەموو ڕۆژێ تەمرینی کردووە کە چاکتر فێری «عوود» بێبێت.
عەدنان کەریم لە سەر فێرکاری عوود برادەرێکی هەبووە نێوی «عەزیز» بووە، لە سلێمانی «مام‌عەزیزیان» پێ ووتووە، ئەسڵی «عوود» ئەو پێی گووتووە کە چی بکات و سەرەتا پەنجەکانی چۆن دانێ و چۆن دانەنێت، ئیتر خۆی بەرە بەرە پەرەی پێداوە.
مامۆستا عەدنان وەک هونەرمەندێک کە دەرد و ئازاری میلەتیان دیوە و دەرکیان کردووە و لەگەڵیشی هەستاونەتەوە، چوونکە، بەتایبەت لە کۆڕەوە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١ کە لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا، ئێستا وەک هونەرمەندێک کە لە بەشی هونەری‌دا ئێش دەکات و وێنەی زۆریان  لەو ڕۆژەی کەخەڵک بەڕەو ڕۆژهەڵات هەڵهاتن لە زەینیاندا هەیە ئەگەر بیر لەو ڕۆژە بکەنەوە، زۆر شتێیان وەبیر دێتەوە و ئەوە هەموو کاریگەرییەکانی ئەو ئێش و زامانەن کە بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەوە بگرە تا ئەنفال و کۆڕەو و...، ئەمانە بابەتێکی گرینگن کە دەبنە خەمێکی گەورە بۆ عەدنان کەریم. ئەوانە بۆ مامۆستا عەدنان کەریم  دەبنە بەرهەمێکی جوان، بەرهەمێک کە بە زیندوویی دەمێننەوە. هەر بۆیە ئەو کارەساتانە کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە، بۆیەش توانیویەتی  کە ئاهەنگ و گۆرانی بۆ ئەو یادانە دابنێت.
مامۆستا عەدنان کەریم  کەسێکە کە توانیویەتی ئاهەنگ دابنێت و ئاهەنگ و هۆنراوە و گۆرانییەکانی خۆی دا بنێت و کەمترین ئاهەنگی کەسی دیکەی بەکار هێناوە، لەبەر ئەوە عەدنان کەریم بۆخۆی باشتر لە ئازارەکانی خۆی تێگەیشتووە کە چۆن بتوانێ دەری ببڕێت. عەدنان کەریم نێوانی لەگەڵ شێعر زۆر جوان بووە و  شێعری شاعیرانی کلاسیک و نوێیان کردووەتە گۆرانی.

هێندێک جار کە سەیری سرووشت دەکەم  و سەیری خۆشەویستی خەڵک و نیشتمان دەکەم  چاوم پر دەبێت لە ئاو...

شێعر بۆ عەدنان کەریم بەشێکی گەورەی ژیانە، چونکە لە بەشی شێعری شاعیرانی کلاسیک و هاوچەرخەوە کاری بۆ کردوون. هەرگیز  ئاهەنگێکی دانەناوە بەبێ شێعر بێ، بۆیە هەموو کات لە شێعر کەڵکی وەرگرتووە. پێش ئەوە ئاهەنگ بۆ شتێک دابنێت، شێعرەکەی هەڵبژاردووە و دەبێ بزانێت قووڵایی شێعرەکه له کوێدایه. لە شێعری شاعیرانی هاوچەرخیشدا لە چەندین شێعری شاعیران وەک «عەبدووڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، جەماڵ خەمبار، دلاوەر قەرەداغی، بەختیار عەلی، سوارە ئێلخانی‌زادە» و زۆر یەک لەو شاعیرە هاوچەرخانەی‌تر کە عەدنان کەریم ئاوازی بۆ شێعری ئەوان داناوە. لە شێعری شاعیرانی کلاسیک‌یش‌دا لە شێعری «نالی، وەفایی، سالم، حەمدی، مەحوی، کوردی، گۆران، پیرەمێرد، تاهیربەگی جاف» و زۆر لە شێعری شاعیرانی تری کەڵکی وەرگرتووە و کردوویەتی بەگۆرانی و ووتویەتەوە.

مه‌هاباد وه‌ک ئه‌زموونێکی گه‌وره
مامۆستا عەدنان کاتێک کە لە مەهاباد بوون، لەگەڵ کاک محەممەدی ماملێ و کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی دی کاریان کردووە و لە ئەوەڵی بەهاری ساڵی ١٩٩١ هەتا کۆتایی پایزی ئەو ساڵە ئەو لە مەهاباد مامەوەتەوە و دوای ویش بەرەو سنوور ڕۆیشتووە و پەڕیوەی هەندەران بووە.
کارکردنی لەگەڵ کەسێکی وەک «محەممەد ماملێ» ئەزموونێکی زۆر گەورە بووە بۆی. محەممەد ماملێ هونەرمەندێکی گەورە و بەشەخسییەت بووە کە عەدنان کەریم لە خزمەتیان فێری هونەری باڵا و ئەخلاقیاتی هونەرمەندی بووە و بە گشتی هونەرمەندانی ئەو شارە کەسانی زۆر بەڕێز و خۆشەویستن، عەدنان کەریمیش  بەپێی توانا، ئەو ماوەیە کە لەوێ بووە توانیویەتی یارمەتی ئەوان بدات و لەوانیشەوە فێری زۆر شت ببێت و بۆ مامۆستا عەدنان کەریم  ئەزموونێکی زۆر باش بووە.
عەدنان کەریم سەبارەت بە «تابڵۆ موزیکاڵی هەڵەبجە» کە لە مەهاباد بەڕێوەچووە، ئاوا باسی لێوە کردووە:
ئەو کۆنسێرتەی  لە ساڵی ١٩٩١ لە لایەن «ڕەشید فەیزی‌نیژاد» بەڕێوە چووبوو و لەوێدا «سەرتیپ ئەحمەد» بەڕێوەبەری دووهەم بووە،  چونکە کاری ئەو کۆنسێرتە زیاتر کاک «سەرتیپ ئەحمەد» نووسیویەتیەوە و موزیک‌ژەنەکانیش، هینی ئەو دیو (باشوور) بوون و زۆر یەک لە هونەرمەندانی ئێرەش بەتایبەت (ڕۆژهەڵات) بەشداری بوون. کۆنسێرتەکەیش جێبەجێ کرا، گۆرانیبێژەکانیش کاک ئەحمەد ئیسلامی، کاک محەممەد دانیش و ڕەشید فەیزینیژاد بوون و عەدنان کریمیش ئەو کاته تابڵۆیەکی گەورەی بۆ یادی کۆڕەوەکە کێشابوو و لە شوێن سینەمای ئەو کاتە پێشان درا و هەر لەوێش دانراوە کە درێژی ٥ میتر و بەرزیشی ٢ میتر بووە. عەدنان کەریم نازانێت دوای ئەوەی کە لە مەهاباد نەماوە ئەو تابڵۆیە چی لێهاتووە  و پێی خۆشە بزانێت کە ئایا ئەو تابڵۆیە ماوە یا نەماوە. جارێک لە مامۆستا عەدنان پرسیاریان کردووە کە دوای ساڵانێک کە بۆ مەهاباد گەڕایتەوە و لەگەڵ گرووپی سەمفۆنیکی فیلارمۆنیکی مەهاباد کۆنسێرتتان بەڕێوەبردووە و  پێتان وابوو  مەهاباد لە بواری موزیکەوە توانیویەتی پێشکەوتنی زۆر بەخۆیەوە ببینێت. عەدنان کەریمیش ووتوویەتی: لە ڕاستیدا بیست‌وحەوت ساڵ بەر لە ئێستا موزیک‌زان لەو شارەدا زۆر کەم بوو، بەڵام ئێستا کە ئەو هونەرە بەرزە دەبینم، دەبینم گرووپێکی ڕێک‌وپێک بە ڕێبەرایەتی و ئازایەتی ڕێزدار «کاوە فەقێ‌زادە» پێک هاتووە زۆری پێ دڵخۆشە و ئەوەی کە ئەو مۆسیقایەی ئەو ئامادەی دەکات، دەتوانم بڵێم تا سەر ئێسقان کوردییە، چون دەتوانم بڵێم موسیقی‌زانێکە کە لە بەند و باوی کۆن‌ و فۆلکلۆری کوردی‌دا شارەزایە و بە گشتی ئەو بەشە فۆلکلۆرانەی کە لە مۆسیقای کوردی‌دا هەیە، ئەگەر بێت و ئاهەنگ‌سازێکی گەورە بتوانێ شارەزایەکی باشی لە فۆلکلۆری کوردی‌دا هەبێت دەتوانێ ڕێنجی گۆرانییەکان و مۆسیقاکان مۆرکی کوردی بپارێزێ. لەبەر ئەوە بوونی ئۆرکێسترای موکریان بۆ من مایەی خۆشحاڵییە، چون ئەوەی من پێشکەشم کرد، مۆسیقاکەی تا سەر ئێسقان کوردی بوو. هیوادارم هەمیشە بەردەوام بن. و ئەڵێت خێزانی مەهاباد زیاتر هەوڵ و تەقەلا بدەن منداڵەکانیان فێری موسیقا بکەن، پارێزگاری لەم ئۆرکێسترە بکەن، چونکە ئەم ئۆرکێسترە وەک منداڵێک خۆشەویستی شارە، هەر شارێک کە گرووپێکی ئۆرکێستی تێدا بێ، مەعنای ئەوەیە ئەو شارە، شارێکی موتەمەدین و پێشکەوتووە.
مامۆستاعەدنان کەریم تەنیا هونەرمەندێکە کە لە دوای مامۆستایان «تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان و ماملێ» کە توانیویەتێ مەقامی کوردی بپارێزێت و بۆ ئەوەی کە ئەو ڕساڵەتە بۆ نەوەی نوێ ڕابگۆێزن و هەوڵ و تەقەلای زۆریان داوە. عەدنان کەریم ووتوویەتی: لە ڕاستیدا ئەوە شانازییەکە کە خەڵک بە منی بەخشیوە، بۆخۆم ئێستاش بەدوای ئەوەم کە بەدوای زانین و فێربوون بکەوم، ئەوە باشی و خۆشەویستی خەڵکە کە ئەو شانازییەیان بە من بەخشیوە، لە حاڵێک‌دا من ئەوە هەر لە حاڵی فێر بوون دام. گرینگە کە نەوەی نوێ ئەو هونەرمەندانە بناسێ. وەک هەوێنێک، چۆن ماست هەوێنی نه‌بوو نابێتە ماست، هونەری کوردیش ئەگەر بێتوو ئەو هونەرمەندانەی تێدا نەبێ، نابێ بە هونەری کوردی، دەبێ هەمیشە گوێ بدرێنێ. نەسلی تازە دەبێ لەوانه بگرن و لەوانە‌وە فێر بن.
کارەهونەریەکای عەدنان کەریم بریتین لەمانە: ساڵی ۱۹۹۳، کاسیەتی (بیرتان دەکەم، دیاری، هەڵەبجە، پایز، گەرومیشوومه، سەبری، بیرتان دەکەم، کۆچ، نەرمێ، خۆشەویستەکەم، بەرەوئازادی) کاسیەتی ڕاز ۱۹۹٥ (ڕاز، هەستێک، لەنجە، نیگا، بەرەو ئاسۆ، دەفتەری سینه، گوڵاڵەسوورە، کوردستان، بۆ دڵ) کاسیەتی شەوی یەڵدا ۱۹۹٦(دزەنیگا، شەوی یەڵدا، هەی نارێ، خوەدەرخە، یادەکانت، تکا، حاڵی دەردم، یادیان وەخێر، کۆچێکی ناوەخت) ئەڕۆی ئۆغر (١٩٩٩) (چاوی مەخموری، ئەڕۆی ئۆغر، باخچەگوڵان، ماهی، وێستگەی غەریبی، چەهچەهەی بولبول، ئامینێ)
کۆنسێرتی سوید (٢٠٠٢) - گرووپی موسیکی ئاگری زیندوو، دەسماڵێ، بۆ دڵ، دەف ژەنین - حسەین زەھاوی، نارین-زمانەـ بایادمکەـ زولفی تاری، زارا، چاوی مەخموری، لەسەر چڵان، شنەی با (٢٠٠٢) وەک ڕۆژ، شنەی با، پەیامی من، ئەستێرەی ئاوات، لەغوربەتا، بەگریانم، نمەی باران، دڵی سەوزم، حەنایی کردووە، لەکەشتی عەقڵدا، سازی ئاوارە، ئەمشەو (٢٠٠٦) - لەگەڵ کامکاران، بای نەسیم، دڵی من، نازداران، چاوەڕوانی، ئەمشەو، کە ئەو جوانە، گیان گیان، بەلەنجە، نەکی، تاڤگەیەک لەعیشق
مەی گێڕ، سۆزی دڵ، زەمانە، کنێ، ناری فیراق، زوڵفی تاری، هەوری بەهار، زارا، نەورۆز، دەسماڵێ
وەفایی (٢٠١٠)، ڕێشەی دڵ، خەندەی گوڵ، هیجری تۆ، لەرزانێ، ناڵەی بولبول، ئەم دڵەم، یادی جاران، نەشئەی بادە، خاتوون (٢٠١١)، خاتوون، لەبەردەرگە، دارستانی سووتاو، دەگەران، جوانیت، ئاواتێک، چاوەڕوانیت، بادەی گوڵڕەنگ (٢٠١٢)- دەروازەیەک بۆ ناسینی مەقامی کوردی
ئەو شار، ساقی، خورشیدی، حیجاز، ئەڵڵا وەیسی، چوارگا ، ئای ئای، خاوکەر (قەتار)

مامۆستا عەدنان وەک هونەرمەندێک کە دەرد و ئازاری میلەتیان دیوە و دەرکیان کردووە و لەگەڵیشی هەستاونەتەوە، چوونکە، بەتایبەت لە کۆڕەوە گەورەکەی ساڵی ١٩٩١ کە لە باشوورەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا، ئێستا وەک هونەرمەندێک کە لە بەشی هونەری‌دا ئێش دەکات و وێنەی زۆریان  لەو ڕۆژەی کەخەڵک بەڕەو ڕۆژهەڵات هەڵهاتن لە زەینیاندا هەیە ئەگەر بیر لەو ڕۆژە بکەنەوە، زۆر شتێیان وەبیر دێتەوە و ئەوە هەموو کاریگەرییەکانی ئەو ئێش و زامانەن کە بەسەر مرۆڤی کورددا هاتووە، لە کیمیابارانی هەڵەبجەوە بگرە تا ئەنفال و کۆڕەو و...، ئەمانە بابەتێکی گرینگن کە دەبنە خەمێکی گەورە بۆ عەدنان کەریم. ئەوانە بۆ مامۆستا عەدنان کەریم  دەبنە بەرهەمێکی جوان، بەرهەمێک کە بە زیندوویی دەمێننەوە. هەر بۆیە ئەو کارەساتانە کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە، بۆیەش توانیویەتی  کە ئاهەنگ و گۆرانی بۆ ئەو یادانە دابنێت.

گوڵی نازدار (٢٠١٣) (کزەی دەروون، چاوەکەم، ئارامی دڵ، ئاگری عەشق، منی عاشق، ئاه وئاڵە، کچی بەیان، خەمی تۆمە، فەسڵی گوڵان
بادەی گوڵڕەنگ ٢ (٢٠١٥) (بایات، سوخمەی کۆن، دەشتی، بەزولف و ڕوخسار، ڕەست، تۆزەتۆزە، هۆمایون، بەرەو ئاسۆ، سەفەر، نووری بادە)
حەبیبە (٢٠١٧) (مانگی ڕوخسار، نەسیمی ئاوەن، حەبیبە، مەست، دڵی خەمبار، ڕۆحی ڕەوان، ڕۆژی تەرەب، کێ دڵی نیشتمانی شکاند)
شەوبا (٢٠١٩) گریانی نیوەی شەو، عیشق و ئازادی، عەزیزم ـ گۆمی خوێن.
عەدنان کەریم ئەڵێت: سەردەمی پێشوو کە ئیمکانات کەم بوو هونەرمەندان هەمیشە چەندین کاریان دەدا دەرێ و بە باشی کاریان دەکرد، بەڵام لە دۆخی ئێستادا کە دۆخەکە بە نیسبەت ڕابردوو باشترە و ئیمکانات زۆرترە، کاری هونەری کەمترە.
من ناتوانم کە ئەوە چون هونەرمەندێک کە لە کوردستان‌دا کار دەکات یان ناکات دەلیل و بەڵگەی خۆی هەیە، جا بۆیە ناتوانم بڵێم کە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە و ئەوەی کە بەو کارە کارێکی خراب دەکەن یان کارێکی باش دەکەن. چون من مامۆستای کەس نیم، چون هەر هونەرمەندەێ دەلیل و خەمی خۆی هەیە، منیش ڕێز لە خەم و ئازار و دەلیلەکانی ئەوان دەگرم و ئەڵێت من تا له دنیا مابم بەهونەرەکەم خزمەت نیشتمانەکەم دەکەم.
هێندێک جار کە سەیری سرووشت دەکەم  و سەیری خۆشەویستی خەڵک و نیشتمان دەکەم چاوم پر دەبێت لە ئاو.

سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژان چاپی سنه/ ژماره 571
10 اسفند 1400, 14:24
بازگشت